پارێزەری تایبەتی جۆو بایدن دەڵێت، FBI ڕۆژی چوارشەممە لە شوێنێ پشووی سەرۆک بایدن لە شاری ڕۆهابا بیچ لە ویلایەتی دێلوێر بە دوای بڵگەنامەی نهێنیدا گەڕاون، وەک بەشێک لە لێکۆڵێنەوەکانیان لەسەر چۆنیەتی مامەڵەکردنی بایدن لەگەڵ بەڵگەنامە ئاسایشییەکانی ئەمەریکا پاش ئەوەی لە ساڵی 2017 پۆستی جێگری سەرۆکی کۆتایی پێهات.
پارێزەر باب باوەر، لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند گەڕان لەو ماڵە شین و سپییەی کە لە سێ نهۆم پێکهاتووە "پلانی بۆ دانراوە" و بووە و بە "پشتیوانی و هاوکاری تەواو"ی بایدن ئەنجام دراوە.
باوەر وتی بەپێی " ڕێکارە ئاساییەکانی وەزارەتی داد بۆ بەرژەوەندی ئاسایشی کارکردن و متمانە، هەوڵیدا ئەم کارە بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەختەی گشتی ئەنجام بدات، و ئێمە ڕێککەوتین لەسەر هاوکاریکردن. گەڕانەکە [ لە ڕۆژی چوارشەممە] هەنگاوێکی دیکەیە لە پرۆسەیەکی سەرتاسەری و وردی وەزارەتی داد و ئێمە بەردەوام دەبین لە پشتگیریکردن و ئاسانکاری تەواو. لە کۆتایی گەڕانەکەی ئەمڕۆدا زانیاری زیاترمان دەبێت."
گەڕانەکە لە ماڵەکەی بایدن لە نزیک زەریای ئەتلانتیک دوای گەڕانەکانی پێشووتر دێت کە یاریدەدەرانی بایدن لە کۆتایی ساڵی ڕابردوودا کۆمەڵێک بەڵگەنامەیان دۆزیەوە کە نیشانەی نهێنییان لەسەر بوو لە ڕێکخراوێکی توێژینەوەی واشنتۆن، سەنتەری پێن بایدن بۆ دیپلۆماسی و بەشداریکردنی جیهانی، کە بایدن ناوبەناو دوای ئەوەی خولی جێگیر سەرۆکایەتی کۆتایی پێهات لەوێ کاری دەکرد و لە شوێنی نیشتەجێبوونی تایبەتی سەرەکی خۆی لە ویلمنگتۆن، دێلوێر.
کۆشکی سپی لەو کاتەدا گوتی هیچ بەڵگەنامەیەکی تری نهێنی لە ماڵەکەی لە ڕۆهابا بیچ نەدۆزراوەتوە.
گەڕانەکەی FBI لە شوێنی پشووەکاندا دوای گەڕانێکی چڕ و پڕ و 13 کاتژمێری دێت لە 20ی 1 لە شوێنی نیشتەجێبوونی لە ویلمنگتۆن، کە لەوێ ئەو بەڵگەنامانەیان دۆزییەوە کە نیشانەی نهێنییان لەسەرە و دەستیان بەسەر هەندێک لە تێبینییە دەستنووسەکانی بایدنیشدا گرت.
بەگشتی نزیکەی 20 بەڵگەنامەی نهێنی یان زیاتر لەلایەن پارێزەرانی بایدن یان کارمەندانی FBI لە ئۆفیسی واشنتۆن و ماڵەکەی لە ویلمنگتۆن دۆزراونەتەوە.
گەڕانەکەی مانگی یەک پاش ئەوە بوو کە وەزیری دادی ئەمەریکا مێریک گارلاند ڕابەرت هور، داواکاری گشتی دەستنیشان کرد بۆ لێکۆڵینەوە لە مامەڵەکردنی بایدن لەگەڵ ئەو بەڵگەنامە نهێنییەکاندا، چەند مانگێک دوای دەستنیشانکردنی جاک سمث ، بۆ لێکۆڵینەوەکردن لە نزیکەی 320 بەڵگەنامە کە نیشانەی نهێنییان لەسەرە و لە ماڵی دانۆڵد ترامپ سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا لە فلۆریدا دۆزرایەوە.
مانگی ڕابردوو مایک پێنس جێگری ترامپ، گوتی هەندێک بەڵگەنامەی نهێنی لە ماڵەکەی لە ئیندیانا دۆزراوەتەوە.
بەپێی یاسای ئەمەریکا، هەر سێ بەرپرسەکە پێویست بوو بەڵگەنامەکان ڕادەستی بەڕێوەبەرایەتی ئەرشیف و تۆمارە نیشتمانییەکان بکەن کاتێک ماوەی پۆستەکانیان کۆتایی پێهاتووە.
بایدن و پارێزەرەکانی هەوڵیانداوە لێکۆڵینەوەکە بە گرنگ وەرنەگرن و ئاماژە بەوە دەکەن کە ژمارەیەکی کەم لە بەڵگەنامەکان بە هەڵە لەوێ دانراون.
ترامپ تەنها بە دوودڵی دەیان بەڵگەنامەی ڕادەستکرد دوای ئەوەی دوو ساڵ لەمەوبەر پۆستەکەی بەجێهێشت و چوو بۆ هاوینە هەواری مار-ئە-لاگۆ، دواجار حکومەتی ناچارکرد فەرمانی گەڕان و پشکنینی پەسەندکراوی دادگا دەستەبەر بکات، چونکە گومانی ئەوەی هەبوو ترامپ هەموو بەڵگەنامە نهێنییەکانی نەگەڕاندبێتەوە.
لە مانگی هەشتدا FBI نزیکەی 100 بەڵگەی تری لە ماڵەکەی دۆزییەوە.
ڕاپۆرتی کێن برێدێمایەر- دەنگی ئەمەریکا