جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا ڕایگەیاند ئەستێرەی باسکەی ئەمەریکا بریتنی گراینەر لە زیندانی ڕووسیا ئازاد کراوە و بەرەو وڵات دەگەڕێتەوە.
لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا سەرۆک بایدن ڕایگەیاند لەگەڵ برتنی گراینەر قسەی کردووە و گوتی " ئەو سەلامەتە، لە فڕۆکەدایە و لە ڕێگایە بەرەو ماڵەوە، پاش ئەوەی چەند مانگێکە بە ناڕەوایانە لە ڕووسیا دەسگیر کراوە."
سەرۆک بایدن گوتیشی " دوای چەند مانگێک لە دەستبەسەرکردنی ناڕەوا لە ڕووسیا، کە لە بارودۆخێکی زۆر خراپدا ڕاگیرا، بەم زووانە بریتنی دەگەڕێتەوە باوەشی ئازیزانی، کە دەبوو بە درێژایی ئەو ماوەیە لەوێ بووایە."
سەرۆک بایدن باسی لەوەش کرد کە ماوەیەکی زۆرە کار بۆ ئەمڕۆژە و ئازادکردنی دەکرێت.
ئەستێرەی باسکەی ئەمەریکا بریتنی گراینەر، لە ڕووسیا بە تۆمەتی هەڵگرتن و قاچاخچێتی مادەی هۆشبەری نایاسایی زیندانی کرابوو.
کاربەدەستێکی ڕووسیاش ئاماژەی بەوە کردووە، لەگەڵ ڤیکتۆر بۆوت، بازرگانی چەکی ڕووسیایی، کە لە ئەمەریکا لە زینداندابوو و سزای 25 ساڵ زیندانی کردن درابوو، ئاڵوگۆڕیان پێکراوە.
بریتنی گراینەری تەمەن 32 ساڵ، دوو پاڵەوانی ئۆڵۆمپیادی بردووەتەوە و حەوت جاریش بووە بە باشترین یاریزانی کۆمەڵەی نیشتمانی باسکەی ئەمەریکا بۆ ژنان.