Accessibility links

سەرباری داخستنی هێڵەکانی ئینتەرنێت خۆپیشاندان لە ئێران بەردەوامە و هێزی پاسدارانیش هۆشداری دەدات


سوپای پاسدارانی ئێران کە دەسەڵاتیکی بەهێزی هەیە لەو وڵاتەدا ڕۆژی پێنجشەممە داوای لە دەزگای قەزایی کۆماری ئیسلامی وڵاتەکەی کرد کە "ئەو کەسانەی هەواڵ و دەنگۆی ناڕاست بڵاودەکەنەوە" سەبارەت بەوەی کە ژنێکی گەنج لەکاتی دەستبەسەرکردنیدا لەلایەن پۆلیسەوە گیانی لەدەستداوە و بووەتە هۆی ناڕەزایەتی سەرتاسەری لە وڵاتەکەدا دادگایی بکرێن.

خۆپیشاندەران لە تاران و شارەکانی دیکەی ئێران بنکەکانی پۆلیس و ئۆتۆمبیلەکانی ئەو دەزگایانەیان سووتاند لە دەرئەنجامی ئەو توڕەییە جەماوەرییەوە بەرامبەر کوشتنی ژینا ئەمینی کە وا دەردەکەوێت خۆپیشاندانەکان تا دێ تاودەسەنێت و سەرباری ڕووبەڕووبونەوەی هێزەکانی پۆلیس و دەزگا ئەمنییەکانی ئەو وڵاتە بەرامبەر خۆیشاندان هێشتا خۆپیشاندان و ناڕەزایی بەردەوامە و هەواڵەکان باس لە هێرشی هێزە ئەمنییەکان دەکەن.

ژینا ئەمینی (مەهسا ئەمینی) ی تەمەن 22 ساڵ، هەفتەی ڕابردوو دوای دەستگیركردنی لە تاران بەهۆی پۆشینی "جل و بەرگی نەگونجاو" لە کاتی دەستبەسەریدا کەوتە حاڵەتی هێهۆشی و گیانی لەدەستدا. دەسەڵاتداران ڕایانگەیاندووە، لێکۆڵینەوە لە هۆکاری مردنی ئەو کچە دەست پێدەکەن.

لە بەیاننامەیەکدا دەزگای پاسدارانی ئێران هاوسۆزی خۆیان بۆ بنەماڵە و کەسوکاری ئەمینی دەربڕیوە. دەڵێن "داوامان لە دەسەڵاتی دادوەری کردووە کە ئەو کەسانە دەستنیشان بکەن کە هەواڵ و دەنگۆی ناڕاست لە سۆشیال میدیا و هەروەها لەسەر شەقام بڵاودەکەنەوە و سەلامەتی دەروونی کۆمەڵگا دەخەنە مەترسییەوە و بە شێوەیەکی یەکلاکەرەوە مامەڵەیان لەگەڵدا بکەن."


میدیاکانی ئێران ڕایانگەیاند، بڕیارە ڕۆژی هەینی خۆپیشاندانی لایەنگرانی حکومەت بەڕێوەبچێت.

سەرنووسەری ڕۆژنامە كاریگەرە توندڕەوەکەی كەیهان نووسیویەتی: ئیرادەی گەلی ئێران ئەمەیە: بەزەییتان بە تاوانباران نەیەتەوە.

ناڕەزایەتییەکان لەسەر مەرگی ژینا ئەمینی لە وەتەی ساڵی 2019ـەوە گەورەترین ناڕەزایەتییەکانە لە کۆماری ئیسلامیدا، زۆربەیان لە باکووری ڕۆژئاوای ئێرانەوە سەرچاوەیان گرتووە کە کوردن و ناڕەزایەتییەکان لەو شار و شارۆچکانەدا چڕبوونەتەوە، هاوکات تا ئێستا لە تارانی پایتەخت و لانیکەم 50 شار و شارۆچکەی سەرتاسەری وڵاتەکەدا ناڕەزایەتییەکان تەشەنەیان کردووە، پۆلیسیش هێز بۆ بڵاوەپێکردنی خۆپیشاندەران بەکاردەهێنێت.

دوو ئاژانسى نیمچه فەرمی ئێران ڕایانگەیاند که ئه ندامێکی ڕێکخراوی نیمچه سەربازی لایەنگری حکومەتی ئێران به ناوی "بەسیج" ڕۆژی چوارشەممه له شاری مەشهەد له باکوری رۆژهەڵاتی ئێران به چه قۆ کوژراوه .

هەواڵەکانی ئاژانسەکانی تەسنیم و فارس سەبارەت بە چەقۆ کوشتنەکە لە تێلیگرام بڵاوکرانەوە بەهۆی ئەوەی هەردوو ماڵپەڕەکەیان لە ڕۆژی پێنجشەممە لە کار کەوتبوون. تا ئێستا هیچ پشتڕاستکردنەوەیەکی فەرمی لەبارەی گیانلەدەستدانەکەوە نەبووە.

