Accessibility links

گومانباری هێرشەکەی پاریس دەچێتە بەردەم دادگا


کاربەدەستانی فەرەنسا ڕادەگەیەنن گومانباری هێرشەکەی پاریس ئەمڕۆ دووشەممە دەچێتە بەردەم دادگا.

دەسەڵاتدارانی فەرەنسا ڕایگەیاندووە کە تۆمەتبارەکە دانی بەوەدا ناوە کە بە مەبەستێکی ڕەگەزپەرستانە هێرشەکەی ئەنجامداوە و لە ڕووی دەرونییەوە ڕقی لە بیانییەکانە.

لە هێرشەکەی ڕۆژی هەینیدا بۆ سەر ناوەندی ڕۆشنبیری کوردی ئەحمەد کایا و دەوروبەری، 3 کورد کوژران و سێ کەسیش بریندار بوون. هاووڵاتییەکی فەڕەنسی تەمەن 69 ساڵ بە تۆمەتی ئەنجامدانی هێرشەکە دەستبەسەر کرا.

کاربەدەستانی فەرەنسا دەڵێن هەتا ئێستاش ڕوون نییە ئاماجی سەرەکی هێرشبەرەکە کوشتنی کورد بووە یان بە هەڕەمەکی تەقەی کردووە.

ئەم توندوتیژییە دۆسێی چارەسەرنەکراوی کوشتنی سێ چالاکوانی کوردی لە ساڵی 2013دا زیندووکردەوە کە زۆرێک دەڵێن تورکیا ئەو کارەی کردووە.

ژمارەیەکی زۆری کۆمەڵگەی کوردی توڕەییان بەرامبەر هێزی ئاسایشی فەرەنسا دەربڕی و دەڵێن کاری زۆریان نەکردووە بۆ ڕێگری کردن لە هێرشبەرەکە.

ئەم ناڕەزایەتییەش لە ڕۆژی شەممە بووە هۆی پێکدادانی نێوان خۆپیشاندەرانی تووڕە و پۆلیسی فەرەنسا لە ناوەندی پاریس.

لە ڕۆژی دووشەممەش ناڕەزایەتی بەردەوام بوو سەدان کەس ڕێپێوانیان سازداو دروشمی " شەهید نامرێت" و " ڕاستی و دادپەروەری"یان دەگوتەوە.

ژنێکی گەنجی کورد کە نەیویستووە ناوی ئاشکرا بکرێت بە ئاژانسی دەنگوباسی فرانس پرێسی گوتووە " هەر کە هەواڵی هێرشە تیرۆرستییەکەی ڕۆژی هەینمان بیست بڕیارمان دا بێین بۆ ئێرە. ئێمە لە کۆمەڵگەی تورکەکان و دەزگای هەواڵگیریان دەترسین."

ئەو گومانبارەی کە دەستگیرکراوە بە ناوی ویلیەم لەلایەن میدیای فەرەنساوە ڕاگەیەندراوە، کەسێکە کە پشتیوانی لە هەڵگرتنی چەک دەکات و مێژووی بەکارهێنانی چەکی هەیە کە سەرەتای ئەم مانگە بە کەفالەت لە زیندان ئازاد کراوە.

ئەو شۆفێری خانەنشینی شەمەندەفەرە کە لە ساڵی 2016 بە هۆی توندوتیژی چەک سزادرا بەڵام پاشان داوای پێداچوونەوەی کرد. ساڵێک پاش ئەوە بە تۆمەتی هەڵگری چەک بە شێوەیەکی نایاسایی سزادرا.

سەرچاوە: ئاژانسی دەنگوباسی فرانس پرێس




XS
SM
MD
LG