Accessibility links

زێلێنسکی: هێزەکانی ڕووسیا ژێرخانی خێرسۆنییان لە ناوبردووە


سەرۆکی ئۆکرانیا ڤلۆدیمیر زێلێنسکی
سەرۆکی ئۆکرانیا ڤلۆدیمیر زێلێنسکی

سەرۆکی ئۆکرانیا ڤلۆدیمیر زێلێنسکی دەڵێت هێزەکانی ڕووسیا پێش هەڵاتنیان ژێرخانە هەستیارەکانی شاری خێرسۆنی باشووری ئۆکرانیایان لە ناوبردووە، وتیشی بەرپرسانی ناوخۆ دەستیان کردووە بە جێگیرکردنی شارەکە.

بەڵام هێزەکانی سەر بە ڕووسیا شەڕێکی سەختتر دەکەن لە شوێنەکانی دیکەی ئۆکرانیا، زێلێنسکی وتی شەڕەکانی هەرێمی دۆنێتسکی ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا دۆزەخین.

ڕۆژی هەینی دانیشتوانی شاری خێرسۆن پێشوازییان لە گەیشتنی هێزەکانی ئۆکرانیا کرد، دوای ئەوەی هێزەکانی ڕووسیا خێرسۆنی پایتەختی هەرێمی خێرسۆنیان چۆڵ کرد کە تەنها هەرێم بوو لە دوای دەستپێکردنی داگیرکارییەکەیەوە لە ئۆکرانیا کۆنتڕۆڵی کردبوو.

زێلێنسکی وتی " پێش هەڵاتنیان لە خێرسۆن، داگیرکەران سەرجەم ژێرخانە هەستیارەکانیان لە ناوبردووە، پەیوەندییەکان و ئاو و گەرمی و کارەبا."

وتیشی " ڕووسییەکان لە شوێنەکانی دیکەش هەمان ئامانجیان هەیە: سوکایەتیکردن بە خەڵکەکە. بەڵام هەموو شتێک دەگەڕێنینەوە، باوەڕم پێبکەن."

زێلێنسکی ئاماژەی بەوەدا هێزەکانی ئۆکرانیا کۆنتڕۆڵی زیاتر لە 60 ناوچەیان لە هەرێمی خێرسۆن کردووە.

وتی " پۆلیس دەستیکردووە بە گرتنەبەر ڕێوشوێنەکانی جێگیرکردنی ناوچەکە. ڕێوشوێنەکان لە خێرسۆنیش جێبەجێ دەکرێن." ئاماژەی بەوەدا تاوەکو ئێستا مامەڵە لەگەڵ نزیکەی 2000 مینی چێندراو و وایەری تەقینەوە و گولەی نەتەقیو کراوە.

وتیشی ئۆکرانیا توانی ئۆپەراسیۆنی سەرکەوتوو لە خێرسۆن و شوێنەکانی دیکەش ئەنجام بدات، بەشێک لە هۆکارەکەی بەرخۆدانەکان بووە لە هەرێمی دۆنێتسک دژی هێرشە دووبارەوە بووەکانی ڕووسیا.

وتی " لەوێ دۆزەخە، ڕۆژانە شەڕی زۆر سەخت و توند ڕوودەدەن. بەڵام یەکەکانمان ئازایانە بەرگری دەکەن، ڕووبەڕووی فشارە زۆر خراپەکانی داگیرکەران بوونەتەوە، هێڵەکانی بەرگریمان دەپارێزن."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG