Accessibility links

پارتی ئازادیی کوردستان: ئێران هەوڵی کوشتنی حسێن یەزدانپەنای دابوو، خوا کردی سەرکەوتوو نەبوو


حسێن یەزدانپەنا، سەرۆکی پارتی ئازادیی کوردستان
حسێن یەزدانپەنا، سەرۆکی پارتی ئازادیی کوردستان

کوشتنی سەرۆکی پارتی ئازادی کوردستان حسێن یەزدانپەنا ئامانجی سەرەکی ئێران بوو لە هێرشەکەی دوێنێ سێشەممەیدا بۆ سەر بنکەکانی پارتی ئازادیی کوردستان (پاک) لە شارۆچکەی پردێ کە دەکەوێتە باکوری کەرکوکەوە، ئەمە بەگوێرەی لێدوانی بەرپرسانی باڵای حزبەکە بۆ دەنگی ئەمەریکا.

خەلیل نادری، وتەبێژی پاک بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "یەکەم بۆمب درا لە نزیک بارەگاکەی [یەزدانپەنا] دواتر بەشێوازێکی پێشمەرگانە توانی خۆی ڕزگار بکات و ئێستاش سەلامەتە. "

نادری ئەوەشی وت، "دیارە ئێرانییەکانیش دەزانن کە خودی حسێن یەزدانپەنا لەگەڵ پێشمەرگەکانی لە ناو پێشمەرگەکاندا دەمێنێتەوە. ئەوە جگە لەوەی لە ڕێگەی درۆنی کەشفەوە بەردەوام چاودێری بنکە و بارەگاکانمان دەکەن بۆیە وا پێدەچێت لە ڕێگای وێنە و گرتەی ئەو درۆنانەوە پێگەی بەڕێزیەزدانپەنا زانرابێت و دەستنیشانییان کردبێت. "

وتەبێژەکەی پاک ڕایگەیاند لە هێرشەکەی دوێنێی کە تیایدا ئێران درۆنێکی شاهید و سێ موشەکی جۆری فاتیحی بەکارهێناوە بووەتە هۆی برینداربوونی سێ پێشمەرگەی حزبەکە.

دەربارەی شێوازی ڕزگاربوونی حسێن یەزدانپەنا لە هێرشەکە، خەلیل نادری گوتی، " کاتێک کە هاژەکی یەکەمییان دا لە نزیک پێگەکەی کاک حسێن یەزدانپەنا، بەوهۆیەوە هۆشیاربووەوە خوا وایکرد کە بەڕێزییان نەپێکران. دوای ئەوە بەشێوازی پێشمەرگانە توانی خۆی لە خاڵی هێرشەکان دوور بخاتەوە. "

پێشتر ماڵپەری ئاکام نوز نزیک لە ئیتڵاعاتی ئێران ڕۆژی یەکشەممە(20/11) بڵاویکردەوە " ڕۆژەکانی کۆتایی حسێن یەزدانپەنایە، ئێمە لە دەمارەکانی گەردنی نزیکترین لێی و بەمزووانە دەکوژرێت. "

لای خۆشیەوە وتەبێژی پارتی ئازادی کوردستان ئەوەی نەشاردەوە کە ئەوان ئاگاداری ئەو هەڕەشە بوون و وتی" ماڵپەڕەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە ڕۆژانی ڕابردوودا بە ئاشکرا هەڕەشەیان لە پارتی ئازادیی کوردستان و بەڕێز کاک حسێن یەزدانپەنا کردبوو...خوا کردی سەرکەوتوو نەبوون."

ئەمە لە کاتێکدایە پێگەی هەواڵەکانی سوپای قودس لە هەواڵێکی دوێنێ ئێوارەیدا ڕایگەیاند لە ئەنجامی هێرشەکانی سەر پردێ حسێن یەزدانپەنا برینداربووە و "لەبەر سەختی برینەکەی ڕەوانەی نەخۆشخانە کراوە. "

بەڵام وتەبێژەکەی پاک ئەو هەواڵەی ڕەتکردەوە و ڕایگەیاند" ئەو هەواڵە دوورە لە ڕاستییەوە؛ بەڕێز کاک حسێن یەزدانپەنا ئێستا ساغ و سەلامەتە و نەپێکراوە. "

جێی باسە لەدوای خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکان لە دوای مەرگی ژینا ئەمینی ، کۆماری ئیسلامی ئێران سەرەڕای هەڕەشەکانی چەندین جار هێرشی کردۆتە سەر بنکە و بارەگای حزبە کوردییە ئۆپۆزسیۆنەکانی ئێران لە ناو هەرێمی کوردستان لە کاتێکدا تۆمەتباریان دەکات بە هاندانی خۆپیشانە ناڕەزایەتییەکانی ناو ئێران.

XS
SM
MD
LG