Accessibility links

سوید: یەکێتی ئەوروپا دەبێت سزای ئێرانییەکان بدات لەسەر یارمەتیدانی ڕووسیا


سوید دەڵێت یەکێتی ئەوروپا دەبێت سزای هەر ئێرانییەک بدات کە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان یاخود موشەک بدات بە ڕووسیا تاوەکو مۆسکۆ لە جەنگەکەیدا دژی ئۆکرانیا بەکارییان بهێنێت، زیاتر و بەسەر ئەو سزایانەوە کە بەهۆی سەرکوتکردنی خۆپیشاندانەکانی ئێرانەوە سەپێندراون بەسەر تاراندا.

وەزیری کاروباری دەرەوەی سوید تۆبیاس بیلسترۆم لە چاوپێکەوتنێکدا بە ڕۆیتەرزی وت " پێم وایە ئەگەر تاوانبارەکان لەوێ بدۆزینەوە ئەوا بێگومان دەبێت سزا بدرێن."

بیلسترۆم دوای کۆبوونەوەکەی وەزیرانی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا وتی" ئەوانەی کە یارمەتی ڕووسیا دەدەن لە دوژمنکارییەکەیدا دژی ئۆکرانیا ڕەنگە پێویست بکات بە شێوەیەک لە شێوەکان سزا بدرێن. سەپاندنی سزاکانیش بە بۆچوونی من تەنها ڕێگەن بۆ سزادانی ئەو کەسانەی کە بەرپرسن لەمە."

وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا پێشتریش سەرمایەی سێ کەس و لایەنێکیان سڕ کردووە کە پەیوەندییان بە پێدانی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ئێرانەوە هەبووە بە ڕووسیا.

وەزیرانی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا لە کۆبوونەوەکەیاندا سزای نوێیان سەپاند بەسەر ئەو کەس و ڕێکخراوانەدا کە یەکێتییەکە پێی وایە بەشێوەیەکی بەرچاو هێزییان دژی خۆپیشاندەرانی ئێران بەکارهێناوە.

بیلسترۆم وتی سزای دیکەی یەکێتی ئەوروپا ڕەوایە چونکە بارودۆخەکە خراپتر بووە و " بڕی ئەو توندوتیژییانەی دژی خەڵکەکە ئەنجام دەدرێن لەسەر شەقامەکان ترسناکە."

لە ماوەی ڕابردوودا سەرۆکی فەڕەنسا ئیمانوێل ماکرۆن وتی سەرکوتکردنی خۆپیشاندەران لەلایەن ڕابەرانی ئێرانەوە گەیشتن بە ڕێککەوتنێک لەسەر دووبارە زیندووکردنەوەی ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکەی ساڵی 2015 ی نێوان ئێران و زلهێزەکانی جیهان قورستر دەکات.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG