Accessibility links

بلینکن دەڵێت فشاری خستۆتە سەر کریملن بۆ قبوڵکردنی پێشنیاری ئەمەریکا سەبارەت بە ئاڵوگۆڕکردنی زیندانیان


ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ڕۆژی هەینی گوتی پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ سێرگی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەی ڕووسیا ئەنجامداوە و فشاری خستۆتە سەر کریملن بۆ قبوڵکردنی ئەو 'پێشنیارە جەوهەرییە' کە واشنتۆن خستوویەتییە ڕوو بۆ دەستەبەرکردنی ئازادکردنی دوو ئەمەریکایی کە لە ڕووسیا دەستبەسەرکراون.

بلینکن لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا گوتی" گفتوگۆیەکی ڕاشکاوانە و ڕاستەوخۆمان ئەنجامدا. گوتیشی "من فشارم خستە سەر کریملن بۆ قبوڵکردنی ئەو پێشنیازە جەوهەرییەی کە ئێمە سەبارەت بە ئازادکردنی پۆڵ ویلان و بریتنی گرینەر خستوومانەتەڕوو".

ئەمەریکا ئەم هەفتەیە ڕایگەیاند کە پێشنیارێکی پێشکەش بە ڕووسیا کردووە، چەند هەفتەیەک لەمەوبەر، بۆ مسۆگەرکردنی ئازادکردنی ئەستێرەی باسکەی ئەمەریکایی بریتنی گرینەر و سەربازێکی پێشووی هێزی دەریایی ئەمەریکا پاوڵ ویلان.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە دۆخەکە ڕایگەیاندووە، واشنتۆن ئامادەیە لە چوارچێوەی ڕێککەوتنێکدا، ڤیکتۆر بۆت، بازرگانی چەکی ڕووسی بگۆڕێتەوە لەگەڵ ئەو زیندانیانە کە سزای 25 ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێنراوە.

لە یەکەم گفتوگۆی لەو جۆرەیاندا لە دوای دەستپێکردنی لەشکرکێشی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا، بلینکن گوتی هەروەها لەگەڵ لاڤرۆڤ جەختی لەوە کردووەتەوە کە جیهان پێشبینی دەکات ڕووسیا بەڵێنەکانی بەجێبهێنێت بەپێی ڕێککەوتنێک کە لەگەڵ ئۆکرانیا لە تورکیا ئەنجامدراوە بۆ کردنەوەی ڕێگاکانی هەناردەکردنی دانەوێڵە کە بەهۆی شەڕەوە ڕێگری لێ کراوە.

پێشتریش ڕۆژی هەینی لە میانی سەردانێكیدا بۆ ئۆزبەكستان، لاڤرۆڤ ڕایگەیاندبوو، لە كاتی گەڕانەوەی بۆ ئۆفیسەكەی قسە لەگەڵ بلینكن دەكات.

سەرچاوە: ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG