بڕیارە رۆژی چوارشەممە بەرپرسانی ڕووسیا، ئۆکرانیا، تورکیا و نەتەوە یەکگرتووەکان لە ئیستەنبوڵ کۆببنەوە، ئەمەش لە هەوڵێکدا بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی دانەوێڵە لە بەندەرەکانی دەریای ڕەشی ئۆکرانیاوە بەرەو جیهان.
هێرشە داگیرکارییەکانی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا ڕێگری لە هەناردەی ئۆکرانیا کردووە، ئەمەش یارمەتیدەر بووە بۆ بەرزبوونەوەی نرخی جیهانی دانەوێڵە، زەیتی چێشتلێنان، سووتەمەنی و پەینی سروشتی و کیمیایی.
تورکیا و نەتەوە یەکگرتووەکان کار بۆ ئەوە دەکەن کە نێوەندگیری ڕێککەوتنێک بکەن بۆ کەمکردنەوەی قەیرانەکان.
رووسیا نیگەرانی خۆی دەربڕیوە لە بەکارهێنانی کەشتییەکان بۆ هێنانی چەک بۆ ئۆکرانیا و داواشی کرد کە پشکنین بۆ کەشتییەکان بکرێت.
بەڵام ئۆکرانیا ڕایگەیاندووە کە نابێت ئەو ڕێککەوتنە هەڕەشە لە ئاسایشی خاکەکەی بکات بەدرێژایی دەریای ڕەش.
وەزارەتی بەرگری بەریتانیا رۆژی چوارشەممە رایگەیاند پێشبینی دەکەن هێزەکانی رووسیا سەرنجیان لەسەر کۆنترۆڵکردنی شارۆچکە بچووکەکانی نزیک شارەکانی سلۆڤیانسک و کراماتۆرسک بێت لەکاتێکدا هەوڵدەدات ناوچەی دۆنباس لە رۆژهەڵات کۆنترۆڵ بکات.
وەزارەتەکە وتیشی "پێدەچێت ناوچە شارنشینەکانی سلۆڤیانسک و کراماتۆرسک وەک ئامانجە سەرەکییەکانی ئەم قۆناغەی ئۆپەراسیۆنەکە بمێننەوە."
ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا لە درەنگانی سێشەممەی ڕابردوودا لە وتارێکی شەوانەدا ڕایگەیاند؛ "تۆپبارانکردنی ڕووسیا بۆ یەک ڕۆژیش نەوەستاوە."
ڕووسیا و ئۆکرانیا یەکتری تومەتبار دەکەن بە کوشتنی بێ جیاوازی خەڵکی سڤیل لە شەڕەکەدا. نووسینگەی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان رۆژی سێشەممە ڕایگەیاند، لە سەرەتای دەستپێکردنی هێرشە داگیرکارییەکانی ڕوسیاوە بۆ ئۆکرانیا و بەهۆی بۆردومانی موشەک و تۆپبارانکردنەکانی ڕوسیاوە 5 هەزار و 24 کەسی مەدەنی کوژراون، هاوکات ئاماژەی بەوەشکردووە، پێدەچێت ژمارەی ڕاستەقینەی قوربانییەکان زۆر زیاتر بێت.
دەنگی ئەمەریکا