Accessibility links

نەتەوە یەکگرتووەکان داوای ئازادکردنی 5 چالاکوانی مافەکانی ژنان لە تاڵیبان دەکات


بەرپرسی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕۆژی هەینی داوای لە حکومەتی تاڵیبانی ئەفغانستان کرد پێنج کەس ئازاد بکات کە نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت دەستگیرکراون لە میانی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا کە لەلایەن ڕێکخراوێکی کۆمەڵگەی مەدەنی ژنانەوە ڕێکخرابوو.

نووسینگەی مافەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند، پۆلیس کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی لە کابول ڕاگرت، کە مەبەست لێی دەستپێکردنی بزووتنەوەیەکی نوێی ژنان بوو بە ناوی 'بزووتنەوەی ژنانی ئەفغانستان بۆ یەکسانی'.

ژنە چالاکوانێک بە ناوی زەریفە یەعقوبی و چوار هاوکارەکەی دەستگیرکران. ئاماژە بەوەشکراوە، بەشداربووانی دیکەی ژن لە ژوورەکەدا بە شێوەیەکی کاتی ڕاگیراون و پشکێنراون پێش ئەوەی ئازادبکرێن.

کۆمیساری باڵای مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان ڤۆڵکەر تورک لە ڕێگەی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی لە جنێڤ گوتی" ئێمە نیگەرانین سەبارەت دەستگیرکردنی ئەم پێنج چالاکوانە و داوای زانیاریمان لە دەسەڵاتدارانی دیفاکتۆ کردووە سەبارەت بە دەستبەسەرکردنیان."

وتەبێژی تاڵیبان دەستبەجێ هیچ لێدوانێکی لەو بارەیەوە نەخستەڕوو و ڕایگەیاند کە بەدواداچوون بۆ ئەو بابەتە دەکات.

گرووپەکانی مافەکانی مرۆڤ دەڵێن، لە دوای گەڕانەوەی تاڵیبان بۆ دەسەڵات لە مانگی هەشتی ساڵی ڕابردوو، ئازادییەکانی ژنان لە ئەفغانستان سنوردارکراون، لە کاتێکدا هێزە نێودەوڵەتییەکان لەو وڵاتە کشاونەتەوە. ئاماژەش بە سنووردارکردنی نوێ لە پۆشینی جلوبەرگ و هاتوچۆ و پەروەردەکانیان دەکەن، سەرەڕای ئەوەی پێشتر تاڵیبان چەندین بەڵێنیان لەسەر ئازادی ژنان دابوو .

سەرچاوە: ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG