Accessibility links

خانمی یەکەمی ئەمەریکا ستایشی کچان و ژنانی ئێران دەکات


ڕۆژی سێشه‌ممه‌ خانمی یه‌كه‌می ئه‌مەریكا به‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی تویتێک به‌ بۆنه‌ی ڕۆژی كچان، ستایشی "ئازایەتی" ژنان و كچانی ئێرانی كرد له‌ ناڕه‌زایه‌تییه‌ به‌رده‌وامه‌كانی ئێرانییەکاندا.
جیل بایدن هاوژینی سەرۆک بایدن لە تویتێکی ڕۆژی سێشەممەیدا دەڵێت " کچان و ژنانی بەجەرگی ئێران لە ڕێگای کرداری بوێرانەیان و دروشمەکانی ژن، ژیان، ئازادییەوە دەنگی خۆیان هەڵدەبڕن تا هەموان بیبیستن.
ئێوە ئەوەبزانن جیهان لێتان دەڕوانێت و ئێمەش گوێمانلێتانە."


لە هەمان تویتیدا خانمی یەکەمی ئەمەریکا جیل بایدن دەشڵێت " ئێمە ڕێز لەو کچانە دەگرین لە سەرانسەری جیهان کە لە پێناو ماف و ئازادییەکانیاندا دێنە دەنگ، زۆرجار لە بەرامبەر مەترسییەکی گەورەدا."
هاوکات لەگەڵ تەشەنەسەندنی خۆپێشاندانەکانی ئێران لەدژی کۆماری ئیسلامی، حکوومەتەکانی ڕۆژاوا لە ناویاندا ئەمەریکا، کەنەدا، بەریتانیا و یەکێتی ئەوروپا سزایان بەسەر دامەزراوەکان و کاربەدەستانی باڵای کۆماری ئیسلامیدا سەپاندووە.
لەگەڵ ئەوەشدا بەڕێوەبەرایەتی بایدن بەڵێنی داوە کە ئاسانکاری بکات تا هاووڵاتیانی ئێران بتوانن دەستیان بە ئەنتەرنێت و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ڕابگات بۆ ئەوەی جیهانی دەرەوە زیاتر ئاگادارببنەوە لەو دۆخیە ئێستا لە ناو ئێراندا هەیە.
لە ئێستادا ژنان و کچانی ئێران پێشەنگی ئەو خۆپیشاندانانەن کە ناو ئێران لە پاش مەرگی ژینا ئەمینی سەری هەڵدا. ژینا کچێکی کوردی تەمەن 22 ساڵان بوو کە لە سەقزەوە لەگەڵ براکەی بۆ گەشتێک چووبوون بۆ تاران، لەوێ لەلایەن گەشتی ئیرشاد ( پۆلیسی ڕەوشت) دەستگیرکرا بەهۆی ئەوەی گوایە ڕەچاوی حیجابی زۆرە ملێی نکردووە و پاشان لە دەمی دەستبەسەریدا گیانی لەدەستدا. ئەمە ناڕەزایەتییەکی گەورەی لە ئێراندا دروست کرد و بووە هۆی ئەوەی بە سەدان ژن بە دروشمی ' ژن، ژیان، ئازادی'ەوە وەک ناڕەزایەتی دەربڕین پرچی خۆیان بڕی و حیجابەکانیان سوتاند. لەم شەپۆلی ناڕەزایەتییانەدا سەدان کەس کوژراون و هەزارانیش لەلایەن هێزەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە دەستگیرکراوەن.
حکومەتی ئێران دەڵێت سورە لەسەر ئەوەی مامەڵەی خراپ لەگەڵ ئەمینی نەکراوە بەڵکو هۆکاری مردنەکەی دەگەڕێننەوە بۆ جەڵدە، بەڵام خێزانەکەی دەڵێن تەرمەکەی نیشانی ئەشکەنجەو لێدانی پێوە دیاربووە.

XS
SM
MD
LG