Accessibility links

لە ناو کەمپی هۆلی باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا دوو کچ دەکوژرێن


تەرمی دوو کچی میسری ڕۆژی سێشەممە لە ناو کەمپی هۆلی ڕۆژهەڵاتی شاری حەسەکە دۆزراوەتەوە.

سەرچاوەیەکی ئەمنی بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند هێزی ئاسایشی ناوخۆ تەرمەکانی ئەو دوو کچەی بردووە بۆ نەخۆشخانەیەکی شاری حەسەکە تا لەوێ پزیشکی دادوەری لێکۆڵینەوە لە هۆکاری مردنەکەیان بکات.

هەتا ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە هیچ زانیارییەک لەبارەی ناو و تەمەنی ئەو کچانەوە بڵاو نەکراوەتەوە.

لە ماوەی دوو مانگی ڕابردوودا ئەمە یەکەم جارە کوشتن لە کەمپی هۆل ڕووبدات. بە پێی ئامارە نافەرمییەکان، نزیکەی 55 هەزار کەس لەو کەمپەدا دەژین کە بەشێکیان خێزانەکانی چەکدارانی داعشن.

بە گوێرەی ڕاپۆرتەکان 28 هەزار هاووڵاتی عێراقی، نزیکەی 19 هەزار هاووڵاتی سوریایی و زیاتر لە 8 هەزار هاووڵاتیانی بیانی لە ناو ئەو کەمپەدا دەژین.

دوو مانگ لەمەوبەر هێزەکانی سوریای دیموکراتیک (هەسەدە) بە پشتیوانی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی ئۆپەراسیۆنێکی ئاسایشی لە ناو کەمپی هۆل ئەنجام دا بە مەبەستی ڕێگەگرتن لە توندوتیژییەکانی نێو کەمپەکە.

دوایین حاڵەتی کوشتن لە 10ی مانگی 9ی ڕابردوودا بوو، کە تەرمی پەنابەرێکی عێراقی لە کەمپەکە دۆزرایەوە.

ناو کەمپی هۆل، باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا
ناو کەمپی هۆل، باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا

چاودێران پێیانوایە کە ئۆپەراسیۆنە ئاسایشییەکان زیان بە شانەکانی داعش دەگەیەنن، بەڵام پاش ماوەیەک ئەوان جارێکی تر خۆیان ڕێکدەخەنەوە هێرشەکانیان ئەنجام دەدەن.

سەید دەلی، چاودێری سیاسی ئاماژە بەوە دەکات دۆخی ئەمنی کەمپەکە هێشتا زۆر خراپە و پێویستە دەستبەجێ کاربکرێت بۆ گێڕانەوەی عێراقییەکان و کۆنترۆڵی ئاسایشی لە کەمپەکەدا جێگیر بکرێت.

نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت لە سەرەتای ساڵی 2021 وە زیاتر لە 100 کەس لە ناو ئەو کەمپەدا کوژراون.

بەرپرسانی هەسەدە و بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریاش هەمیشە داوا لە وڵاتانی جیهان دەکەن کە هاووڵاتییەکانی خۆیان کەلە کەمپی هۆلدان بگێڕنەوە.

XS
SM
MD
LG