Accessibility links

بەرپرسانی ئۆکرانیا و تورکیا: چوار کەشتی بارهەڵگر ئۆکرانیا جێدەهێڵن


کەشتی گلۆریا لەڕێدایە بەرەو بەندەری ئۆدێسا، 7 ی مانگی حەوتی ساڵی 2022
کەشتی گلۆریا لەڕێدایە بەرەو بەندەری ئۆدێسا، 7 ی مانگی حەوتی ساڵی 2022

بەرپرسانی ئۆکرانیا و تورکیا دەڵێن چوار کەشتی بارە خۆراک و گەنمی ئۆکرانی بەندەرەکانی ئۆکرانیایان لەسەر دەریای ڕەش جێهێشتووە، ئەوەش وەکو بەشێک لە ڕێکەوتنی دووبارە دەستپێکردنەوەی هەناردەکانی ئۆکرانیا.

بەرپرسانی بەندەرەکانی ئۆکرانیا وتیان چوار کەشتی بارهەڵگر نزیکەی 170,000 تەن گەنم و خۆراکییان بارکردووە.

دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی گەنمی ئۆکرانیا لەلایەن ناوەندێکی هەماهەنگی هاوبەشەوە سەرپەرشتی دەکرێت کە بنکەکەی لە ئیستەنبوڵە و بەرپرسانی ڕووسیا و ئۆکرانیا و تورکیا و نەتەوە یەکگرتووەکان کاردەکەن تیایدا.

مانگی ڕابردوو نەتەوە یەکگرتووەکان و تورکیا نێوەندگرییان کرد لە ڕێکەوتنێکی نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیادا بۆ دووبارە کردنەوەی بەندەرەکانی ئۆکرانیا لە دەریای ڕەش و دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی گەنمی ئۆکرانیا بۆ بازاڕەکانی جیهان. پێش ئەو ڕێکەوتنە، ئۆکرانیا بەهۆی داگیرکارییەکەی ڕووسیاوە نەیتوانیبوو گەنمەکەی هەناردەی دەرەوە بکات.

وەزیری ژێرخانی ئۆکرانیا وتی ڕۆژی شەممە بۆ یەکەمین جار لە دوای دەستپێکردنی داگیرکارییەکەی ڕووسیاوە کەشتییەکی بیانی گەیشتە ئۆکرانیا و چاوەڕێی بارکردنی گەنمی ئۆکرانیا بووە.

وەزارەتی بەرگری تورکیا دەڵێت ئەو کەشتییانەی کە تاوەکو ئێستا بەندەرەکانی ئۆکرانیایان جێهێشتووە بریتین لە گلۆری کە 66,000 تەنی گەنمی بارکردووە و بەرەو ئیستەنبوڵ بەڕێکەوتووە، کەشتی ڕیڤا ویند 44,000 تەن گەنمی بارکردووە و بەرەو ئیسکیندیرونی تورکیا بەڕێکەوتووە.

وتیشی ئەو دوو کەشتییەی دیکە کە ئۆکرانیایان جێهێشتووە بریتین لە ستار هێلینا کە 45,000 تەن ژەمە خۆراکی بارکردووە و بەرەو چین بەڕێکەوتووە، کەشتی موستەفا نەچاتیش 6000 تەنی لە زەیتی گڵۆبەڕۆژە بارکردووە و بەرەو ئیتاڵیا بەڕێکەوتووە.

هەفتەی ڕابردوو چوار کەشتییەکەی بەپێی ڕێکەوتنەکەی نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیا و تورکیا و نەتەوە یەکگرتووەکان ئۆکرانیایان جێهێشتووە.

ناوەندی هەماهەنگی هاوبەش لە ئیستەنبوڵ دەڵێت مۆڵەتی جوڵەی کەشتییەکانی داوە و لە ئێستادا کەشتی ئۆسپرێی ئێس چاوەڕێ دەکات پشکنینی بۆ بکرێت و دەیەوێت بچێت بۆ بەندەری چۆرنۆمۆرسکی ئۆکرانیا. ئەو کەشتیە لە ئێستادا لە باکووری ڕۆژئاوای ئیستەنبوڵ لەنگەری گرتووە و بڕیارە ڕۆژی یەکشەممە پشکنینی بۆ بکرێت.

ڕۆژی شەممە ناوەندەکە پشکنینی بۆ کەشتی ناڤیستار تەواو کرد و ڕێگەی پێدرا بەرەو ئاڕاستەکەی بڕوات، تیمە هاوبەشەکەی ناوەندەکەش بڕیارە ڕۆژی یەکشەممە پشکنینەکان بۆ ئەو دوو کەشتییە تەواو بکەن کە ڕۆژی هەینی ئۆکرانیایان جێهێشتووە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG