Accessibility links

وتەبێژی پارتی ئازادی: ئێران فشاری خستووەتە سەر عێراق تا هێزەکانمان لە میحوەری پردێ دووربخرێنەوە


بەپێی زانیارییەکانی بەرپرسان، حکومەتی عێراق لە ڕێگەی هەرێمی کوردستانەوە، فشاری خستووەتە سەر پارتی ئازادی کوردستان کە هێزێکی کوردی ئۆپۆزسیۆنی ئێرانە، تا هێزەکانیان لە میحوەری پردێی سنوری کەرکوک دوور بخەنەوە، لە کاتێکدا ئەو هێزە ماوەی 9 ساڵە لە سنوری کەرکوکدا بارەگا و خاڵی سەربازییان هەیە.

بەرپرسانی پارتی ئازادی کوردستان، هەوڵەکان بۆ دەرکردنی هێزەکانیان لە میحوەری پردێ ی رۆژهەڵاتی کەرکوک، بۆ فشاری ئێران لەسەر عێراق دەگێڕنەوە، بە تایبەت کۆتایی ساڵی ڕابردوو، دووجار بنکە و بارەگاکانیان لەو ناوچەیە لەلایەن ئێرانەوە هێرشیان کراوەتە سەر.

خەلیل نادری، وتەبێژی پارتی ئازادی کوردستان کە پارتێکی رۆژهەڵاتی کوردستانە، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند"سەرۆک وەزیرانی عێراق پەیامی ئەوەی بە هەرێمی کوردستان گەیاندووە، گەر هەرێم و عێراق وەکو نەیار رەفتار ناکەن، با سەنگەرگیری لەبەرانبەر یەکتری نەمێنێت، فشارەکە زیاتر بۆ ئەوەیە هێزەکانی ئێمە لە پردێ نەمێنێت."

هاوکات لەگەڵ بۆمبارانکردنی بنکە و بارەگاکانی کۆمەڵە و دیموکرات لە ناوچەی زرگوێزی سلێمانی و دەوروبەری شاری کۆیەی پارێزگای هەولێر، لە ڕۆژی 28/9 ی ساڵی رابردوو، ئێران بنکە و بارەگاکانی پارتی ئازادیشی لە میحوەری پردێ بۆمبارانکرد.

هەروەها لە ڕۆژی 22/11 ی ساڵی 2022 جارێکی تر بنکە و بارەگاکانی ئەو پارتە لەسنوری پردێ کەوتەوە بەر هێرشی ئێران، لە هەردوو هێرشەکەدا، 9 پێشمەرگەیان کوژراو 22 پێشمەرگەی تریان برینداربوون، ئەمە جگە لە خاپوور بوونی خاڵە سەربازییەکانیان.

خەلیل نادری، وتیشی " ئێران فشاری خستووەتە سەرعێراق، تا هێزەکانی ئێمە لە میحوەری پردێ نەمێنن، ئەم پەیامە گەیەنراوەتە بەرپرسانی هەرێم و ئاگادارین."

دەنگی ئەمەریکا چەند جارێک پەیوەندی بە ئەحمەد سەحاف، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراقەوە کرد بۆ وەرگرتنی هەڵوێستی لایەنی عێراقی لەسەر ئەم بابەتە، بەڵام هەتا ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە وەڵامی نەداوەتەوە.

پێشتر محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیری عێراق، لە وتارەکەیدا لەو کۆنفرانسە تایبەتەی لەسەر ڕەوشی عێراق بوو لە عەمان پایتەختی شانشینی ئوردون، جەختی کردەوە لەوەی هەرگیز ڕێگە نادرێت هیچ لاینەێک لە ناو خاکی عێراقەوە ببنە مایەی هەڕەشەو مەترسی بۆ سەر وڵاتانی دراوسێی عێراق.

لەکاتێکدا هەندێک زانیاری لەبەردەستدان لەسەر جێهێشتنی میحوەری پردێ لەلایەن هێزەکانی پارتی ئازادی کوردستانەوە، بەڵام بەرپرسانی ئەو هێزە زانیارییەکان ڕەتدەکەنەوە و لێدوانی ڕوونیش لەبارەی ئایندەی هێزەکەیانەوە لەو ناوچەیە نادەن.

رێباز شەریفی، وتەبێژی سوپای میللی کوردستانی باڵی سەربازی پارتی ئازادی، بە دەنگی ئەمەریکای وت"تا ئێستا بڕیارەکە نەگەیشتووەتە ئێمە بۆ جێهێشتنی میحوەری پردێ."

بوونی هێزەکانی پارتی ئازادی کوردستان لە سنوری کەرکوک دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی شەڕی داعش، کە لە ساڵی 2014 ەوە لەو پارێزگایە بوونیان هەیە و لە ناوچەکانی رۆژاوای کەرکوک شانبەشانی پێشمەرگەی هەرێم خاڵی سەربازییان هەبووە، بەڵام لە ڕۆژی 16 ی ئۆکتۆبەری ساڵی 2017 هێزەکانیان بۆ سنوری پردێ کێشایەوە.

کەمال کەرکوکی، سەرپەشتیاری مەکتەبی سیاسی کەرکوک_گەرمیان ی پارتی دیموکراتی کوردستان و فەرماندەی پێشووی میحوەری پردێی هێزی پێشمەرگە، ئاگادارکردنەوەی پارتی ئازادی بۆ چۆڵکردنی میحوەری پردێ ڕەتنەکردەوە، بە دەنگی ئەمەریکای وت "لە فەرماندەکانی پێشمەرگە بپرسن باشترە."

هەوڵەکانی عێراق بۆ دەرکردنی هێزەکانی پارتی ئازادی لە میحوەری پردێ لە چوار چێوەی فشارەکانی ئێراندایە بۆ سەر پارتە کوردییەکانی رۆژهەڵات، کە دەیەوێت عێراق و هەرێم ناچار بکات بە داخستنی بارەگاکانیان، بەو پێیەی تۆمەتباریان دەکات بە دەست هەبوون لە ناڕەزایەتییەکانی نێو وڵاتەکەیدا.

دەنگی ئەمەریکا، لە بارەی ئەو ڕێوشوێنانەی گێراونەتە بەر بۆ دوورخستنەوەی هێزەکانی پارتی ئازادی لە میحوەری پردێ، پەیوەندی بە نوری حەمە عەلی فەرماندەی میحوەری پردێ ی پێشمەرگەوە کرد، بەڵام وەڵامی پەیوەندییەکانی نەدایەوە.

XS
SM
MD
LG