Accessibility links

تایوان دەڵێت فڕۆکە و کەشتییە جەنگییەکانی چین مەشقی هێرشکردن ئەنجام دەدەن


بەرپرسانی تایوان دەڵێن فڕۆکە و کەشتییە جەنگییەکانی چین مەشقییان لەسەر ئەنجامدانی هێرشێک کردووە بۆ سەر تایوان، ئەوەش وەکو بەشێک لە وەڵامدانەوەی چین بۆ سەردانەکەی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا نانسی پیڵۆسی بۆ تایوان.

دوابەدوای سەردانەکەی پیڵۆسی بۆ تایوان، چین وەکو وەڵامێک و دەربڕینی ناڕەزایی دژی سەردانەکەی پیڵۆسی، کۆمەڵێک ڕێوشوێنی گرتەبەر، لەوانەش ئەنجامدانی مەشقی سەربازیی لە نزیک تایوان و پچڕاندنی کەناڵەکانی پەیوەندی سەربازیی و گۆڕانی کەش و هەواوە لەگەڵ ئەمەریکادا.

چین تایوانی دیموکراتخواز بە بەشێک لە خاکی خۆی دەزانێت و ئەمەریکاش لەڕووی سەربازیی و سیاسییەوە پشتیوانی لە تایوان دەکات، ئەمەش بووەتە هۆی توڕەبوونی چین.

سەردانەکەی پیڵۆسی بۆ تایوان بووە هۆی ئەوەی چین کۆمەڵێک مەشقی سەربازیی لە دەوروبەری تایوان ئەنجام بدات کە لە فراوانیاندا بێپێشینە بوون، موشەکی باڵیستیکیش بەسەر تایپێی پایتەختی تایواندا هەڵدراوە.

وەزارەتی بەرگری تایوان وتی ڕۆژی شەممە کۆمەڵێک کەشتی و فڕۆکەی چین چەند ئەرکێکی سەربازییان لە تەنگەی تایواندا ئەنجامداوە، هەندێک لە فڕۆکە و کەشتیەکان هێڵی ناوەندی تەنگەکەیان بەزاندووە، هێڵەکەش سنووری ئاوی تایوان و چین لەیەکتر جیا دەکاتەوە، سوپای تایوانیش مەشقەکەی بە مەشقێکی هێرشکردنە سەر تایوان ناوبرد.

وەزارەتی بەرگری تایوان دواتر وتی فڕۆکەیان ڕەوانە کردووە تاوەکو هۆشداری بدەن بە 20 فڕۆکەی چینی و دوورییان بخەنەوە، 14 فڕۆکەیان هێڵی ناوەندییان بەزاندبوو. هەروەها 14 کەشتی سەربازیی چینیشیان بینیوە لە دەوروبەری تەنگەی تایوان مەشقی سەربازییان ئەنجامداوە.

مەشقەکانی چین لە شەش ناوچەی دەوروبەری تایوانەوە ئەنجام دەدرێن و لە ڕۆژی پێنجشەممەوە دەستییان پێکردووە و بڕیارە تاوەکو دوانیوەڕۆی ڕۆژی یەکشەممە بەردەوام بن. سەرکردایەتی ڕۆژهەڵاتی چین وتی بەردەوام بووە لە مەشقە سەربازییە هاوبەشە دەریایی و ئاسمانییەکانی لە باکوور و باشووری ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵاتی تایوان. وتیشی مەبەست لە مەشقەکان تاقیکردنەوەی تواناکانی هێرشی دەریایی و وشکانی چینە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG