Accessibility links

نیگەرانی ئەمەریکا لەمەڕ درێژکردنەوەی مەشقی سەربازی لەلایەن چین لە دەوروبەری تایوان


دوای ئەوەی چین ڕۆژی دووشەممە مەشقی سەربازی نوێی لە دەوروبەری تایوان ڕاگەیاند، ئەمە بووە هۆی نیگەرانی جۆو بایدن سەرۆکی ئەمەریکا، ئەم مانۆرە لەشکرییە پاش ڕۆژێک دوای کۆتایهاتنی گەورەترین مانۆڕەکانی بەیژینگ دێت کە بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر سەردانەکەی هەفتەی ڕابردووی نانسی پیلۆسی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا بۆ دوورگەکە ئەنجامدرا.

فەرماندەی گۆڕەپانی ڕۆژهەڵاتی چین ڕایگەیاند مەشقی هاوبەش ئەنجام دەدەن کە گرنگی بە ئۆپەراسیۆنەکانی دژە ژێردەریایی و هێرشی دەریایی دەدەن، ئەمەش ترسی هەندێک لە شرۆڤەکاران و دیپلۆماتکارانی ئەمنی پشتڕاست دەکاتەوە کە بەیژینگ فشارەکان لەسەر بەرگرییەکانی تایوان دەهێڵێتەوە.

وەزارەتی دەرەوەی تایوان سەرکۆنەی ئەو هەنگاوەی کرد و ڕایگەیاند، چین کە بانگەشەی ئەوە دەکات کە ئەو دوورگەیە خۆبەڕێوەبەرییە هی خۆیەتی، بە ئەنقەست قەیران دروست دەکات. داوای کردووە بەیژینگ کردەوە سەربازییەکانی بوەستێنێت و "لەو کەناراوانە بکشێتەوە".

بایدن له‌ یه‌كه‌م لێدوانی گشتیدا له‌سه‌ر ئه‌و پرسه‌ له‌ دوای سه‌ردانه‌كه‌ی پیلۆسی، ڕایگه‌یاند كه‌ له‌ تایوان نیگه‌ران نییه‌ به‌ڵكو نیگه‌رانه‌ له‌ كرده‌وه‌كانی چین له‌ ناوچه‌كه‌دا.

بایدن لە دێلەوەر لە لێدوانێکیدا بۆ ڕۆژنامەنووسان ڕایگەیاند "من نیگەرانم لەوەی کە ئەوان بە ئەندازەی خۆیان دەجووڵێنەوە. بەڵام پێموانییە ئەوان لەوە زیاتر هیچ شتێکی تر بکەن."

دواتر کارین جان پیێر سکرتێری ڕۆژنامەوانی کۆشکی سپی سەرکۆنەی مەشقە سەربازییەکانی چینی کرد.

جان پیێر دەڵێت "لەو کاتەوەی بارگرژییەکانیان زیاتر تاوی سەندووە، سەرکۆنەیان دەکەین." "ئەوان وروژێنکارو نابەرپرسیارن و مەترسیەکانی هەڵە حیسابکردن بەرز دەکەنەوە. ئەوەش ئەو بابەتەیە کە سەرۆک ئاماژەی پێدەکرد. "

هاوکات وەزارەتی دەرەوەی تایوان لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە، "لە بەرامبەر ئەو ترسە سەربازییانەی کە چین دروستی کردووە، تایوان ناترسێت و نە پاشەکشە دەکات، بە توندتر بەرگری لە سەروەری، ئاسایشی نیشتمانی، شێوازی ژیانی ئازاد و دیموکراسی دەکات".

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG