Accessibility links

شرۆڤەکاران: دەسەڵاتدارانی ئێران سەریان لێشێواوە و لە هەوڵی یەکخستنی ڕیزەکانیاندان بۆ بەرەنگاربوونەوەی ناڕەزایەتییەکان


سێ شرۆڤەکار و بەرپرسێکی ئێران ڕایانگەیاند؛ فەرمانڕەوا ڕۆحانییەکانی ئێران سورن لەسەر سەرکوتکردنی تەواوەتی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکانی دژ بە حکومەت، بەڵام مانۆڕکردن لەسەر دواهەمین جێنشینی ڕێبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی ئێران و جیاوازیان لەسەر تاکتیکە ئاسایشییەکان تێکڕا هەوڵەکانی بۆ سنووردارکردنی نائارامییەکان ئاڵۆز کردووە.

شرۆڤەکاران و ئەو بەرپرسە ڕایانگەیاندووە؛ ئەو ناڕەزایەتیانەی کە زیاتر بوێرترن، بەهۆی مەرگی کچێکەوە سەریهەڵدا، سەرکردەکانی ئێرانی خستووەتە بەردەم دۆخی بەرگرییەوە، بەڕواڵەت بەرپرسان نەتوانن ڕیزەکانیان یەکبخەن لە پشت وەڵامێکی ڕێک و ڕەوان بۆ بەرەنگاربوونەوەی ناڕەزاییەکان.

دروشمی مەرگ بۆ دیکتاتۆر

خۆپیشاندەران بەرهەڵستی شەرعییەتی دەسەڵاتی باڵای ئێران دەکەن، لەم مانگەدا وێنەکانی ئایەتوڵڵا عەلی خامەنەیییان سووتاندووە و داوای ڕووخانی کۆماری ئیسلامییان کردووە و دروشمی "مەرگ بۆ دیکتاتۆر" دەڵێنەوە، کە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بەبێ سڵەمینەوە گازی فرمێسکڕێژ و کوتەک و ئامێری بەرگری کارەبایی بەکاردەهێنن، لە هەندێک حاڵەتدا تەقە لە خەڵک دەکەن.

نائارامییەکان مەترسییەکی گەورە لەسەر کارە پێشینەییەکان دروست دەکات کە دەسەڵاتی خامەنەیی وا پێناسەی دەکات کە کۆماری ئیسلامی زیاد لە 40 ساڵە ماوەتەوە و دەبێت دامەزراوە ئایینییەکەی بە هەر نرخێک بێت بمێنێتەوە.

بەپێی ڕاوبۆچوونی شرۆڤەکاران بەڵام ئەو ڕاستییەی کە نائارامییەکان هاوکات بووە لەگەڵ ئەو دەنگۆیانەی سەبارەت بە خراپبوونی تەندروستی خامەنەیی کە تەمەنی 83 ساڵە؛ دۆخەکەی خراپتر کردووە، بەو پێیەی لایەنە ناکۆکەکانی دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتەی بەهۆی ناکۆکییەکانیانەوە لەبەر یەک هەڵوەشاندووە لە کۆتاییدا سەرقاڵی پڕکردنەوەی جێنشینی خامەنەیین.

هەرچەندە لە ڕووی تیۆریەوە دەستەیەکی 86 ئەندامی ناسراو بە ئەنجومەنی پسپۆڕان سەرکردەی داهاتوو هەڵدەبژێرێت، بەڵام دانوستانەکان لە ئاستێکی بەرزدا و کێبڕکێکردن لەسەر هەژموونی دەسەڵات باڵی بەسەر دۆخەکەدا کێشاوە و وایکردووە سەخت بێت بۆ دامەزراوەکە لە دەوری کۆمەڵێک تاکتیکی ئەمنی یەکبگرنەوە.

بەرپرسێکی توندڕەو دەڵێت:"ئەم کێبڕکێیە پشێوی لەناو سەرکردایەتیدا دروستکردووە. قووڵبوونەوەی ئەو ناکۆکیانە دوا شتە کە پێویستمانە کاتێک وڵاتەکە لە گێژاودایە" و دەڵێت "بابەتی سەرەکی لە ئێستادا مانەوەی کۆماری ئیسلامییە."

خامەنەیی خۆی لە بەرامبەر ئەو ناڕەزایەتیانە بێدەنگ کردووە، کە هەر زوو گەشەی کرد و بووە ڕاپەڕین لە دژی ئەوەی خۆپیشاندەران دەیانگوت بەهۆی زیادبوونی پاوانخوازی پیاوانی ئایینی دەسەڵاتدارەوەیە.

کەریم سوجادپوور ئەندامی باڵای دامەزراوەی کارنێگی بۆ ئاشتی نێودەوڵەتی دەڵێت ئەو دوو ناوەی کە زۆرترین جار لە قسە و باسەکاندا دێنە پێشەوە، ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆک کۆمار و موجتەبا کوڕی دووەمی خامەنەیین بۆ جێگرتنەوەی خامنەیی.

ناوبراو گوتیشی "هیچ کامیان پشتیوانی جەماوەرییان نییە، بەڵام ئەوەی کۆماری ئیسلامی لە دەسەڵاتدا دەهێڵێتەوە پشتیوانی جەماوەری نییە، بەڵکو سەرکوتکردنە، هەردوو پیاوەکە ئەزموونی قووڵیان لە سەرکوتکردندا هەیە."

گرتنەبەری ڕێوشوێنی توندتر

خۆپیشاندەرانی بە تووڕەییەوە ناڕەزاییەتیان ئاڕاستەی موجتەبا خامەنەیی کردووە و بەهۆی توڕەبوونیان لە خامەنەیی باوکی.

لە گرتە ڤیدیۆییەکانی خۆپیشاندانەکان کە لە تویتەر بڵاوکراونەتەوە خۆپیشاندەران دەڵێن "موجتەبا بمرە و نەبیتە ڕێبەری باڵا".

هەندێک لە پیاوانی ئاینی و سیاسەتمەدارانی باڵا بەهۆی قووڵی ناڕەزایی و توڕەیی جەماوەرییەوە ترساون، بانگەوازی خۆڕاگری دەکەن بۆئەوەی خوێن ڕشتن دروست نەبێت نەبێت کە دەتوانێت خۆپیشاندەران زیاتر هان بدات.

بەڵام ئەوەش نەبووەتە هۆی ئەوەی توندڕەوە ئاینییەکانی کۆماری ئیسلامی داوای ڕێوشوێنی توندتر بکەن.

بەرپرسێکی باڵای پێشووی ئێران گوتی "بەشێک لە دامەزراوەکە ترسی ئەوەی هەیە کە ئەمجارە بە بەکارهێنانی هێزی کوشندەتر کۆماری ئیسلامی بەرەو دۆخێکی خراپ بەرێت."

بەڵام دەسەڵاتدارانی باڵای وەک ڕەئیسی توندڕەو ڕایانگەیاندووە کە ناڕەزایەتییەکان "نابنە هۆی گۆڕینی ڕژێم."

خۆپێشاندانەکان لە زێدی کوردنشینی ژینا ئەمینی لە شاری سەقزەوە بۆ سەرجەم 31 پارێزگای ئێران تەشەنەی کردووە و هەموو چینەکانی کۆمەڵگا بە کەمینە نەتەوەیی و مەزهەبیەکانیشەوە بەشداریان کردووە.

ئێران لە ترسی ڕاپەڕینی نەتەوەیی و وەک نیشاندانی دەسەڵات، مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئاڕاستەی ئامانجەکانی ناوچەی کوردی باکووری دراوسێی کرد لە هەرێمی کوردستانی عێراق، دوای ئەوەی کوردانی ناڕازی و بەرهەڵستکاری ئێرانی بە تێوەگلان لە نائارامییەکانی وڵاتەکەی تۆمەتبار کرد.

گروپەکانی مافەکانی مرۆڤ دەڵێن؛ کورد و کەمینە ئایینی و نەتەوەییەکانی دیکە لە ژێر دەسەڵاتی ئایینیدا ڕووبەڕووی جیاکاری بوونەتەوە.

بەرپرسێکی باڵای ئێران بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاندووە، ڕەنگە ڕووخانی کۆماری ئیسلامی لە ماوەیەکی ئاوا نزیکدا ڕوونەدات؛ بەو پێیەی سەرکردەکانی بڕیاریانداوە ئەو جۆرە لاوازییە نیشان نەدەن کە پێیانوایە چارەنووسی شای ئێرانی لەساڵی 1979 دا یەکلاییکردەوە و ڕووخا.

سەرکوتکردنی خۆپیشاندان و ناڕەزاییەکان

بەڵام پێدەچێت بە لایکەمەوە لە ئێستادا سەرکوتکردنی بێ سنوور لە لیستەکەدا نەبێت.

سەعید گۆڵکار یاریدەدەری پرۆفیسۆری زانستە سیاسییەکان لە زانکۆی تێنسی لە چاتانۆگا دەڵێت "داماڵینی زیاتری شەرعیەتی ڕژێمەکە" دەتوانێت لە پشت بڕیاری دامەزراوەکە بێت بۆ هەڵبژاردنی "سەرکوتکردنی ناڕەزاییەکان لەبری بەکارهێنانی ستراتیژیەتی مشتەکۆڵەی ئاسنینی ساڵی 2019".

ناڕەزایەتییەکان لەسەر بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی لە ساڵی 2019 ئەو کاتە ئاژانسی ڕۆیتەرز بڵاویکردەوە 1500 کەس کوژراون خوێناویترین ڕووبەڕووبوونەوە بوو لە مێژووی کۆماری ئیسلامیدا.

میدیاکانی دەوڵەتی ئێران ڕایانگەیاندووە، لە کاتی نائارامییەکاندا ئەم چەند ڕۆژەدا 41 کەس گیانیان لەدەست داوە کە لە نێویاندا ئەندامی هێزە ئەمنییەکانی تیادا بووە. ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی ڕۆژی هەینی ڕایگەیاند "بەهۆی سەرکوتکردنەکانی کۆماری ئیسلامییەوە تا ئێستا لانیکەم 52 قوربانی کوژراون و سەدان برینداری لێکەوتووەتەوە."

بەپێی ڕاپۆرتی گروپە مافخوازەکان هەزاران کەس دەستگیرکراون. بەڵام گرووپێکی مافی مرۆڤ، بەهۆی سەرکوتکردن و تەقەی هێزەکانی ئێرانەوە لە خۆیشاندەران لانیکەم 83 کەس کوژراون.

پشتگیری نێودەوڵەتی بۆ خۆپیشاندانەکان وایکردووە کە دەسەڵاتداران پڕۆسەی سەرکوتکردنەکانیان بۆ سەخت بێت، بە تایبەت کە هیچ سەرکردەیەکی ناڕەزایەتیەکە دیار نییە تا بتوانرێت دەستنیشان بکرێن و دەستگیریان بکەن.

فەرمانڕەواکانی ئێران هاوپەیمانییەکی "ئاژاوەگێڕان و تیرۆریستان و دوژمنانی بیانی"یان بە ڕێکخستنی خۆپیشاندانەکان تۆمەتبار کردووە، بەڵام ئەم تۆمەتە کەسانێکی زۆر کەم لە ئێران باوەڕیان پێیەتی.

هێنری ڕوما شرۆڤەکاری گروپی ئۆراسیا ڕایگەیاند "ڕەنگە سەرکردەکانی ئێران هەوڵی ئەوە بدەن بزانن ئایا تێکەڵەیەک لە داخستنی ئینتەرنێت و دەستگیرکردنی بە کۆمەڵ و هەندێک توندوتیژی دژی خۆپیشاندەران زەبری ناڕەزایەتییەکان خاو دەکاتەوە یان نا."

دەشڵێت "بەڵام پێموانییە کەس گومانی لەوە هەبێت کە لە کۆتاییدا دەوڵەت پشتگیری دڵسۆزەکانی خۆی دەکات کە ئامادەن هاوشارییەکانی خۆیان بکوژن و بانگهێشتیان بکەن بۆ کۆتاییهێنان بەم گەڕی ناڕەزایەتییانە."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG