لە کاتێکدا ناڕەزایەتییەکان لە ئێران بەهۆی کوشتنی کچێکی گەنجەوە پەرەی سەند و نزیکەی 80 شاری ئێرانی گرتەوە، دەسەڵاتداران بە گرتنی خۆپیشاندەران و ڕۆژنامەنووسان وەڵامیان داوەتەوە، زۆربەی ئەوانەی دەستگیرکراون ژنن.
تا ڕۆژی هەینی، گروپەکانی مافی ڕۆژنامەنوسان و ئازادی بڵاوکردنەوە کە بەدواداچوون بۆ دەستگیرکردنی ئەو ڕۆژنامەنووسانە دەکەن کە ڕووماڵی کوژرانی ژینا ئەمینی تەمەن 22 ساڵیان کردووە و ڕووماڵی ناڕەزایەتییەکان کردووە، دەستبەسەرکردنی لانیکەم 28 ڕۆژنامەنووسیان کردووە بە بەڵگە.
کیران نازیش، بەڕێوەبەری دامەزرێنەری هاوپەیمانی بۆ ژنان لە دامەزراوەی ڕۆژنامەگەری ( CFWIJ) کە ڕێکخراوێکی بنەڕەتییە و گرنگی بە پاراستنی ژنان و ڕۆژنامەنووسانی ئێڵ جی بی تی کیو دەدات.
نازیش بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، هەرچەندە CFWIJ توانیویەتی شوێنی چەند ڕۆژنامەنووسێکی زیندانیکراو پشتڕاست بکاتەوە، بەڵام "تەنانەت نازانین دەسەڵاتداران چەندی دیکەیان زیندانیکردووە."
ئاماژەی بەوەشکردووە لە ئێران "ڕۆژنامەنووسان زیندانی دەکرێن و دواتر دیار نامێنن."
کۆمیتەی داکۆکیکردن لە ڕۆژنامەنووسان (CPJ) کە بنکەکەی لە نیویۆرکە و هەروەها بەدواداچوون بۆ دەستگیرکراوەکان دەکات، ڕایگەیاندووە کە زۆربەیان شەوانە لەلایەن بریکارەکانی دەسەڵاتەوە لە ماڵەکانیان دەبرێن کە بەڵگەنامەی دادگا و بەبێ فەرمانی دەستگیرکردن و نیشاندانی هیچ بەڵگەنامەیەکی یاسایی. زۆرێک لەو کەسانەی دەستبەسەرکراون بە فەرمی تۆمەتبار نەکراون.
بە ئامانجگرتنی کەسانی دیکە
تەنها پەیامنێران نین کە دەکرێنە ئامانج. ڕێکخراوی مافەکانی مرۆڤی ئێران کە ڕێکخراوێکی قازانج نەویستە و بنکەکەی لە نەرویجە، ڕایگەیاندووە کە لانیکەم 83 خۆپیشاندەر کوژراون و هەزاران کەسیش دەستبەسەر کراون.
ڕێکخراوەکە ڕایگەیاندووە، کارمەندانی ئاسایش بە فیشەکی ڕاستەقینە تەقەیان لە خەڵک کردووە، هەروەها هەڕەشە لە خێزانەکان کراوە کە نابێت ڕێکاری یاسایی بگرنە بەر بۆ ئەوەی ڕێگری بکەن لەسەر داوای یاسای سەبارەت بە کوژراوەکان.
نوێنەرایەتی ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان وەڵامی ئەو ئیمەیڵەی دەنگی ئەمەریکای نەدایەوە کە داوای لێدوانی کردبوو.
پچڕانی ئینتەرنێت و لەکارخستنی ئاپەکانی سۆشیال میدیا وایکردووە کە وەرگرتنی زانیاری لەسەر ئێران قورس بێت.
یەگانە ڕەزایان، توێژەری باڵای کۆمیتەی داکۆکیکردن لە ڕۆژنامەنووسان (CPJ) بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند "ڕژێم نایەوێت هەواڵی سەرکوتی دڕندانەی ئەوان بڵابکرێتەوە. "ئەوان نایانەوێت مرۆڤەکان پەیوەندییان بە یەکەوە و بە جیهانی دەرەوە هەبێت."
سەرەڕای سنووردارکردنەکان،CPJ و CFWIJ کاریان کردووە بۆ پاراستنی ڕۆژنامەنووسان و دڵنیابوونەوە لەوەی کە جیهان ئاگاداربکەنەوە لەوەی چی لە ئێران ڕوودەدات.
