Accessibility links

کەشتییەکی بارهەڵگری دانەوێڵەی ئۆکرانیا گەیشتە ئیستەنبوڵ


یەکەم کەشتی ئۆکرانیا کە بەپێی ڕێککەوتنێک بۆ وڵاکردنی بەربەستەکان لەبەردەم دابینکردنی دانەوێڵە و ڕێگریکردن لە ئەگەری قەیرانی خۆراکی جیهانی لە بەدەرەکانی ئۆکرانیاوە بەرێکەوتبوو، ڕۆژی دووشەممە گەیشتە شوێنی مەبەستی خۆی لە تورکیا.

کەشتی پۆلارنێت کە ئاڵای تورکیای لەسەرە، لە بەندەری دێرینسی لە کەنداوی ئیزمیت جێگیر بوو، دوای ئەوەی لە 5ی 8 دا لە چۆرنۆمۆرسکەوە بە 12 هەزار تۆن گەنمەشامیەوە بەڕێکەوت.

دیمیترۆ کولێبا، وەزیری دەرەوەی ئۆکرانیا لە تویتێکدا نووسیویەتی "ئەمە پەیامێکی هیوابەخش دەنێرێت بۆ هەموو خێزانێک لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەفریکا و ئاسیا کە ئۆکرانیا دەستبەردارتان نابێت". "ئەگەر ڕووسیا پابەند بێت بە ئەرکەکانییەوە، 'ڕێڕەوی دانەوێڵە' بەردەوام دەبێت لە پاراستنی ئاسایشی خۆراکی جیهانی. "

ئێستا بە گشتی 12 کەشتی مۆڵەتیان پێدراوە بەپێی ڕێکەوتنی دانەوێڵە لە نێوان ئۆکرانیا و ڕووسیادا کە لەلایەن تورکیا و نەتەوە یەکگرتووەکانەوە نێوەندگیری بۆ ئەنجامدراوە، 10 کەشتی لە ئۆکرانیاوە دەگەڕێنەوە و دوو کەشتی بەرەو ئۆکرانیا دەڕۆن. نزیکەی 322 هەزار تەن بەرهەمی کشتوکاڵی بەندەرەکانی ئۆکرانیای بەجێهێشتووە، بەشێکی زۆری گەنمەشامی و زەیتی گوڵەبەڕۆژە و سۆیا.

بەپێی ماڵپەڕی هاتوچۆی دەریایی؛ یەکەم کەشتی کە لە ئۆکرانیا بەڕێکەوت، کەشتی ڕازۆنی بوو کە ئاڵای سیرالیۆنی لەسەر بوو و لە 1ی مانگی هەشتدا بەڕێکەوت، تا ئێستا نەگەیشتووەتە شوێنی مەبەست لە لوبنان و ئێوارەی یەکشەممە لە کەناراوەکانی باشووری تورکیا لەنگەری گرتووە.

لەلایەکی دیکەوە وەزارەتی بەرگری تورکیا ڕایگەیاند، دوو کەشتی دیکە کە گەنمەشامی و سۆیایان هەڵگرتبوو، ڕۆژی دووشەممە لە بەندەرەکانی دەریای ڕەشی ئۆکرانیا بەڕێکەوتن.

سەرچاوە/ ئەسۆشەیتد پرێس

XS
SM
MD
LG