Accessibility links

تاڵیبان پەخشی ڕادیۆی دەنگی ئەمەریکا لە ئەفغانستان ڕادەگرێت


VOA Building

دەسەڵاتدارانی تاڵیبان پەخشی FMی دەنگی ئەمەریکا و ڕادیۆی ئەوروپای ئازادیان لە ئەفغانستان قەدەغەکرد و دەڵێن بەهۆی ئەو سکاڵایانە بووە کە لەسەر ناوەڕۆکی بەرنامەکان بەدەستیان گەیشتووە.

قەدەغەکردنەکە لەمڕۆ پێنجشەممەوە چووە بواری جێبەجێکردنەوە ڕۆژێک پاش ئەوەی وەزارەتی زانیاری و کولتوری تاڵیبان گوتی سکاڵایان لەسەر ناوەڕۆکی بەرنامەکان پێ گەیشتووە بەڵام هیچ وردەکاری نەدا.

ڕوون نییە کە ئایا قەدەغەکردنەکە پەخشەکانی دیکەی ڕاگەیاندنە نێودەوڵەتییکان دەگرێتەوە کە هەمان سیستەمی ئێف ئێم بۆ بڵاوکردنەوی بەرنامەکانیان لە ئەفغانستان بەکاردەهێنن.

عبدولقەهار بالخی گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی حکومەتەکەی تاڵیبان لە بەیاننامەیکی نوسراودا بۆ دەنگی ئەمەریکا ڕایگەیاند " ئەفغانستان یاسای ڕۆژنامەوانی هەیە و هەر تۆڕێک کە چەندین جار پێشێلی ئەم یاسایانە بکات، مۆڵەتی ڕاپۆرتکردن و پەخشکردنی لە ناوخۆی ئەفغانستان لێدەسەندرێتەوە."

ئەو گوتیشی " دەنگی ئەمەریکا و ڕادیۆ ئازادی نەیانتوانی پابەندی ئەو یاسایانە بن، نەیانتوانی پرۆفێشناڵی خۆیان نیشان بدن، بۆیە داخران."

ئەو دوو دەزگا هەواڵییەی کە لەلایەن حکومەتی ئەمەریکاوە بودجەیان بۆ دابین دەکرێت، بە سەربەخۆیی ڕۆژنامەوانی کاردەکەن و ئامانجیان پێشکەشکردنی ڕووماڵێکی گشتگیر و هاوسەنگە.

بەشی ئەفغانی دەنگی ئەمەریکا ڕۆژانە 12 کاتژمێر بەرنامە لە 15 کەناڵی جیاوای ئێف ئێم و کەناڵەکانی شەپۆلی مامناوەند پێشکەش دەکات. بەرنامەکان بە هەردوو زمانەکای پەشتوو و دەری پێشکەش دەکرێن، کە دەگاتە ملیۆنان گوێگر لە سەرانسەری ئەفغانستانی هەژار، کە ڕادیۆ وەک سەرچاوەیەکی سەرەکی زانیاری ماوەتەوە.

تاڵیبان لە مانگی هەشتی ساڵی 2021 کۆنترۆڵی ئەفغانستانی کردەوە، تەنها چەند ڕۆژێک پێش ئەوەی هێزەکانی ئەمەریکا و ناتۆ دوای 20 ساڵی شەڕ لەگەڵ گروپە ئیسلامییە یاخیبووەکەی ئەوکاتە کۆتاییان بە کشانەوەیان لە ئەفغانستان هێنا.

لەو کاتەوە تاڵیبان لێکدانەوەی توندی یاسای ئیسلامی لە وڵاتەکەدا پەیڕەو کردووە بۆ بەڕێوەبردنی ئەو وڵاتە پڕ لە کێشەیە و مافکانی ئازادییەکانی خەڵکی بنکۆڵ کردووە.

ئەو سنووردارکردن و سەختییە داراییە وایکردووە دەیان کەناڵی تەلەفزیۆنی تایبەت و ڕادیۆ و میدیای چاپکراو لە ئەفغانستان کارەکانیان ڕابگرن و هەزاران ڕۆژنامەنووس کارەکانیان لەدەستداوە. هەروەها سەدان کارمەندی میدیای ئەفغانستان لە ترسی سەرکوتکارییکانی تاڵیبان لە وڵاتەکەیان هەڵاتوون.

گروپی پەیامنێرانی بێ سنوور کە بنکەکەی لە فەرەنسایە، ڕایگەیاندووە، لە دوای ئەوەی تاڵیبان دەسەڵاتی گرتووەتەوە دەست، ئەو وڵاتە 40%ی دەزگاکانی ڕاگەیاندن و 60%ی ڕۆژنامەنووسەکانی لەدەستداوە.

بەرنامەکانی ڕادیۆیی دەری و پەشتووی دەنگی ئەمەریکا لە هەشتاکانی سەدەی ڕابردووەوە دەستیان بە پەخشکردن بۆ ئەفغانستان کردووە لەوە کاتەی کە ئەو وڵاتەی باشوری ئاسیا لەلایەن هێزەکانی سۆڤیەتەوە داگیرکرابوو.

پەخشەکانی زمانی ناوخۆیی بە شێوەیەکی بەرفراوان ڕێزیان لێدەگیرێت وەک باوەڕپێکراو و جێی متمانە لەقەڵم دەدرێن.

دەنگی ئەمەریکا هەروەها بە ڕێگای میدیای دیجیتاڵیش دەگات بە ژمارەیەکی زۆری خەڵکی ئەفغانی.

بەشی پەشتووی دەنگی ئەمەریکا دەڵێت لە مانگی سێشدا تاڵیبان بەرنامە هەواڵییەکانی تەلەفزیۆنی ئاشنای دەنگی ئەمەریکای ڕاگرت، کە ماوەی دە ساڵ بوو لە تەلەفزیۆنی نیشتمانی ئەفغانستان و تۆلۆ نیوز و لامار پەخش دەکرا.

ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی ڕۆژی پێنجشەممە لە تویتەر ڕایگەیاند کە دەستبەسەرداگرتنی دەسەڵاتی تاڵیبان لە ئەفغانستان "گۆڕانکارییەکی گەورەی لە ژیانی هەموو ئەفغانییەکاندا بەدوای خۆیدا هێناوە، بەڵام زیاتر بۆ ژنان و کچان. ئەوان ڕووبەڕووی سنووردارکردنی ترسناک دەبنەوە بۆ مافەکانیان لە ژیانی ڕۆژانەیاندا".

لە دوای دەستبەسەرداگرتنی وڵاتەکەوە، تاڵیبان گەشتی ژنانی بەبێ خزمێکی نزیکی پیاویان قەدەغە کردووە و فەرمانی بە ژنان کردووە ڕووخساری خۆیان لە شوێنی گشتی داپۆشن و ڕێگرییان لە گەڕانەوەی کچانی نەوجەوان بۆ قوتابخانە ناوەندییەکان کردووە.

XS
SM
MD
LG