تەسنیم هەروەها گوتی ئەندامێکی دیکەی بەسیج ڕۆژی چوارشەممە لە شاری قەزوین لە ئەنجامی بەرکەوتنی فیشەکەوە لە لایەن "ئاژاوەگێڕان و چەتەکانەوە" کوژراوە، بەمەش کۆی ژمارەی ئەو ئەندامانەی هێزە ئەمنییەکان کە لە نائارامییەکاندا کوژراون گەیشتووەتە چوار کەس.

لە باکوری ڕۆژهەڵات، خۆپیشاندەران هاواریان دەکرد "دەمرین، دەمرین بەڵام ئێران دەهێنینەوە" لە نزیک بنکەیەکی پۆلیس کە ئاگری تێبەردراوە، ڤیدیۆیەک کە لە هەژماری 1500tasvir لە تویتەر بڵاوکراوەتەوە دەریخستووە. ئەم ئەکاونتە گرنگی بە خۆپیشاندانەکانی ئێران دەدات و نزیکەی 100 هەزار هەواداری هەیە.

بەهۆی بڵاوبوونەوەی نائارامییەکان لە کوردستان و پارێزگای زێدی ئەمینی و لەو شارەی لێی لە دایک بووە ڕۆژی شەممە بەخاک سپێردرا، بنکەیەکی دیکەی پۆلیسی تاران ئاگری تێبەردرا.

ئازادییە کەسییەکان

گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی بووەهۆی وروژاندنی توڕەیی بەرامبەر پرسگەلێک هاوپەیوەند پێکەوە لەوانە سنووردارکردنی ئازادییە کەسییەکان لە ئێراندا لەنێویاندا سەپاندنی یاسای توندی جلوبەرگ بۆ ژنان و قەیرانی ئابوری کە بەهۆی سزاکانەوە لە پاشەکشێدایە، تێکڕا بوونەتە هۆی هەڵگیرسانەوەی ناڕەزایەتییەکان.

دەسەڵاتدارانی ئایینی ئێران ترسیان هەیە لە زیندووبوونەوەی ناڕەزایەتییەکانی ساڵی 2019 کە بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی بەنزینەوە سەریهەڵدا، کە خوێناویترین خۆپیشاندان بوو لە مێژووی کۆماری ئیسلامیدا. ئاژانسی رڕیتەرز بڵاویکردەوە، هەزار و 500 کەس لەو کاتەدا کوژراون.

خۆپیشاندەران لەم هەفتەیەدا گوزارشتیان لە تووڕەیی خۆیان کرد بەرامبەر ئایەتوڵڵا عەلی خامەنەیی ڕێبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی ئێران. خۆپیشاندەرانی تاران دروشمیان دەوتەوە و ئاماژەیان بە کوڕەکەی خامنەیی دەکرد و هاواریان دەکرد و دەیانوت "هیواخوازین موجتەبی بمریت و نەبیتە ڕێبەری باڵای ئیسلامی ئێران"کە هەندێک پێیان وایە دەتوانێت لە لوتکەی دامەزراوە سیاسییەکانی ئێراندا جێگەی باوکی بگرێتەوە.

ڕۆیتەرز نەیتوانیوە ئەو ڤیدیۆیە پشتڕاست بکاتەوە.

ڕاپۆرتەکانی ڕێکخراوی مافەکانی مرۆڤ کە ڕێکخراوێکی کوردەکانە بە ناوی هەنگاوەوە کە ئاژانسی ڕۆیتەرز نەیتوانیوە پشتڕاستی بکاتەوە، ئاماژە بەوە کراوە کە ژمارەی کوژراوان لە ناوچە کوردنشینەکان بۆ 15 کەس بەرزبووەتەوە، بەرپرسانی ئێران ڕەتیانکردووەتەوە هێزە ئەمنییەکان خۆپیشاندەرانیان کوشتبێت و ئاماژە بەوە دەکەن کە ڕەنگە لەلایەن کەسانی ناڕازی چەکدارەوە تەقەیان لێکرابێت.

بەپێی ئەکاونتەکانی هەنگاو شایەتحاڵەکان و تۆڕی داخستنی ئینتەرنێت نێتبلاکس دەسەڵاتداران بەهۆی ئەوەی هیچ نیشانەیەکی کەمبوونەوەی ناڕەزایەتییەکان لە ئارادا نییە، دەستڕاگەیشتن بە ئینتەرنێتیان سنووردار کردووە و هیڵی ئینتەرنێتیان داخستووە.

ژنان ڕۆڵێکی دیاریان لە خۆپیشاندانەکاندا هەبووە و لەچکەکانیان بەرزدەکەنەوە و دەیسووتێنن، هەندێکیشیان لەبەردەم خەڵکدا لەچک و حیجابەکەیان لادەبەن.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG