Accessibility links

یەڵێن: ئەمەریکا سزا بەسەر تۆڕێکی پەیداکردنی پێویستی سەربازیی بۆ ڕووسیا دەسەپێنێت


وەزیری خەزێنەی ئەمەریکا جانێت یەڵین
وەزیری خەزێنەی ئەمەریکا جانێت یەڵین

وەزیری خەزێنەی ئەمەریکا جانێت یەڵین دەڵێت ئەمەریکا سزای نوێ دەسەپێنێت بەسەر تۆڕێکی نێودەوڵەتی کەس و ئەو کۆمپانیایانەی کە کارییان کردووە بۆ پەیداکردنی تەکنەلۆجیای سەربازیی بۆ ڕووسیا.

یەڵین وتی سزاکان 14 کەس و 28 لایەن دەگرنەوە، بەو دامەزراوانەشەوە کە ئاسانکاری دارایی دەکەن، بەڵام ڕەتی کردەوە وردەکاری بدات لەسەر شوێنی ئەو کەس و لایەنانە.

یەڵین وتی " ئەمە بەشێکە لە هەوڵێکی گەورەترمان بۆ تێکدانی هەوڵەکانی ڕووسیا لە جەنگەکەیدا و ڕێگریکردن لە دەستڕاگەیشتنی ڕووسیا بەو کەلوپەلانەی کە پێویستییەتی، ئەوەش لە ڕێی سزاکان و کۆنتڕۆڵکردنی هەناردەکردنەکانەوە."

هەروەها ڕەتی کردەوە وردەکاری بدات لەسەر ئەوەی سزاکان چی جۆرە تەکنەلۆجیایەکی سەربازیی دەکەنە ئامانج.

وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکا سزای گەورەی بەسەر کۆمپانیا پیشەسازییە سەربازییەکانی ڕووسیادا سەپاندووە، هەروەها وەزارەتی بازرگانی ئەمەریکاش هەناردەکردنی ئەو تەکنەلۆجیایانەی ئەمەریکای بۆ ڕووسیا قەدەغە کردووە کە لە هەندێک لە کەلوپەلە سەربازییەکانی ڕووسیادا بەکارهاتوون. یەڵین وتی ئەمانە لە گۆڕەپانی جەنگەکەدا لە ئۆکرانیا کاریگەرییان هەبووە.

ڕووسیا فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی لە ئێرانەوە دەستکەوتووە کە بەکارهاتوون بۆ هێرشکردنە سەر شارەکانی ئۆکرانیا و ژێرخانە هەستیارەکانی ئەو وڵاتە. لایەن و پیشەسازییە سەربازییەکانی ئێران لە ژێر سزای قورسی ئەمەریکادان، کە بەهۆی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێرانەوە سەپێندراون بەسەر تاراندا. ڕوون نیە کە ئایا سزاکانی ئەمجارەی ئەمەریکا پەیوەستن بە کڕینی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ئێرانەوە یاخود نا.

یەڵین وتیشی لە هەمان کاتدا ئەمەریکا بەردەوام دەبێت لە پشتیوانیکردنی ئۆکرانیا لە ڕووی دارایی و ئابوورییەوە. بەڕێوبەرایەتییەکەی بایدن داوای 4.5 ملیار دۆلاری کردووە بۆ یارمەتیدانی ئۆکرانیا، یەڵین وتیشی هەر کە کۆنگرێس داواکەی پەسەند کرد، وەزارەتی خەزێنە دەستبەجێ یارمەتییەکان ڕەوانە دەکات بۆ ئۆکرانیا.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG