Accessibility links

ئێرانییەک بە تۆمەتی پلانگێڕی بۆ کوشتنی جۆن بۆڵتن تۆمەتبار دەکرێت


وەزارەتی دادی ئەمەریکا ڕایگەیاندووە، پوورسەفی هەوڵیداوە 300 هەزار دۆلار بدات بە هاوڵاتیەکی ئەمەریکی بۆ کوشتنی بۆڵتن لە واشنتۆن یان ویلایەتی مێریلاند. پیلانەکە لە چەند مانگێکدا لە کۆتایی ساڵی ڕابردووەوە دەستی پێکردبوو، پوورسەفی لە پەیوەندی کردووە بە کەسێکی ناسیاوی خۆیەوە لە ئەمەریکا و پێی وتووە کە "ئەو لە ژێر فشاری گەلەکەی"دایە بۆ ئەوەی کوشتنەکە بە خێرایی ئەنجام بدرێت.

هەر ڕۆژی چوارشەممە ئێران لە بەیاننامەیەکدا ئەو تۆمەتانەی بە پاڵنەرێکی سیاسی ناوبردووە.

بە گوێرەی میدیاکانی ئێران، ناسر کەنعانی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند "ئێران بە توندی هۆشداری دەدات لە هەر جۆرە کردەوەیەک لە دژی هاوڵاتیانی ئێران بە بیانووی ئەو تۆمەتە گاڵتەجاڕ و بێ بنەمایانە."

وەزارەتی دادی ئەمەریکا ڕۆژی چوارشەممە ڕایگەیاند کە پیلانێکی ئێرانیان بۆ کوشتنی جۆن بۆڵتن ڕاوێژکاری پێشووی ئاسایشی نیشتیمانی کۆشکی سپی ئاشکرا کردووە، هەروەها ئەندامێکی سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی ئێران تۆمەتبار دەکات و ئاشکرای دەکات.

وه‌زاره‌تەتەکە ڕایگه‌یاند كه‌ شه‌هرام پوورسه‌فی ته‌مه‌ن 45 ساڵ كه‌ به‌ مه‌هدی ڕه‌زایی ناسراوه‌، پێشنیازی كردووه‌ 300 هه‌زار دۆلار بداته‌ کەسێک له‌ ئه‌مەریكا بۆ كوشتنی بۆڵتن باڵیۆزی پێشووی ئه‌مەریكا له‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان.

وه‌زاره‌تی داد ڕایگه‌یاندووه‌ كه‌ پێده‌چێت ئەو پلانە بۆ تۆڵه‌كردنه‌وه‌ی كوشتنی قاسم سوله‌یمانی فه‌رمانده‌ی باڵای سوپای پاسداران دانرابێت کە له‌ عێراق له‌ مانگی یەکی ساڵی 2020 کوژرا.

تا ئەم سەروەختە پوورسەفی لە دەرەوەی وڵات بە ئازادی دەسوڕێتەوە. ئەگەر لە کۆتاییدا دەستگیر بکرێت و سزا بدرێت، ئەوا ڕووبەڕووی 10 ساڵ زیندانیکردن و سزای ئابوری بە بڕی تا 250 هەزار دۆلار دەبێت لەپای بەکارهێنانی دامەزراوە بازرگانییەکانی نێوان ویلایەتەکان بۆ ئەنجامدانی کوشتن لەڕێی بەکرێگرتنەوە، هەروەها تا 15 ساڵ زیندانیکردن و سزای دارایی تا 250 هەزار دۆلار لەبەرئەوەی پێشنیاری کردووە و هەوڵی داوە پشتگیری ماددی بۆ پیلانێکی کوشتنی نێودەوڵەتی ئەنجام بدەن.

بۆڵتن لە بەیاننامەیەکدا سوپاسی FBI و وەزارەتی دادی کرد بۆ کارەکانیان لە لێکۆڵینەوەی دۆسیەکەدا.

هەروەها گوتیشی "له‌ کاتێکدا له‌ ئێستادا زۆر شت به‌ ئاشکرا ناکرێ، به‌ڵام خاڵێک جێی مشتومڕ نییه‌؛ کە ده‌سه‌ڵاتدارانی ئێران درۆزن و تیرۆریستن و دوژمنی ئه‌مەریکان."

بەڵام ئەو بەداخەوە بوو لە هەوڵەکانی سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن بۆ پەیوەستبوونەوە بە پەیمانی نێودەوڵەتی بۆ سنووردارکردنی بەرنامە ئەتۆمیەکەی ئێران کە لە ساڵی 2018 سەرۆکی ئەوکاتەی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ لە ڕێککەوتنەکە کشایەوە.

بۆڵتن گوتیشی "دووبارە چوونە ناوەوەی ئەمەریکا بۆ ڕێککەوتنی ناوکی شکستخواردووەکەی ساڵی 2015، برینێکی بێهاوتای خۆکوژی دەبێت، بۆ خۆمان و نزیکترین هاوپەیمانەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستمان. "من هەر پابەند دەبم لە جەختکردنەوە لەوەی کە ئەمە ڕوونەدات."

ماسیۆ ئۆلسن یاریدەدەری داواکاری گشتی ئەمەریکا ڕایگەیاند "ئەمە یەکەمجار نییە پیلانەکانی ئێران بۆ تۆڵەسەندنەوەی لە کەسایەتییەکانی سەر خاکی ئەمەریکا ئاشکرا دەکەین و ماندوو نەناسانە کاردەکەین بۆ ئاشکراکردن و تێکشکاندنی هەر یەکێک لەو هەوڵانە."

جەیك سولیڤان، ڕاوێژكاری ئێستای ئاسایشی نیشتمانی ئەمەریكا گوتی كە"ئەگەر ئێران هێرش بكاتە سەر هەریەكێك لە هاووڵاتیانمان، بۆ ئەوەی ئەو كەسانەش بگرێتەوە كە بەردەوامن لە خزمەتكردنی ئەمەریكا یان ئەوانەی پێشتر خزمەتیان كردووە، ئێران ڕووبەڕووی سزای توند دەبێتەوە. ئێمە بەردەوام دەبین لە دابینکردنی سەرچاوەی تەواوەتی بۆ حکومەتی ئەمەریکا بۆ پاراستنی گیانی ئەمەریکاییەکان."

XS
SM
MD
LG