Accessibility links

ڕەوەندی کوردی فەرەنسا خۆپیشاندان دژی هێرشێکەی پاریس ئەنجام دەدەن


دوای هێرشە چەکداریەکەی ڕۆژی هەینی لە پاریس، ژمارەیەکی زۆر لە ڕەوەندی کوردی فەڕەنسا لە نزیک شوێنی هێرشە چەکدارییەکە خۆپیشاندانیان ئەنجامدا.

خۆپیشاندەران دروشمی "شەهید نامرێ"، "ژن، ئازادی، ژیان" و "ئەردۆغان، بکوژ"یان دەوتەوە.

خۆپیشاندەران ئەردۆگان و تورکیا تۆمەتبار دەکەن، یەکێک لەو خۆپیشاندەرانە بۆ ڕۆیتەرز قسەی کردووە و دەڵێت "هەڵبژاردنی ئەم شوێنە... بە دڵنیاییەوە پەیوەندی بە تورکیاوە هەیە، ئەمە گومانی تیا نیە، ئەوان ئەم شوێنەیان هەڵبژاردووە چونکە کۆمەڵگەی کوردی لێیە. "

بەڵام جیراڵد دارمانین، وەزیری ناوخۆی فەرەنسا دەڵێت گومانلێکراوەکە ڕوونە کە ویستوویەتی خەڵکانی بیانی بکاتە ئامانج، بەڵام هیچ بەڵگەیەک لەبەردەستدا نیە ئامانجی هێرشەکەی بە دیاریکراوی کوردەکان بووبن."

پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ هەینی، پیاوێکی تەمەن 69 ساڵ هێرشی چەکداری کردە سەر سەنتەری کوردی ئەحمەد کایا و ئارایشتگایەک و کافێیەک لە پاریسی پایتەختی فەڕەنسا.

بەهۆی ئەو هێرشەوە سێ کەس گیانیان لەدەستدا و چەند کەسێکی دیکەش برینداربوون، ڕووداوەکە لە ناوچەیەکی قەرەباڵغ ڕوویداوە کە ژمارەیەکی زۆر دوکان و چێشتخانەی لێیە و هاوکات خەڵکێکی زۆری کوردی تێدایە.

لە کاتی تەقەکردنەکەدا سێ کەس کوژراون و کەسێکیش باری تەندروستی ناجێگیرە و برینەکەی سەختە. هەروەها دوو کەسی دیکەش بە سەختی برینداربوون. هاوکات تۆمەتبارەکەش برینداربووە.

سەرچاوە: ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG