Accessibility links

هێزەکانی سوریای دیموکراتیک لە " ئامادەباشیدان" بۆ هێرشەکانی داعش


وتەبێژی هێزەکانی سوریای دیموکراتیک دەڵێت ئەمڕۆ سێشەممە باری ئاسایشیان توند کردووە، ڕۆژێک پاش پووچەڵکردنەوەی هێرشێکی کوشندەی داعش بۆ سەر زیندانێک. ئەم هەنگاوەش بەهۆی مەترسییەکان لە ئەگەر دووبارە هێرشکردنەوە گیراوەتەبەر.

دەسەڵاتداران ڕۆژی دووشەممە باری نائاساییان لە شاری ڕەقە، پایتەختی پێشووی دیفاکتۆی داعش لە باکوری سوریا ڕاگەیاند، دوای ئەوەی چەکدارانی داعش هێرشیان کردە سەر ناوەندێکی هێزەکانی ئاسایش لە نزیک زیندانێکی کە هاوبیرە توندڕەوەکانیانی تێدایە.

شەش ئەندامی هێزەکانی کە کوردەکان تیایدا باڵادەستن لەو هێرشەدا کوژران و چەکدارێکی داعشیش کوژراو یەكێکی تریشیان دەستگیرکرا.

فەرهاد شامی، وتەبێژی هێزەکانی سوریای دیموکراتیک (هەسەدە) ڕایگەیاند، "دۆخی ئامادەباشییان ڕاگەیاندووە" و هێزە ئەمنییەکانیش ناوچەکەیان گرتووە.

ئاماژەی بەوەش کرد " زانیاریمان هەیە لەسەر ئەگەری هێرشی داعش لە میانەی پشووەکانی کۆتایی ساڵدا،" لە شارەکانی وەکو ڕەقە، حەسەکە و قامشلۆ.

شامی گوتیشی ڕابەری نوێی داعش کە پاش کوژرانی ڕابەری پێشوویان دەستبەکاربووە، دەیەوێت جەخت لە هەبوونی گروپەکە بکاتەوە.

دوابەدوای هێرشەکە، مەزلوم عەبدی، فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکراتیک هۆشداری دا کە "شانە تیرۆریستییەکان" "پیلانی مەترسیدار ئامادە دەکەن".


ڕوانگەی سوریا بۆ مافەکانی مرۆڤ پشتڕاستی کردەوە کە هێزەکانی ئاسایش شکستیان بە هێرشەکە هێناوە. ئاشکرای کرد ئەو ناوەندەی هێزەکانی ئاسایش کە دەکەوێتە گەڕەکی " الانتفاضة "، بارەگاکانی هێزەکانی ناوخۆ و یەکەکانی دژە تێرۆر و زیندانی هەواڵگری لەشکری تێدایە، وە نزیکەی 200 ئەندامی داعش لەو زیندانەدان.

داعش بەرپرسیارێتی خۆی لە هێرشەکە ڕاگەیاند و گوتی، دوو چەکداری هێرشەکەیان ئەنجام داوە بۆ تۆڵەسەندنەوەی "زیندانیانی موسوڵمان" و کەسوکارە ژنەکانی جیهادیەکانی کە لە کەمپی هۆلی ژێر دەسەڵاتی کوردەکاندا دەژین.

بەڵام عەلی حەجۆ، هاوسەرۆکی هێزەکانی ناوخۆ لە بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا ڕۆژی دووشەممە ڕایگەیاند شانەیەکی داعش کە لە 5 چەکدار پێکهاتبوون، هێرشەکەیان ئەنجام داوە.

بە پێی ئامارە نافەرمییەکان، نزیکەی 55 هەزار کەس لە ناو کەمپی هۆل دەژین کە بەشێکیان خێزانەکانی چەکدارانی داعشن.

بە گوێرەی ڕاپۆرتەکان 28 هەزار هاووڵاتی عێراقی، نزیکەی 19 هەزار هاووڵاتی سوریایی و زیاتر لە 8 هەزار هاووڵاتیانی بیانی لە ناو ئەو کەمپەدا دەژین.

هێرشەکەی ڕۆژی دووشەممە بەرچاوترین هێرشی داعش بوو بۆ سەر زیندانێک لەو کاتەوەی چەکدارانی داعش لە مانگی یەکی ئەم ساڵدا هێرشێکیان کردە سەر زیندانی سیناعە لە ناوچەی غوێرانی حەسەکە، کە لەلایەن کوردەکانەوە بەڕێوەدەبرێت.

دانیشتوانی ڕەقە، پاش چەندین ساڵی شەڕ، هێشتا ترسیان لە گەڕانەوەی داعش هەیە.

ئوسامە ئەلخەلەف، چالاکوانێکی خەڵکی ڕەقە، دەڵێت " دانیشتوان لە دۆخێکی ترسدا دەژین" دەترسن لەوەی داعش بگەڕێتەوە چونکە جیهادییەکان توانیویانە هێرش بکەنە سەر ئەو نێوەندەی کە زۆر بە باشی پاسەوانی پاسەوانی دەکرێت.

عەبدوڵای تەمەن 35 ساڵ، لە ترسی تۆڵەسەندنەوە، بە مەرجی ئەوەی ناوی تەواوی ئاشکرا نەکرێت، بە ئاژانسی دەنگوباسی فەرەنسی ڕاگەیاندووە " داعش هەرگیز ناهێڵن بیرمانبچێت ئەوان لێرەن، دەیانەوێت ترس و دڵەڕاوکێ بهێننەوە".

گوتیشی " ئێمە ماندووبوین لە شەڕ، ئیتر ناتوانین لە ترسی بۆردومان و کوشتندا بژین، ئاشتیمان دەوێت".


XS
SM
MD
LG