Accessibility links

بایدن سزای زیاتر دەخاتە سەر ئەو وڵاتانەی هاوڵاتیانی ئەمەریکا زیندانی دەکەن


سەرۆک جۆو بایدن ڕۆژی سێشەممە ڕێگای بۆ سزادانی ئەو حکومەتانە کردەوە کە بە ناڕەوا ئەمەریکاییەکان زیندانی دەکەن، دوای زنجیرەیەک گرتنی کەسانی ناوداری ئەمەریکا.

بایدن فەرمانێکی جێبەجێکاری واژۆکرد کە ئامرازی زیاتر دەداتە دەستی حکومەتەکەی تا دژی ئەو وڵاتانە بەکاریبهێنن بۆ ئازادکردنی ئەمەریکاییەکان.

ئەم هەنگاوە دوای ئەوە دێت کە میدیاکان ڕووماڵێکی بەرفراوانی گرتنی ئەستێرەیەکی یاری باسکەی ئەمەریکی بەناوی بریتنی گرینەر بە تۆمەتی مادەی هۆشبەر دەکەن. سەرەتا، هاوسەری ئەو یاریزانە گوتبووی کە بایدن بە پێی پێویست هەوڵینەداوە.

بڕیارەکەی بایدن دەسەڵات بە دەزگاکانی حکومەت دەدات سزای دارایی یان قەدەغەکردنی گەشتکردن بەسەر بەرپرسانی بیانی یان ئەو ئەکتەرە نادەوڵەتیانەدا بسەپێنن کە بەشدارن لە دەستبەسەرکردنی ناڕەوای ئەمەریکاییەکان.

بەرپرسێکی ئەمەریکی کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، بە ڕۆژنامەنووسانی گوت "بەکارهێنانی سزاکان ڕەنگە هەمیشە یارمەتیدەر نەبێت بۆ ئازادکردنی کەسێک، بۆیە ئێمە لە بەکارهێنانی ئەم دەسەڵاتەدا ژیرانە و ستراتیژیانە مامەڵەدەکەین."

گوتیشی "بەڵام خێزانی ئەو کەسانەی کە دەستبەسەرن لە هەمووان باشتر کەیسی ئازیزانیان دەزانن، و بە نیازین گوێیان لێیان بگرین، بۆچوونی باشیان ببیستین و گوێ لە ڕاسپاردەکانیان بگرین."

هەروەها وەزارەتی دەرەوە لە ئامۆژگارییەکانی گەشتکردندا بۆ ئەمەریکاییەکان دەست دەکات بە تیشک خستنە سەر ئەوەی کە لە کام وڵاتدا مەترسی گرتنی ئەمریکاییەکان بەرزە.
بەرپرسێکی دیکەش دەڵێت، ئەو وڵاتانەی کە خراپترینن بە پیتی "D" نیشانەدەکرێت. نموونەی ئەو وڵاتانە بریتین لە چین، ئێران، میانمار، کۆریای باکوور، ڕووسیا و ڤەنزوێلا.

هەمیشە بەڕێوەبەرایەتییە جیاوازەکانی ئەمەریکا، بە کۆماری و دیموکراتەوە، ئازادکردنی هاوڵاتییەکانیان لە دەرەوە کردۆتە پێشینەی کارەکانیان چونکە ئەمە پرسێکە بەلای تاکی ئەمەریکاییەوە زۆر گرنگە.

سەرچاوە: فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG