Accessibility links

هێزەکانی ئاسایش و هەسەدە بەرپەرچی هێرشێکی داعش لە ڕەققە دەدەنەوە


شاری ڕەققە
شاری ڕەققە

ژمارەیەک چەکداری داعش هێرشیان کردووەتە سەر ناوەندێکی هێزەکانی ئاسایش لە شاری ڕەققە و بەپێی کاربەدەستان و چالاکوانان، لە ئەنجامی هێرشەکەدا چەکدارێکی داعش کوژراوە و یەکێکی دیکەیان دەستگیرکراوە.

عەلی حەجۆ، هاوسەرۆکی هێزەکانی ناوخۆ لە بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا ڕایگەیاند بەیانی دووشەممە شانەیەکی داعش کە لە 5 چەکدار پێکهاتبوون، هێرشیان کردە سەر ناوەندی بەشی ڕۆژئاوای ڕەققە، بەڵام هێزەکانی ئاسایش و هێزەکانی سوریای دیموکرات ڕووبەڕوویان بوونەتەوە و لە ئاکامدا چەکدارێکی داعش کوژراوە و یەکێکی دیکەیان دەستگیرکراوە. وتیشی 3 لە هێزەکانی ئاسایش و 3 لە هێزەکانی سوریای دیموکرات گیانیان لەدەستداوە.

هێزەکانی ئاسایش بەردەوامن لە پشکنینی ناوچەکە بە دوای 3 چەکدارەکەی دیکە. عەلی حەجو داوای لە خەڵکی ڕەققە کرد هاوکاری هێزەکانی ئاسایش بکەن لە هەوڵەکانیاندا بۆ دەستگیرکردنی هێرشبەرەکان.

لە هەمانکاتدا مەزڵوم عەبدی فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکراتیک دەڵێت ئەم هێرشانەی داعش هاوکاتیشە لەگەڵ هەڕەشەکانی تورکیا "ئێمە لە نزیکەوە بەدواداچوون بۆ جموجۆڵی شانە تیرۆریستییەکانی داعش دەکەین لە شاری ڕەقە."

بەیانی ئەمڕۆ شانەکانی داعش باڵەخانە ئەمنی و سەربازییەکانی شارەکەیان کردە ئامانج و لە ئاکامدا ٦ شەڕڤان شەهید بوون و ژمارەیەکی تریش بریندار بوون.

ئەم جموجۆڵە تیرۆرستیانە هاوکاتە لەگەڵ هەڕەشە بەردەوامەکانی تورکیا بۆ بەئامانجگرتنی ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە.


ڕوانگەی سوریا بۆ مافەکانی مرۆڤ پشتڕاستی کردەوە کە هێزەکانی ئاسایش شکستیان بە هێرشەکە هێناوە. ئاشکرای کرد ئەو ناوەندەی هێزەکانی ئاسایش کە دەکەوێتە گەڕەکی " الانتفاضة "، بارەگاکانی هێزەکانی ناوخۆ و یەکەکانی دژە تێرۆر و زیندانی هەواڵگری لەشکری تێدایە، وە نزیکەی 200 ئەندامی داعش لەو زیندانەدان.

ئەم هێرشە لە کاتێکدایە کە هێزەکانی سوریای دیموکرات سەرقاڵن بە ئەگەری هێرشی زەمینی تورکیا بۆ سەر ناوچەکانیان.

سەرچاوە/ بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر ، ڕوانگەی سوریا بۆ مافەکانی مرۆڤ

XS
SM
MD
LG