Accessibility links

ئێران خۆی بۆ خۆپیشاندانی نوێ ئامادە دەکات


بڕیارە جارێکی دیکە خۆپیشاندەران لە سەرانسەری ئێران بڕژێنە سەر شەقامەکان سەرەڕای پچڕانی هێڵەکانی ئینتەرنێت، لە کاتێکدا ئەو بزووتنەوە ناڕەزایەتییەی بەهۆی تووڕەیی لەسەر گیان لەدەستدانی ژینا ئەمینی لەدوای دەستبەسەرکردنی سەریهەڵدا، پێ دەنێتە هەفتەی پێنجەمەوە.

مەرگی ژینا ئەمینی سێ ڕۆژ دوای دەستبەسەرکردنی لەلایەن پۆلیسی ئەخلاقی ئێرانەوە، گەورەترین شەپۆلی ناڕەزایەتی و توندوتیژی لە شەقامەکانی ئێران هێنایە ئاراوە کە ساڵانێکە ئەم وڵاتە بەخۆیەوە نەبینیووە.

ژنانی گەنج لە پێشەنگی خۆپیشاندانەکاندان و دروشمی دژە حکومەتیان بەرزکردۆتەوە، لەچکەکانیان لابردووە و دەیانسووتێنن و لەسەر شەقامەکان لە بەرامبەر هێزە ئەمنییەکان وەستاون.

سەرەڕای ڕێگریکردن لە ئینتەرنێت، لەنێویاندا پلاتفۆرمی وەک ئینستاگرام و واتسئەپ، چالاکوانان بانگەوازێکیان لە ئۆنلاین بڵاوکردەوە بۆ ئەوەی زۆرترین کەس بەشداری لە خۆپیشاندانەکانی ڕۆژی شەممەدا بکەن.

چالاکوانان لەو ڕێگەیەوە داوایان لە خەڵکی سەرتاسەری ئێران کردووە لەو شوێنانەدا خۆپیشاندان بکەن کە هێزە ئەمنییەکان تێیدا ئامادە نین و دروشمی "مەرگ بۆ دیکتاتۆر" بڵێنەوە، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئایەتوڵڵا عەلی خامەنەیی ڕێبەری باڵای ئێران.

هەروەها لەم هەفتەیەدا بانگەوازێک بڵاوکرایەوە بۆ ئەوەی "خانەنشینانی" سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی بە لەبەرچاوگرتنی "دۆخی هەستیاری ئێستا" ڕۆژی شەممە کۆببنەوە.


'ژنانی ئازای ئێران'

ژنانی ئێران بوون بە پێشەنگی خۆپیشاندانەکان و سەرۆکی ئەمەریکاش پشتیوانی خۆی بۆ ژنانی ئازای ئێران ڕاگەیاندووە.

درەنگانێکی ڕۆژی هەینی جۆو بایدن گوتی"دەمەوێت بزانن کە ئێمە لەگەڵ هاووڵاتیان و ژنانی ئازای ئێراندان."

گوتیشی" سەرسام بووم بە ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکانی ئێران کە گەورەترین شەپۆلی خۆپیشاندانەکانی لە ساڵانی ڕابردوودا بەخۆیەوە بینیووە، شتێک لە ئێران بە ئاگا هێنرا کە پێموانییە بۆ ماوەیەکی زۆر زۆر بێدەنگ یان کپ بکرێت."

ئاماژەی بەوەشکردووە، "ژنان لە هەموو جیهاندا بە چەندین شێوە دەچەوسێنرێنەوە، بەڵام پێویستە بتوانن ئەو شتانە بپۆشن کە دەیانەوێت بەناوی خوداوە یاخود بۆ خودا بیپۆشن."

سوود لە دەنگی ئەمەریکا، ڕۆیتەرز وەرگیراوە

XS
SM
MD
LG