بۆ هاوپەیمانی بۆ ژنان CFWIJ کە بە واتای کارکردنی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ڕۆژنامەنووسان و چالاکوانانی ئێران پەیوەندیدەگرن کە پەیوەندییان بە کۆمەڵگا خۆجێییەکانەوە هەیە؛ بەڕێوبەری ئەو ڕێکخراوە دەڵێت "بەهۆی زیادبوونی هەڕەشەکانەوە، ئەو کەسانەی کە پەیوەندییان پێیانەوە هەیە ناچاربوون شوێنەکانیان بگۆڕن و ناوی نهێنی بەکاربهێنن."
دەسەڵاتداران وەڵام نادەنەوە
تەنانەت پێش خۆپیشاندانەکان، داکۆکیکردن لە ڕۆژنامەنووسانی زیندانیکراو لە ئێران زۆر جیاواز بوو لەوەی کە CFWIJ لە 127 وڵاتی دیکەدا کە کاریان تێدا دەکات، کارەکانیان سەخترە.
بە شێوەیەکی ئاسایی پارێزەران هێڵی سەرەکی پەیوەندین، بەڵام لە ئێران زۆرجار خۆیان لە قسەکردن لەگەڵ ڕۆژنامەنووسان دەپارێزن.
نازیش بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند "یەکێک لە گەورەترین ئاڵنگارییەکان، تەنانەت پێش ئەم ساتەوەختەی کە ئێستا تێیداین، ئەوە بووە کە دەسەڵاتدارانی ئێران وەڵامیان ناداتەوە. تۆ ناتوانیت بڕۆیت بۆ ئێران و ناتوانیت قسە لەگەڵ ڕۆژنامەنووسەکە بکەیت هەرچەند داواشمان لێبکەن".
هەروەها بانگەوازکردن بۆ سەرکردەکانی ئۆپۆزسیۆن و ئەندامانی حکومەت بەهۆی کۆنترۆڵی دەوڵەتەوە نزیکە لە مەحاڵ. نازیش گوتیشی "تەنها کەسانێک کە وەک لایەنی پەیوەندیدار لەوێن، چالاکوانەکانی دیکەن، کە ئەوانیش لەژێر هەڕەشەدان".
هاوکات دەشڵێت گواستنەوەی ڕۆژنامەنووسان کە لەبەردەم مەترسیدان بۆ وڵاتێکی سەلامەتتر پڕ کێشە و سەختییە.
کاتێک تاڵیبان لە مانگی 8 ی ساڵی 2021 دا کۆنترۆڵی ئەفغانستانی کرد، CFWIJ توانی 402 ڕۆژنامەنووس بە سەلامەتی ڕزگار بکات.
بەڵام لە ئێران دوورخستنەوەی خەڵک بژاردەیەک نەبووە. لەوێدا زۆرجار دەسەڵاتداران دەست بەسەر بەڵگەنامەکانی ڕۆژنامەنووسە دەستبەسەرکراوەکاندا دەگرن، ئەمەش ڕێگری دەکات لە وەرگرتنی پاسپۆرت تەنانەت دوای ئازادکردنیشیان.
پێش خۆپیشاندان و دەستگیرکردنەکان، ئێران پێشتر لە ڕوانگەی چاودێری CFWIJدا بوو بەهۆی مامەڵەکردنی خراپیان لەگەڵ ژناندا.
نازیش گوتیشی ڕۆژنامەنوسە ژنەکان ڕووبەڕووی جیاوازی مووچە بوونەتەوە، سنووردارکردنی ئەو چیرۆکانەی کە دەتوانن ڕووماڵیان بکەن، هێرشی دژە ڕەگەزی لەسەر سۆشیال میدیا، هەڕەشەکردن لە ئەندامانی خێزان و توندوتیژی جەستەیی.
نازیش لە لێدوانێکیدا بۆ دەنگی ئەمەریکا ڕایگەیاند "ژنانی ڕۆژنامەنووسان لە ڕاستیدا لە بوارەکەدا کار ناکەن کە زۆر بەسوود بێت بۆیان." "واتە ئەوە نییە کە ئەوان چێژ لە پیشەیەکی گەشەسەندوو وەربگرن وەک ڕۆژنامەنووسێک لە ئێران. ئەوان ئەو کارە دەکەن چونکە گرنگی بە دیموکراسی، یەکسانی، کۆمەڵگەی مەدەنی دەدەن. ئەوان گرنگی بە مافەکانیان دەدەن وەک ژن، گرنگی بەو شتانە دەدەن کە بەسەر خەڵکی ئێراندا دێت و ئەوان پابەندن بەو کارەوە."
ڕۆژنامەنووسێکی ئێرانی کە لە ئەمەریکا دەژی، ڕەزاییان کە کۆمیتەی داکۆکیکردنە لە ڕۆژنامەنوسان CPJ دەڵێت "دەنگی ژنان لە وڵاتانی وەک ئێران و ئەفغانستاندا کە "ڕەنگە مەرج نییە لە نێو هەموو چین و توێژەکانی ئەو کۆمەڵگەیە پێشوازییان لێ بکرێت یان ڕێگەیان پێبدرێت، زیاتر ڕێبە پیاوان دەدەن."
ساڵانێکە سەرکوتکردن بەردەوامە
ناڕەزایەتییەکانی ئێستای ئێران لەلایەن ژنانەوە سەرکردایەتی کراوە و دوابەدوای دەیان ساڵ لە سەرکوتکردن و نەبوونی ئازادی.
مەهتاب دیڤسالار، سەرنووسەری باڵای "زەمانە میدیا" کە ڕێکخراوە هەواڵیەکی سەربەخۆیە بە زمانی فارسی، بنکەکەی لە ئەمستردامە دەڵێت "لە 44 ساڵی ڕابردوودا کۆماری ئیسلامی هەوڵی داوە ژنان بخاتە پەراوێزەوە و وەک هاوڵاتی پلە دوو مامەڵەیان لەگەڵدا بکات. "
دیڤسالار دەڵێت "ئەوان تەنها نایانەوێت دەرکەوتنی ڕووخساری ژنان لەناو کۆمەڵگەدا کەم بکەنەوە؛ بەڵکو ئەوان بە یاساکانی خۆیان کە دەیسەپێنن، بە پڕوپاگەندەکانیان، هەروەها بە گێڕانەوەی چیرۆکەکانی خۆیان ئەم کارە دەکەن".
دیڤسالار کە پێش ئەوەی ئێران بەجێبهێڵێت و بەرەو ئەمەریکا و دواتر ئەمستردام بڕوات، هەشت ساڵ لە ئێران ڕاپۆرتی کردووە؛ دەڵێت ناڕەزایەتییەکانی ئێستا تەنیا سەبارەت نییە لەبەرکردنی حیجابی زۆرەملێ. بەڵکو ژنان خەبات دەکەن بۆ مافە سەرەتاییەکانی دیکە، لەوانە مافی جیابوونەوە و وەرگرتنی میرات بە یەکسانی.
شایەنی باسە ئەو رۆژنامەنووسە بۆ چەندین دەزگای هەواڵ راپۆرتی ڕاپۆرتی ناردووە، لەوانە دەنگی ئەمەریكا بەشی فارسی.
هەروەها ڕەزاییان پێیوایە نەبوونی ئازادییە کۆمەڵایەتی و ڕۆژنامەوانیەکان و هەروەها پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ و گوشارە ئابوورییەکان هاوکاتی دۆخی ئێستای ناڕەزایەتییەکانی ئێرانن.
دەشڵێت "هەموو ئەمانە بوونەتە هۆی دروستبوونی ژینگەیەکی بۆ خنکاندنی گەنجان و نەوەی گەنج نایانەوێت چیتر بەرگەی ئەو فشارانە بگرن".
نازیش پێیوایە پێویستی بە "فشاری نێودەوڵەتی" دەبێت بۆئەوەی ڕۆژنامەنووسانی زیندانیکراو لە ئێران ئازاد بکرێن.
نازیش لە لێدوانێکیدا بۆ دەنگی ئەمەریکا دەشڵێت "لە بنەڕەتدا ئێران دەیەوێت ڕۆژنامەکان بخنکێنێت. ئەوان نایانەوێت میدیاکان ڕوماڵێکی چڕوپڕی ئەو شتانە بکەن کە ژنان باسی دەکەن، ئەوان نایانەوێت کۆمەڵگەیەکی مەدەنی کۆبکرێتەوە و دەیانەوێت ئەو ڕۆژنامەنووسانە بێدەنگ بکەن کە هەوڵی ڕووماڵکردنی ئەوە بابەتانە دەدەن."
*ڕوماڵی تایبەتی دەنگی ئەمەریکا