Accessibility links

سکرتێری گشتی ناتۆ هۆشداری دەدات دژی بە کەم سەیرکردنی ڕووسیا


سکرتێری گشتی هاوپەیمانێتی ناتۆ یانس ستۆڵتنبێرگ دەڵێت ئەوە بەندە بە ئۆکرانییەکانەوە چی مەرجێک پەسەند دەکەن بۆ گفتوگۆکردن بۆ کۆتایی هێنان بەو جەنگەی کە ڕووسیا دژی وڵاتەکە هەڵیگیرساندووە، هۆشداریشیدا و وتی هێزی ڕووسیا نابێت بە کەم سەیر بکرێت سەرەڕای سەرکەوتنەکانی ئەمدواییانەی هێزەکانی ئۆکرانیا لە گۆڕەپانی جەنگەکەدا.

لە ماوەی ڕابردوودا سەرۆکی ئۆکرانیا ڤلۆدیمیر زێلێنسکی سەردانی شاری خێرسۆنی ئازادکراوی باشووری ئۆکرانیای کرد کە لەمدواییانەدا لەلایەن هێزەکانی ئۆکرانیاوە کۆنتڕۆڵ کرایەوە و بووە سێیەمین شکستی گەورەی سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتن لە ماوەی جەنگەکەدا.

ستۆڵتنبێرگ لە میانەی کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانی هاوبەشدا لەگەڵ بەرپرسانی حکومەتی هۆڵەندادا لە هاگ، وتی " نابێت هەڵەی بە کەم سەیرکردنی ڕووسیا بکەین. هێزە چەکدارەکانی ڕووسیا توانای بەرچاوییان هەیە، ژمارەیەکی زۆریش سەربازییان هەیە."

وتی " مانگەکانی دواتر سەخت دەبن. ئامانجی پوتن ئەوەیە لەم زستانەدا ئۆکرانیا بە تاریکی و سەرما بهێڵێتەوە. لەبەر ئەوەی دەبێت بێگومان بمێنینەوە."

هاوکات ستۆڵتنبێرگ بە هەمان شێوەی وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن، وتی ئەوە پەیوەستە بە ئۆکرانیاوە بڕیار بدات لەسەر ئەوەی کەی و چۆن گفتوگۆ لەگەڵ ڕووسیادا بکات بۆ کۆتایی هێنان بە جەنگەکە.

وتی " ئەوان ' ئۆکرانییەکان ' گەورەترین باجییان داوە لە ڕووی زیانی گیانی و ئەو زیانانەی کە بە وڵاتەکە گەیشتووە. لەبەر ئەوە ئەوە پەیوەستە بە ئۆکرانیاوە بڕیار بدات لەسەر ئەوەی چی جۆرە مەرجێکی دەبێت بۆ ئەوان ' ڕووسییەکان ".

وتیشی " ئەوەی لەسەر مێزەکە ڕوودەدات پەیوەستە بە بارودۆخی گۆڕەپانی جەنگەکەوە. لەبەر ئەوە ئێمە دەبێت پشتیوانی لە ئۆکرانیا بکەین و دەستەکەی بەهێز بکەین بۆ ئەوەی لە قۆناغێکدا گفتوگۆ بکرێت و تیایدا ئۆکرانیا وەکو وڵاتێکی خاوەن سەروەر و سەربەخۆی ئەوروپا سەربکەوێت."

XS
SM
MD
LG