Accessibility links

گوتەبێژی کۆشکی سپی: نیگەرانی قوڵمان هەیە لەمەڕ سەرکوتکردنی خۆپیشاندەران لە ئێرندا


کارین ژانپیێر، گوتەبێژی کۆشکی سپی
کارین ژانپیێر، گوتەبێژی کۆشکی سپی

کارین ژانپیێر، وتەبێژی کۆشکی سپی کوشتنی سەدان ئێرانی لەلایەن کۆماری ئیسلامیەوە بە توندی شەرمەزار کرد و نیگەرانی دەربڕی لەمەڕ چڕبوونەوەی سەرکوتکردنی خۆپیشاندەران لە ئێراندا.

ژانپیێر لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەی ڕۆژی سێشەممەیدا گوتی" ئێمە نیگەرانییەکی قوڵمان هەیە لەمەڕ چڕبوونەوەی سەرکوتکردنی توندوتیژانەی خۆپیشاندەرانی ئاشتیخواز لە ئێران، کە داوای مافی یەکسانی و مافە سەرەتاییەکانی مرۆڤ دەکەن. ئێمە بە تایبەتی نیگەرانین لە ڕاپۆرتەکانی ئەم دواییەی لە ئێرانەوە دەگەن، بەتایبەتی لەسەر ئەم بابەتە."

ڕێکخراوی مافەکانی مرۆڤی ئێران (IHR) ڕۆژی سێشەممە لە ڕاپۆرتێکیدا ڕایگەیاند هێزەکانی ئێران تەنها لە هەفتەی ڕابردوودا لە میانەی سەرکوتکردنی خۆپیشاندانەکاندا 72 کەسیان کوشتووە لەوانەشدا 56 کەسیان لە کوردستانی ئێران بوون. هەروەها ڕێکخراوەکە دەڵێت لەوەتای خۆپیشاندانەکان لە مانگی نۆوە دەستیان پێکردووە 416 کەس لە سەرانسەری ئێراندا لەلایەن هێزەکانی ئێرانەوە کوژراون، 51 لەوانە منداڵن و 21یان ژنن.

ژانپیێر جگە لە نیگەرانی دەبرین لەسەر ئەم ئامارانە گوتیشی " ڕێژیمی ئێران لە ڕێگەی تۆقاندن و زۆرەملێ و توندوتیژیەوە، ئازادییە بنەڕەتییەکانی خەڵکی خۆی زەوت کردووە و هیوای نەوە یەک لە دوای یەکەکانی لە ناو بردووە."

گوتیشی "ئەمەریکا پشتیوانی لە ژنانی ئێرانی و هەموو ئەو هاووڵاتیانەی ئێران دەکات کە بە ئازایەتی خۆیان جیهانیان هانداوە. ئێمە بەردەوام دەبین لە بەکارهێنانی هەموو ئامرازە بەردەستەکان بۆ بەدواداچوونی لێپرسینەوە ."

لەوەتای مەرگی ژینا ئەمینی لە 16 ی مانگی 9 وە لەژێر دەستی پۆلیسی ئاکار لە تاران، ئێران بووە بە گۆڕەپانی ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی. ئەم خۆپیشاندانانەی ئێران گەورەترین ناڕەزایەتی خەڵکە لەوەتای شۆڕشی ئێرانەوە لە ساڵی 1979. ئێران وڵاتانی نەیاری بە هاندانی خۆپیشاندەران تۆمەتبار دەکات.

ئەنجومەنی مافەکانی مرۆڤی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان بریارە لەم هەفتەیەدا کۆبوونەوەیەک بۆ پێداچوونەوە بە دۆخی ناڕەزایەتییەکانی نێو ئێران لە ژنێڤ ئەنجام بدات. چاوەڕوان دەکرێت ژمارەیەک دیپلۆمات و هەروەها شایەتحاڵەکان بەشداری لەم کۆبوونەوەیەدا بکەن. یەکێک لە شتەکانی چاوەڕوان دەکرێت لەو کۆبوونەوەیەدا بڕیاری لەسەر بدرێت، دامەزراندنی لیژنەیەکە بۆ دۆزینەوەی ڕاستەییەکان لەسەر سەرکوتکردنە بەردەوامەکان لە ئێراندا.

XS
SM
MD
LG