Accessibility links

هێزە ئاسایشییەکانی ئێران ڕووبەڕووی خۆپیشاندەران دەبنەوە و ناڕەزایەتییەکانیش بەردەوامن


میدیاکانی دەوڵەتی ئێران و سۆشیال میدیاکان بڵاویانکردەوە کە ڕۆژی سێشەممە لە دەیان شار پۆلیسی ئاژاوەگێڕی و هێزە ئەمنییەکانی ئێران ڕوبەڕوبوونەوە خۆپیشاندەران بوونەتەوە و پێکدادان ڕوویداوە ، ئەمەش لەکاتێکدایە کە خۆپیشاندانەکان لە دژی کوژرانی کچێکی گەنجی ئێرانی بە ناوی ژینا ئەمینی لە کاتی دەستبەسەرکردنیدا لەلایەن پۆلیسەوە هەروا بەردەوامە.

ئەمینی تەمەن 22 ساڵ، خەڵکی شاری سەقز بووە، کوردی ناوچە کوردنشینەکانی ئێرانە، ئەم مانگە لە تاران بە تۆمەتی "جلوبەرگی نەشیاو" لەلایەن پۆلیسی ئەخلاق کە ڕێسای توندی جلوبەرگی کۆماری ئیسلامی جێبەجێ دەکەن، دەستبەسەرکرا و دواتر گیانی لەدەستدا.

مەرگی ئەو خانمە خۆپیشاندانی بەرفراوانی لە شەقامەکانی ئێراندا بەدوای خۆیدا هێنا لە دژی دەسەڵاتدارانی ئێران دوابەدوای ناڕەزایەتییەکانی دژی بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین و سوتەمەنی لە ساڵی 2019.

سەرەڕای زیادبوونی ژمارەی کوژراوان و سەرکوتکردنی توندی دەسەڵاتداران، ئەو گرتە ڤیدیۆییانەی لە تویتەر بڵاوکراونەتەوە ئەوە دەردەخەن خۆپیشاندەران لە کاتی پێکدادان لەگەڵ هێزە ئەمنییەکان لە تاران، تەبرێز، کەرەج، قوم، یەزد و زۆر شاری دیکەی ئێران، داوای ڕووخانی دەسەڵاتی دیکتاتۆری و مەرگی خامەنەیی دەکەن.

تەلەفزیۆنی دەوڵەتی ئاماژەی بەوەشکردووە، لە هەندێک شاردا پۆلیس لەگەڵ ڕووبەڕووی ئەو کەسانە بۆتەوە کە بە "ئاژاوەگێڕان" ناوی بردوون بۆ بڵاوەپێکردنیان گازی فرمێسکڕێژیان بەکارهێناوە.

ئەو گرتە ڤیدیۆییانەی لە سۆشیال میدیا لە ناوخۆی ئێرانەوە بڵاوکراونەتەوە، ئەوە نیشان دەدەن کە خۆپیشاندەران دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" دەڵێنەوە، لە کاتێکدا ژنان دەستیان بەرزدەکردەوە و لەچکەکانیان دەسوتاند.

لە گرتە ڤیدیۆییەکانی تویتەردا دەرکەوتووە کە خۆپیشاندەران دروشمی "مەرگ بۆ دیکتاتۆر"یان دەوتەوە، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئایەتوڵڵا عەلی خامنەیی رێبەری باڵای دەسەڵاتداری کۆماری ئیسلامی ئێران. لە گرتە ڤیدیۆییەکانی تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر دەریدەخەن، لە شارە کوردنشینەکانی سنە و سەردەشت، پۆلیسی ئاژاوەگێڕی تەقەیان لە خۆپیشاندەران کردووە.

لە یەکێک لە گرتە ڤیدیۆییەکان لە تارانەوە دروشمی خۆپیشاندەران دەبیسترێت "ئەوانەی خوشکەکەمیان کوشت دەیکوژمەوە"، لە کاتێکدا هەژماری چالاکوانی تویتەر 1500tasvir دەڵێت "شەقامەکان بوونەتە مەیدانی شەڕ".

بۆ ئەوەی بڵاوكردنەوەی ڤیدیۆ له سۆشیال میدیا بۆ خۆپیشاندەران سەخت بێت، به گوێرەی ڕوانگەی بەدواداچوونی هێڵەکانی ئینتەرنێت نێتبلۆكس له تویتەر و سەرچاوەكان له ئێران دەڵێن؛ دەسەڵاتداران ئینتەرنێتیان له چەندین پارێزگا سنووردار كردووه یان داخستووە.


پشتیوانیکردن لە برەودایە

ڕۆژی سێشه‌ممه‌ وته‌بێژی کۆمیسیاری باڵای مافەکای مرۆڤی سەر بە ڕێکخراوی نه‌ته‌وه یەکگرتووەکان داوای له‌ ده‌سه‌ڵاتدارانی ئایینی ئێران کرد که‌ "به‌ ته‌واوی ڕێز له‌ مافه‌کانی ئازادی ڕاده‌ربڕین، کۆبوونه‌وه‌ی ئاشتیانه‌ بگرن."

لە بەیاننامەیەکدا راڤینا شەمدەسانی ڕایگەیاندووە، ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن "سەدان کەسیش دەستگیرکراون، لەنێویاندا بەرگریکاران لە مافەکانی مرۆڤ، پارێزەر، چالاکوانانی کۆمەڵگەی مەدەنی و لانیکەم 18 ڕۆژنامەنووس."

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە؛ "لە ماوەی 11 ڕۆژی ڕابردوودا هەزاران کەس لە سەرتاسەری وڵات بەشدارییان لە خۆپیشاندانەکانی دژە حکومەت کردووە. هێزە ئەمنییەکان لە هەندێک کاتدا بە فیشەکی ڕاستەقینە تەقیان لە خەڵک کردووە."

کاربەدەستان ڕایانگەیاند، لە کاتی خۆپیشاندانەکاندا 41 کەس گیانیان لەدەستداوە کە ئەندامی پۆلیس و میلیشیایەکی لایەنگری حکومەتیشیان تیادایە. بەڵام گروپەکانی مافەکانی مرۆڤی ئێران ئاماری زیاتری گیانیان لەدەستدانیان بڵاوکردۆتەوە.

گروپی مافی مرۆڤی ئێرانی هەنگاو ڕایگەیاند "لە ماوەی دە ڕۆژی ڕابردوودا 18 کوژراون و 898 کەسیش برینداربوون و زیاتر لە هەزار خۆپیشاندەری کورد دەستگیرکراون"، بە مەزەندەکردنی ئەو ئامارانە زیاترن.

هه نگاو ڕۆژی سێشەممه ڕایگەیاندووە کە "له نێوان ڕۆژانی دووشەممه تا هەینی زیاتر له 70 ژن له كوردستانی ئێران دەستگیركراون، لانیكەم چواریان تەمەنیان له خوار 18 ساڵەوەیە.

بەپێی میدیاکانی دەوڵەتی ئێران، دەزگای قەزایی ئێران دادگای تایبەتی بۆ دادگاییکردنی "ئاژاوەگێڕان" دامەزراندووە.

پۆستەکانی سۆشیال میدیا لەگەڵ بەشێک لە چالاکوانان داوای مانگرتنی سەرتاسەرییان کردووە. بەپێی ئەو لێدوانانەی کە لە سۆشیال میدیا بڵاویانکردووەتەوە، چەندین مامۆستای زانکۆ و کەسایەتی ناودار و یاریزانی دیاری تۆپی پێ پشتگیریان لە خۆپیشاندانەکان کردووە دژی مەرگی ژینا ئەمینی.

خوێندکارانی چەند زانکۆیەک ئامادە نەبوون بەشداری لە پۆلەکاندا بکەن و ناڕەزایەتیان لە دژی دەستگیرکردنی بەربڵاوی خوێندکاران و ڕووبەڕووبوونەوەی زۆرەملێ لەگەڵ هێزە ئەمنییەکان لە زانکۆکان ئەنجامداوە.

مەرگی ژینا ئەمینی لەئاستی نێودەوڵەتیدا شەرمەزاردەکرێت لە کاتێکدا ئێران ئەو بارودۆخە دەخاتە ئەستۆی "دوژمنە بیانییەکان"ی بە هۆکاری وروژاندنی نائارامی دەیبینێت. تاران ئەمەریکا و بەشێک لە وڵاتانی ئەوروپای بە کەڵک وەرگرتن لە نائارامییەکان بۆ هەوڵدان بۆ ناسەقامگیرکردنی کۆماری ئیسلامی ئێران تۆمەتبار کردووە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG