Accessibility links

خەلیل نادری: چوار مووشەک ئاراستەی بارەگاکانمان کراوە


ئێران جارێکی بە موشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان ‌هێرش دەکاتە سەر بارەگاکانی پارتە کوردەکانی ئۆپزسیۆنی ئێران لە ناو خاکی هەرێمی کوردستان کە تۆمەتباریان دەکات بە هاندانی خۆپیشاندانەکانی ناو ئێران.

لە هێرشەکانی ئەمڕۆ سێشەممەدا پارتی ئازادی کوردستان کراونەتە ئامانج. گوتەبێژی پارتەکە ئەو هێرشانەی بۆ دەنگی ئەمەریکا پشتڕاست کردەوە.

خەلیل نادری، گوتەبێژی پارتی ئازدی کوردستان بە بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند " چوار مووشەک لە ئێرانەوە ئاڕاستەی بارەگاکانمان ( لە پردێ) کراوە. مووشەکەکان ئامانجیان نەپێکاوەو بە دووری چەند سەد مەترێک لە بارەگاکانمان کەوتوونەتە خوارەوە."

بەڕێز ناردری دەشڵێت هێرشەکانی ڕۆژی سێشەممە بۆ سەر بارەگاکانیان " هیچ زیانێکی گیانی لێنەکەوتووەتەوە."

هەر ڕۆژی سێشەممە ئاژانسی تەسنیمی نیمچە فەرمی ئێران بڵاوی کردەوە ، سوپای پاسدارانی ئێران " گەڕێکی نوێی هێرشی دژ بە گروپە تیرۆرستییەکانی کە بنکەیان لە هەرێمی کوردستانە ئەنجام داوە"، ئەمەش دووهەم هێرشی لەم جۆرەیە لەماوەی دوو ڕۆژی ڕابردوودا.

لاوک غەفوری، بەرپرسی کاروباری میدیای بیانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە توتیتێکدا دەڵێت " ئەمڕۆ کۆماری ئیسلامی ئێران بە موشەک گروپەکانی ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی لە دوو ناوچەی هەرێمی کوردستان کردە ئامانج."

دەشڵێت ئەو ناوچانەی ئەو ناوچانەی کراونەتە ئامانج شارۆچکەی پردێ و ناوچەی دێگەڵەیە.

لە پاش خۆپیشاندانەکانی ئێران کە بەهۆی ناڕەزایەتی لە مەرگی ژینا ئەمینی دەستیپێکرد و پاشان تەشەنەی سەند، کۆماری ئیسلامی ئێران ئەمە چوارەم جارە هێرشی مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان (درۆن) دەکاتە سەر حزبە کوردییەکانی ئۆپزسیۆنی ئێران لە نا خاکی هەرێمی کوردستاندا.

XS
SM
MD
LG