Accessibility links

هاوکاتی نائارامییەکان، توندڕەوانی ئێران توڕەیی خۆیان بەرامبەر بە فەرەنسا دەردەبڕن


توندڕەوەکانی ئێران ڕۆژی یەکشەممە ئاڵای فەرەنسایان لە دەرەوەی باڵیۆزخانەکەی لە تاران سووتاند لە کاتێکدا لەوێ ناڕەزایەتیان دەربڕی بەرامبەر بەو کاریکاتێرانەی لەلایەن گۆڤاری تەنزئامێزی فەرەنسی چارلی هەبدۆوە بڵاوکرابوونەوە و تیایدا گاڵەتە بە پیاوانی ئایینی دەسەڵاتداری ئێرانی کراوە.

کاریکاتێرەکانی چارلی هەبدۆ تا ئەندازەیەک ئەو گۆڤارە تەنز ئامێزەی بنکە لە پاریس لەگەڵ داواکانی خۆپیشاندەرانی دژ بە حکومەت لە ئێران دەخاتە یەک بەرەوە کە داوای ڕووخانی ڕژێمی کۆماری ئیسلامی ئێران دەکەن و ڕووبەڕووی بونیادە توندڕەوەکانی دەبنەوە.

خۆپیشاندانەکانی دەرەوەی باڵیۆزخانەی فەرەنسا دوای هەوڵەکانی پێشووی فەرمانڕەواکانی ئێران بۆ کۆکردنەوەی لایەنگرانی خۆیان بۆ خۆپیشاندانی بەرپەرچدانەوە.

سەدان خۆپیشاندەر لە ناویاندا خوێندکارانی مەدرەسەکان (فێرگە ئاینییەکان) دروشمی " مەرگ بۆ فەرەنسا" یان دەگوتەوە و سەرۆکی فەرەنسا ئیمانوێل ماکرونیان تۆمەتبارکرد بە سووکایەتیکردن بە ئێران، لە هەمانکاتیشدا داوایان لە پاریس دەکرد "دوژمنایەتی" بەرامبەر بە تاران ڕابگرێت.

پۆلیس کە بەشێکیان وێنەی عەلی خامنەئی ڕێبەری باڵای ئێرانیان بەدەستەوەبوو، خۆپیشاندەرانیان لە دووری بینای باڵەخانەکە ڕاگرتبوو.

پشتیوانانی ڕێبەرە توندڕەوەکانی ئێران زۆربەی جار لە خۆپیشاندانەکانیاندا ئاڵای ئەمەریکا دەکەنە ئامانج، بەڵام ئەمجارە ئاڵای فەرەنسا بوو.

تەلەفیزیۆنی دەوڵەتی و ژمارەیەک لە پیاوانی ئاینی لە شاری قومی نێوەندی ئاینی ئێرانیش هەڵوێستی هاوشێوەیان دەربڕیوە.

سەرۆکی پەرلەمانی ئێران محمەد باقر قالیباف ڕۆژی یەکشەممە، ئەو کاریکاتێرانەی گۆڤارە فەرەنساییەکەی بەوەوە گرێدا کە کاربەدەستانی ئێران زۆر جار گوتویانە خۆپیشاندانە ناڕەزایەتییەکانی ئێران پیلانگێڕی وڵاتانی ڕۆژئاوایە بۆ بڵاوکردنەوەی " ئاژاوەگێڕی" لە ئێراندا.

هەر ڕۆژی یەکشەممە سەرۆکی ئێران ئیبراهیم ڕەئیسی یەکەم هەڵوێستی خۆی لەباری ئەو کاریکاتێرانەوە دەربڕی و گوتی " پەنابردن بۆ سوکایەتی بە بیانووی ئازادی، ئاماژەیەکی ڕوونە بۆ بێزاری ئەوان لە کۆتاییهێنان بە پیلان بۆ ئاژاوەگێڕی و نائارامی" لە ئێراندا.

گۆڤارەکە لە هەفتەی ڕابردوودا ئاماژەی بەوەکرد، ئەو کاریکاتێرانە بەشێکن لە کێبڕکێیەک کە لە مانگی 12 دەستیپێکردووە بۆ پشتیوانیکردن لە ناڕەزایەتییەکانی کە بەهۆی مەرگی مەهسا ئەمینی (ژینا) لە 16 ی مانگی 9 وە دەستیان پێکردووە. ژینای کچە کوردی خەڵکی سەقز بەهۆی گوایە پێشێلکردنی یاسایی حیجابی زۆرەملێ لە تاران دەستگیرکرابوو، بەهۆی ئازاردانیەوە گیانی لەدەستدا.

ئەو گۆڤارە فەرەنسییە ئاماژەی بەوەشکردووە ئامانجی ئەو پێشبڕکێیە "پشتیوانیکردنە لە خەباتی ئێرانییەکان لە پێناو ئازادی خۆیان تێدەکۆشن".

بە پێی دواین ئاماری ئاژانسی هرانا، کە بۆ ڕاپۆرتەکانی پشت بە زانیارییەکانی چالاکوانانی نێو ئێران دەبەستێت، لەوەتای ئەم شەپۆلی ناڕزایەتییانە لە مانگی 9 وە دەستیان پێکردووە 517 کەس کوژراون. لەوانەدا 70یان منداڵن. ئاژانسەکە دەڵێت 68 کەس لە هێزەکانی حکومەتیش کوژراون.

جگە لەمە 19 هەزار و 262 کەس لە سەرانسەری ئێران لەلایەن هێزکانی حکومەتەوە دەستگیرکراون کە 698 لەوانە خوێندکارن.

لە مانگی 9 ی ساڵی 2022 وە خۆپیشاندانی ناڕەزاییەتی لە ئێران بەردەوامە لەو کاتەوەی ژینا ئەمینی کچە کوردێکی خەڵکی شاری سەقز، لە تاران بەهۆی گوایە ڕەچاونەکردنی یاسای حیجابی زۆرەملێ لەلایەن پۆلیسی ئاکارەوە دەستگیرکراو و پاشان گیانی لەدەستدا. ڕێکخراوەکانی مافەکانی مرۆڤ دەڵێن هێزەکان ئێران بە توندترین شێوە ڕووبەڕووی خۆپیشاندەرانی کە داوای مافی ئازادی دەکەن، بوونەتەوە. هەتا ئیستاش لە پەیوەندی بەو خۆپیشاندانانەوە 4 کەس لەلایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە لەسێدارە دراون.

بەشێک لە زانیارییەکانی ئەم هەواڵە لە ئاژانسی دەنگوباسی ئەسۆشیەتید وەرگیراوە.

XS
SM
MD
LG