دادگاییکردنی ئەستێرەی باسکە ئەمەریکایی بریتنی گرینەر ڕۆژی سێشەممە لە هۆڵێکی دادگای ڕووسیا دەستیپێکردەوە.
گرینەر ڕووبەڕووی تۆمەتی هەڵگرتنی مادەی هۆشبەرە کە پەیوەندی هەیە بە دەستگیرکردنەکەیەوە لە مانگی دوودا لە فرۆکەخانەی مۆسکۆ. ئەو لە دانیشتنێکی پێشووی دادگاییکردندا دانی بەوەدانا کە جگەرەی ئەلیکترۆنی پێبووە کە زەیتی حەشیشی تیادابووە، بەڵام مەبەستی تاوانکاری نەبووە.
بەرپرسانی ئەمەریکا ڕایانگەیاندووە کە گرینەر بە هەڵە دەستبەسەر کراوە. پارێزەرانی گرینەر لە دادگاییکردنەکەدا بەڵگەنامەیان پێشکەش کرد کە ناوەندێکی پزیشکی ئەمەریکی ڕێگەی پێداوە حەشیش بەکاربهێنێت بۆ چارەسەرکردنی ئازاری درێژخایەن.
وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا ئەو هەنگاوە بەرگریکردنەی ڕەتکردەوە و هەفتەی ڕابردوو ڕایگەیاند کە یاساکانی ئەمەریکا لە ڕووسیا کارپێناکرێت و دەبێت ڕێز لە یاساکانی ڕووسیا بگیرێت.
گرینەر ئەگەر سزا بدرێت ئەوا بە 10 ساڵ زیندانی سزا دەدرێت.