Accessibility links

سەرچاوەکان: شەهریار عادلی خەڵکی سەردەشت بەهۆی ئەشکەنجەدانی لەلایەن ئیتڵاعاتەوە گیان لەدەستدەدات


سەرچاوە هەواڵییەکانی نێو ئێران ڕادەگەیەنن گەنجێکی کوردی خەڵکی سەردەشت لە ژێر ئەشکەنجەی هێزەکانی ئیتڵاعاتدا گیانی لەدەستداوە.

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان و ڕێکخراوی هەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ کە هەردووکیان پشت بە زانیارییەکانی چالاکوانانی نێو ئێران دەبەستن ڕایانگەیاندووە شەهریار عادلی ڕۆژی پێنجشەممە 8ی مانگی دوازدە گیانی لەدەستداوە.

ژیلا موستەئجیر ئەندامی ڕێکخراوی هەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ دەڵێت شەهریار عادلی پاش یارییەکەی ئەمەریکا و ئێران لە جامی جیهانی قەتەر کاتێک ئەمەریکا بردییەوە " خۆشحاڵی دەربڕیبوو و لەلایەن ئیتڵاعاتی سوپای شاری سەردەشتەوە دەستگیرکرابوو و زۆر ئەشکەنجە درابوو. دواتر بە کەفالەت ئازد کراوە و بەهۆی خراپی باری تەندروستی لە ئەنجامی ئەو ئەشکەنجانەی درابوو ڕەوشی تەندروستی تێکچوو و لە لایەن بنەماڵەکەیەوە دەگوازرێتەوە بۆ نەخۆشخانە."

هەندێک لە سەرچاوەکان ئاماژە بەوە دەکەن شەهریاری تەمەن 25 ساڵان لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستداوە بەڵام، خاتو موستەئجیر لە لێدوانەکەیدا بۆ دەنگی ئەمەریکا گوتی بە پێی ئەو زانیاریانەی کە لە کەسە نزیکەکانی بنەماڵەکەیەوە وەرگیراوە " دوای ئەوەی لە نەخۆشخانەوە نێردراوەتە ماڵەوە، هەر حاڵی باش نەبووە و لە ماڵی خۆیان گیانی لەدەستداوە."

هەردوو سەرچاوەکە ئاماژە بەوە دەکەن شەهریار عادلی بەهۆی خوێن بەربوونی هەناو گیانی لەدەستداوە و هێزەکانی حکومەت بنەماڵەکەیان ناچار کردووە بڵێن بەهۆی وەستانی دڵەوە بووە.

تۆڕی مافەکانی مرۆڤ وێنەیەکیان بڵاو کردووەتەوە گوایە وێنەی تەرمی شەهریارە، نیشانەی ئەشکەنجەی پێوە دیارە، هەرچەندە ڕووخساری تەرمەکە دەرنەکەوتووە.

XS
SM
MD
LG