چەند یاسادانەرێکی دیموکراتەکان ڕۆژی یەکشەممە ڕەخنەیان لە شێوازی مامەڵەکردنی سەرۆک جۆ بایدن لەگەڵ بەڵگەنامە نهێنییەکاندا کرد پاش دۆزینەوەی چەند بەڵگەنامەیەکی کە هێمای بەڵگەنامەی نهێنیان لەسەرە.
سیناتۆر دک دوربن لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ بەرنامەیەکی کەناڵی سی ئێن ئێن گوتی پێویستە بایدن "شەرمەزار بێت لە دۆخەکە."
دوربن وتی لەکاتێکدا نە بایدن و نە دانۆڵد ترامپ سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا نەدەبوو خاوەنی بەڵگەنامەی نهێنی بن، بەڵام "ئەوەی ڕوویدا و ئەوەی بەدوایدا هات جیاوازییەکی بەرچاوی هەیە."
پارێزەری بایدن ڕۆژی شەممە ڕایگەیاند، FBI شەش بەڵگەنامەیان لە ماڵی بایدن بردوو کە بەڵگەنامەکان هێمای نهێنییان لێدراوە، ئەمەش دوای دۆزینەوەی بەڵگەنامەکانی پێشتر کە مێژووەکەیان دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی بایدن وەک جێگری سەرۆک کۆمار کە لە ئۆفیسی پێشووی خۆی لە سەنتەری پێن بایدن لە واشنتۆن دۆزرایەوە.
وەزارەتی داد دەڵێت ترامپ سەدان تۆماری نهێنی لەگەڵ خۆیدا بردووە دوای کۆتایی هاتنی ماوەی سەرۆکایەتییەکەی لە ساڵی 2021، هەروەها ناچاربووە فەرمانی گەڕان بەدەستبهێنێت بۆ وەرگرتنەوەیان دوای ئەوەی ترامپ بەرەنگاری داواکارییەکانی حکومەت بووەوە بۆ گەڕانەوەیان.
دوربن ڕۆژی یەکشەممە گوتی "ڕوودانی هەریەک لەمانە جێگەی تووڕەییە،" ئاماژەی بەوەشکردووە، “بەڵام کاردانەوەی سەرۆکی پێشوو و سەرۆکی ئێستا زۆرجیاوازە."
بایدن لە سەرەتای ئەم مانگە بە پەیامنێرانی گوت تیمەکەی " هەندێک بەڵگە نامەیان دۆزیوەتەوە کە لە شوێنی هەڵە دانرابوون" و دەستبەجێ ڕادەستی بەشە پەیوەندیدارەکان کراون."
سیناتۆر جۆو مانچن لە بەرنامەی "Meet the Press" ی کەناڵی ئێن بی سی لە ڕۆژی یەکشەممە گوتی سەختە باوەڕ بەوە بکرێت کە هەردوو بایدن و ترامپ لە دۆخێکی لەو شێوەیەدان، و پێویستە لێکۆڵینەوەکانی لێکۆڵەری تایبەت تەواو بکرێن پێش ئەوەی پەلە بکەن لە بڕیاردان.
ئەو گوتیشی " ئایا یەکێکیان مەترسیدارترە؟ ئایا هەردووکیان وەکو یەکن، ئەمە بووەتە هۆیکاری کێشەیەک، یان یەکێکیان لەیەکێکی تریان نابەرپرسیارترە؟ ئەمانە ئەو پرسیارانەن من ناتوانم وەڵامیان بدەمەوە، بەڵام پێم وابێت لێکۆلەری تایبەت باشتر دەتوانێت وەڵام بداتەوە لە سیاسەتمەداران و بازنەی سیاسی."