Accessibility links

یەکەم کەشتی بیانی گەیشتە ئۆکرانیا و چاوەڕێی بارکردنی گەنمەکەیە


فولمار ئێس
فولمار ئێس

وەزیری ژێرخانی ئۆکرانیا ئۆلیکساندەر کوبراکۆڤ دەڵێت یەکەم کەشتی بیانی گەیشتۆتە ئۆکرانیا، ئەمەش بۆ یەکەمین جارە لە دوای دەستپێکردنی داگیرکارییەکەی ڕووسیاوە لە ئۆکرانیا کەشتییەکی بیانی بگاتە ئۆکرانیا.

ڕووسیا و ئۆکرانیا بە سەرپەرشتی نەتەوە یەکگرتووەکان و تورکیا ڕێکەوتوون لەسەر دووبارە دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی گەنمی ئۆکرانیا بۆ بازاڕەکانی جیهان.

دوای ئەوەی نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداریدا لەسەر مەترسی کەوتنەوە و بڵاوبوونەوەی برسێتی لە جیهاندا بەهۆی ڕاگرتنی هەناردەکردنی گەنمی ئۆکرانیاوە، تورکیا و نەتەوە یەکگرتووەکان نێوەندگرییان کرد بۆ گەیشتن بە ڕێکەوتنێک لە نێوان ڕووسیا و مۆسکۆدا بۆ دووبارە کردنەوەی بەندەرەکانی ئۆکرانیا لەسەر دەریای ڕەش و دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی گەنمی ئۆکرانیا بۆ دەرەوە.

پێش داگیرکارییەکەی ڕووسیا، ئۆکرانیا و ڕووسیا نزیکەی سێیەکی گەنمی جیهانیان دابین کردووە.

کوبراکۆڤ وتی کەشتی فولمار ئێس کە ئاڵای باربادۆسی بەسەرەوەیە لە بەندەری چۆرنۆمۆرسکی ئۆکرانیایە.

وتیشی " هەمووشتێک دەکەین تاوەکو دڵنیا ببینەوە لەوەی بەندەرەکانمان بتوانن کەشتی زیاتر وەربگرن و مامەڵەیان لەگەڵدا بکەن، پلانمان هەیە لە ماوەی دوو هەفتەدا بگەینە ئەو ئاستەی بتوانین ڕۆژانە لانیکەم 3 بۆ 5 کەشتی بەڕێبکەین."

وتیشی " ئەم ڕووداوە ئاماژەیەکی گرنگی بازاڕە لەسەر ئەوەی ڕێکەوتنی هەناردەکردنی گەنمەکە پارێزراوە و لەوەش گرنگتر دەرفەتێکی کارێکی بە قازانجە بۆ خاوەن کەشتییەکان تاوەکو بگەڕێنەوە بۆ بەندەرەکانی ئۆکرانیا."

وتیشی ئامانجی ئۆکرانیا ئەوەیە لە کۆتاییدا بتوانێت مانگانە 3 ملیۆن تەنم گەنم لە بەندەرەکانی دەریای ڕەشەوە هەناردەی دەرەوە بکات.

نزیکەی 20 ملیۆن تەن گەنمی ساڵی ڕابردوو لە ئۆکرانیا گیریخواردووە و بەهۆی داگیرکارییەکەی ڕووسیاوە لەو وڵاتە نەتوانراوە هەناردەی دەرەوە بکرێت.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG