Accessibility links

ڕاپۆرتی فەرماندەیی لەشکری ئەمەریکا لەسەر شەڕی داعش لە عێراق و سوریا


نێوەندی فەرماندەیی لەشکری ئەمەریکا CENTCOM ڕاپۆرتێکی بڵاوکردووەتەوە سەبارەت بە ئاماری چالاکییەکانی دژی داعش لە ماوەی ساڵی 2022 ، دەڵێت لەگەڵ هێزە هاوبەشەکانیاندا سەدان ئۆپەراسیۆنیان دژ بە داعش لە عێراق و سوریا ئەنجام داوە.

لە ڕاپۆرتەکەی CENTCOM ئاماژە بەوە کراوە ئۆپەراسیۆنەکانیان کاریگەربوون بۆ لاوازکردنی داعش و لە ناوبردنی بەرپرسەکانی لە ناویاندا " ئەمیری داعش" و دەیان ڕابەری هەرێمی و سەدان لە چەکدارانیان.

نێوەندی فەرماندەیی لەشکری ئەمەریکا دەڵێت " هەموو ئەم ئۆپەراسیۆنانە بەشێک بوون لە ئەرکی کەمکردنەوەی تواناکانی ئەو گروپە تیرۆرستییە بۆ ئاڕاستەکردن و هاندانی هێرشی تێکدەرانە لە ناوچەکە و جیهاندا، بە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکاشەوە."

بە گوێرەی ڕاپۆرتەکەی CENTCOM لە ساڵی 2022 دا بە گشتی 313 ئۆپەراسیۆنی دژی داعش لە عێراق و سوریا ئەنجام دراوە.

لە سوریا 108 ئۆپەراسیۆنی هاوبەش و 14 ئۆپەراسیۆنی ئەمەریکا بە تەنها ئەنجام دراوە. لەو ئۆپەراسیۆنانەدا 215 ئەندامی داعش دەستگیرکراون و 466 دیکەشیان کوژراون.

لە عێراقیش 191 ئۆپەراسیۆنی هاوبەش ئەنجام دراوە 159 ئەندامی داعش دەستگیرکراون و بەلایەنی کەم 220 ئەندامیش کوژراون.

ڕاگەیاندنەکەی ئەمەریکا باس لە کاریگەریی هێزە هاوبەشەکانیشیان دەکات لە شەڕی دژ بە داعش لە سوریا و عێراق و دەڵێت " هێزەکانی سوریای دیموکراتیک و هێزی ئاسایشی عێراقی ڕۆڵێکی گرنگیان هەبووە و بەردەوامیش هەیانە، لە بەدەستهێنانی شکستی هەمیشەیی داعش."

ژەنەڕاڵ مایكڵ کوڕیڵا سەرکردەی CENTCOM ڕایگەیاند لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا، هێزە ئەمنییەکانی عێراق توانای بەردەوامبوونیان لە ئۆپەراسیۆنەکانی لاوازکردنی داعشدا نیشانداوە "ئەمڕۆ ئاستێکی بەرزی لێهاتوویی و پیشەیی و پێشەنگی ئۆپەراسیۆنە تاکتیکییەکان نیشان دەدەن، بەڵام هێشتا کاری زۆر ماوە ئەنجام بدرێت."

سەبارەت بە هێزەکانی سوریای دیموکراتیک، کە کورد تیایدا باڵادەستە، دەڵێت " لە سوریا، هێزەکانی سوریای دیموکرات بەردەوامن لە نیشاندانی خواست و لێهاتوویی و توانای خۆیان بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی توند سەرکردە و چەکدارانی داعش ڕیشەکێش بکەن."

ژەنەڕاڵ مات مکفارلەین سەرکردەی هێزی ئەرکە هاوبەشەکان دەڵێت "توانای دەرکەوتن و متمانەپێکراو و جێگیری هاوبەشە عێراقی و سوریاییەکانمان بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی تاکلایەنە بۆ گرتن و کوشتنی سەرکردەکانی داعش وەهامان لێدەکات بتوانین فشارەکانمان بەردەوامبن لەسەر تۆڕی داعش."

لە ڕاپۆرتەکەی CENTCOM دا ئاماژەش بەوە کراوە کە داعش نیازی خراپی هەیە سەبارەت بە کەمپی پەنابەرانی ئەلهۆل، کە بەشێک لە دانیشتوانی ئەو کەمپە کەسوکاری چەکدارانی داعشن، و هەروەها دەیان نێوەندی گرتوخانەش کە لەلایەن هێزەکانی سوریای دیموکراتەوە پارێزراون.

شایەنی باسە ئەمڕۆ پێنجشەممە هەسەدە ڕایەگەیاند "شانەکانی داعش هێرشەکانیان بۆ سەر خەڵکی بێتاوانی ڕەقە دەستپێکردووەتەوە. هێرشە تیرۆریستیەکان بوونە هۆی کوژران و برینداربوونی 3 ئەندامی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ لە ئەلکەرەمەی ڕۆژهەڵاتی ڕەقە. هێزەکانی ئاسایش بەردەوامن لە ڕاوەدونانی شانەکانی داعش و پاراستنی هاووڵاتیان لە کاتی ئاهەنگەکانی سەری ساڵی 2023دا. "

لە 26 ی ئەم مانگەشدا ژمارەیەک چەکداری داعش هێرشیان کردە سەر ناوەندێکی هێزەکانی ئاسایش لە شاری ڕەققە کە گرتووخانەیەکیشی تێدایە. 3 ئەندامی هێزەکانی ئاسایش و 3 شەڕڤانی هەسەدە گیانیان لەدەستدا، وە چەکدارێکی داعش کوژرا و یەكێکی تریشیان دەستگیرکرا.

سەرچاوە: CENTCOM و هێزەکانی سوریای دیموکراتیک

XS
SM
MD
LG