Accessibility links

ئۆکرانیا دەخوازێت گرێبەستی تێپەڕبوونی سەلامەتی گواستنەوەی دانەوێڵە درێژ بکرێتەوە


سێ کەشتی دانەوێڵە ڕۆژی هەینی بەندەرەکانی ئۆکرانیایان بەجێهێشت لە کاتێکدا یەکەم کەشتی بارهەڵگر کە گەیشتبووە لەنگەرەکە لە دوای لەشکرکێشی ڕووسیاوە وا بڕیار بوو لە ئۆکرانیا لە کۆتایی ڕۆژەکەدا باربکرێت، چونکە کیێڤ داوای کرد گرێبەستی تێپەڕبوونی سەلامەتی کەشتییەکان درێژ بکرێتەوە بۆ بارەکانی دیکەی وەک کانزاکان.

ڕێککەوتنەکەی 22 ی مانگی حەوتی پێشکەوتنێکی ناوازەی دیپلۆماسی بەخۆیەوە بینی لە کاتێکدا شەڕ لە ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا زیاتر تاویسەندووە، کیێڤ هەوڵی دووبارە بنیاتنانەوەی ئابوورییە وێرانبووەکەی دەدات دوای زیاتر لە پێنج مانگ لە شەڕ.

ئۆلیکساندر کوبراکۆڤ وەزیری ژێرخانی ئابوری ئۆکرانیا لە فەیسبووک دوای ئەوەی کەشتیەکان بەڕێکەوتن دەڵێت "پێشبینی دەکەین گەرەنتی ئاسایشی هاوبەشەکانمان لە نەتەوە یەکگرتووەکان و تورکیاوە بەردەوام بێت لە کارکردن، هەناردەی خۆراک لە بەندەرەکانمانەوە جێگیر و پێشبینیکراو دەبێت بۆ هەموو بەشداربووانی بازاڕ."

یەکەم کەشتی دانەوێڵە ڕۆژی دووشەممە لە ئۆدێسا بە ڕێکەوت. تاراس کاچکا، جێگری وەزیری ئابووری ئۆکرانیا بە فاینانشیاڵ تایمزی ڕاگەیاندووە، ئەم ڕێککەوتنە تایبەتە بە لۆجستیک، تایبەتە بە جوڵەی کەشتیەکان لە ڕێگەی دەریای ڕەشەوە. "جیاوازی نێوان دانەوێڵە و کانزای ئاسن چییە؟"

کرملین ئاماژەی بەوەشکردووە، ناتوانرێت چارەسەرێک بدۆزرێتەوە ئەگەر پەیوەندی بە هەڵگرتنی سنووردارکردنەکانی سەر بەرهەمهێنەرانی کانزای ڕووسیاوە نەبێت.

نەتەوە یەکگرتووەکان و تورکیا نێوەندگیری ڕێککەوتنی سەلامەتی تێپەڕاندنی نێوان مۆسکۆ و کیێڤیان کرد دوای هۆشدارییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە بڵاوبوونەوەی برسێتی بەهۆی ڕاگرتنی بارکردنی دانەوێڵە لە ئۆکرانیاوە.

ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی ڕووسیا لە 24ی مانگی دوازدەی دا هێزەکانی ڕەوانەکرد بۆ بەرپاکردنی هێرشی داگیرکاری بۆ سەر ئۆکرانیا، ئەمەش گەورەترین شەڕی ئەوروپایە لە دوای جەنگی دووەمی جیهانییەوە و قەیرانی جیهانی وزە و خۆراکی لێکەوتەوە.

وەزارەتی بەرگری تورکیا ڕایگەیاند، ڕۆژی هەینی دوو کەشتی دانەوێڵە لە چۆرنۆمۆرسک و یەکێکیان لە ئۆدێسا بە ڕێکەوتن کە بە گشتی نزیکەی 58 هەزار تەن گەنمەشامیان هەڵگرتووە.

بەڕێوەبەرایەتی هەرێمی ئۆدێسا ڕایگەیاندووە؛ کەشتی هەڵگری بارهەڵگری تورکیای ئۆسپرێی ئێس کە ئاڵای لیبێریای لەسەرە، پێشبینی دەکرا ڕۆژی هەینی بگاتە چۆرنۆمۆرسک بۆ بارکردنی دانەوێڵە.

ڕووسیا و ئۆکرانیا بە شێوەیەکی بەردەوام نزیکەی یەک لەسەر سێی گەنمی جیهانی بەرهەم دەهێنن و ڕووسیاش دابینکەری سەرەکی وزەی ئەوروپایە. بەڵام ڕووسیا ڕۆژی هەینی ڕایگەیاند کە ڕەنگە نەگاتە دروێنەی چاوەڕوانکراوی خۆی کە 130 ملیۆن تەن دانەوێڵە بەهۆی هۆکارەکانی کەشوهەوا و نەبوونی پارچەی یەدەگ بۆ ئامێرە دروستکراوە بیانیەکانی بەردەست نین.

وەزارەتی کشتوکاڵی ئۆکرانیا رایگەیاندووە؛ هەناردەی دانەوێڵەی ئۆکرانیا بە رێژەی 48.6% لە چاو ساڵی رابردوو کەمیکردووە و تا ئێستا لەم وەرزەدا 1.23 ملیۆن تەن بووە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG