Accessibility links

دۆزینەوەی بەڵگەنامەی نهێنی حکومەت لە ئۆفیسێکی جۆو بایدن ئاشکرا دەکرێت


سەرۆک بایدن دەڵێت ئەوکاتەی پێیان ڕاگەیاندووە ژمارەیەک بەڵگەنامەی نهێنی حکومەت لە یەکێک لە ئۆفیسەکانی پێشتریدا دۆزراوەنەتەوە "سەری سوڕما" و دەشڵێت تیمە یاساییەکەی هاوکارییەکی تەواوی دەزگا بەرپرسەکان دەکەن.

سەرۆک بایدن نکوڵی لە دۆزینەوەی ئەو بەڵگەنامانە ناکات و بە وردی باسی کرد چۆن ئەو بەڵگەنامە نهێنیانە لە ئۆفیسەکەی پێشوویدا دۆزراونەتەوە و جەختیشی کردەوە لەوەی زۆر بە ڕژدی ئەم دۆسێیە وەردەگرێت

لێدوانەکەی سەرۆک بایدن لە وەڵامی پرسیاری پەیامنێرێکدا بوو هاوکاتی کۆنفرانسە هاوبەشە ڕۆژنامەوانییەکەی درەنگانێکی ڕۆژی سێشەممە لەگەڵ ڕێبەرانی مەکسیک و کەنەدادا کردی.

سەرۆک بایدن دەڵێت "کاتێک پارێزەرەکانم خەریکی چۆڵکردنی ئۆفیسەکەم بوون لە زانکۆی پێنسلڤانیا و خەریکی دانانی ئۆفیسێک بوون بۆم لە کۆنگرێس کە بۆ چوار ساڵ بەکارم دەهێنا ئەوکاتەی جێگری سەرۆک بووم. من پرۆفیسۆربووم لە زانکۆی پێنسلڤانیا، ئەو کاتە هەندێک بەڵگەنامەیان لە سندوقێکدا دۆزییەوە لەو ئۆفیسەمدا و دەستبەجێ زانییان ژمارەیەک بەڵگەنامەی زۆر نهێنی لەو سندوقەدا بووە."

سەرۆک بایدن جەخت دەکاتەوە لە هاوکاریکردنێکی تەواوەتی دەزگا بەرپرسەکان و دەشڵێت هیچ زانیارییەکی نییە لەسەر ناوەڕۆکی ئەو بەڵگەنامانەی لە ئۆفیسەکەیدا بوون و پارێزەرەکانیشی هەموو ڕێکارێکی یاساییان گرتۆتەبەر، ئەمە بێ لەوەی دەشڵێت هەر نەیزانییوە زانیارییەکانی ناو ئەو بەڵگەنامانە چین و چی نین.

سەرۆک بایدن دەڵێت "ئەوەی پێویست بوو پارێزەرەکانم کردیان؛ دەستبەجێ پەیوەندییان کرد بە دەزگای ئەرشیفی نیشتمانییەوە و بەڵگەنامەکانیان گەڕانەوە بۆ ئەو دەزگایە. سەرم سوڕما کە پێیان وتم هەندێک بەڵگەنامەی حکومەت براونەتە ئەو ئۆفیسە، لەگەڵ ئەوەشدا کە نەمدەزانی چی لەو بەڵگەنامانەدا هەن، پارێزەرەکانم پێشنیازیان نەکرد کە بزانم چییان تیادا بووە، و سندوقەکانیان گەڕاندەوە و هاوکارییەکی تەواوەتی پێداچوونەوەکانیش دەکەن و هیوادارم بەم زووانە تەواوبێت و ئەوجا وردەکاری زیاتر باس دەکرێت."

پێشتر سەرۆک بایدن ڕووبەڕووی ڕەخنەیەکی زۆری کۆمارییەکان بووەوە پاش لێکۆڵینەوەکەی ساڵی پاری وەزارەتی داد لەسەر ئەو بەڵگەنامە نهێنیانەی لە ماڵەکەی دانۆڵد ترامپ سەرۆکی پێشووی ئەمەریکادا دۆزرانەوە لە ستانی فلۆریدا

بەپێی ڕای چاودێر جیاوازی هەن لە نێوان ئەم دۆسێیەی بایدن و ترامپدا و ئاماژەدەکرێت بەوەی دانۆڵد ترامپ بە هەزاران بەڵگەنامەی لای خۆی هەڵگرتووە و سەدان بەڵگەنامەشیان مۆری لێدرابوون کە بەڵگەنامەی نهێنین و بۆ زیاتر لە یەک ساڵ لای خۆی هێشتبوونیەوە لە ماڵەکەی ستانی فلۆریدادا و شتێکیش نەبووە بە خواستی خۆی بیانگەڕێنێتەوە بۆ دەزگای ئەرشیفی نیشتمانی هەرچەندە ئەم دەزگا گرنگە لە ئەمەریکا چەندان جار داوای گەڕانەوەی ئەو بەڵگەنامانە کردبوو لە دانۆڵد ترامپ سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا.

XS
SM
MD
LG