Accessibility links

کیێڤ هێرشی ئاسمانی دەکاتە سەر هێزەکانی ڕووسیا لە باشووری ئۆکرانیا و ڕووسیا بەردەوامە لە بۆردومانکردنی ڕۆژهەڵات


دۆنێتسک، ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا

سوپای ئۆکرانیا دەڵێت هێزەکانی ئۆکرانیا هێرشێکی موشەکی مەودا درێژییان کردۆتەسەر هێزەکانی ڕووسیا لە باشووری ئۆکرانیا و کۆگایەکی تەقەمەنییان لەناوبردووە، هاوکات ڕووسیا بەردەوام بوو لە بۆردومانکردنی ڕۆژهەڵاتی وڵاتەکە.

ڕۆژی سێشەممە سوپای ئۆکرانیا وتی هێرشەکەی ئۆکرانیا بۆ سەر نۆڤا کاخۆڤکای هەرێمی خێرسۆن بووە هۆی کوژرانی 52 سەربازی ڕووسی. بەرپرسە ڕووسییەکانی شارۆچکەکە وتیان لانیکەم حەوت کەس کوژراون و نزیکەی 70 کەسی دیکە برینداربوون.

بەرپرسانی سەر بە ڕووسیاش دەڵێن هێرشەکە بووەتە هۆی کوژرانی هاوڵاتیانی مەدەنی.

هاوکات ڕووسیا بەردەوام بوو لە هێرشەکانی بۆ سەر هەرێمی دۆنێتسکی ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا، ئەوەش لە هەوڵێکدا بۆ کۆنتڕۆڵکردنی هەرێمەکە و سەرانسەری هەرێمی دۆنباسی پیشەسازی. لە ماوەی ڕابردوودا مۆسکۆ کۆنتڕۆڵکردنی هەرێمی لوهانسکی ڕاگەیاند، کە لەگەڵ دۆنێتسکدا هەرێمی دۆنباس پێکدەهێنن.

فەرمانڕەوای هەرێمی دۆنێتسک پاڤلۆ کیرلینکۆ وتی ئۆکرانیا پێشبینی دەکات ڕووسیا هێرشێکی زۆر گەورە لە ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا ئەنجام بدات، وتیشی ژمارەیەکی زۆر لە سەربازانی ڕووسی کۆکراونەتەوە، بەتایبەتی لە ناوچەکانی باخموت و سیڤیرسکی و دەوروبەری سلۆڤیانسک و کراماتۆرسک.

وتیشی سەرانسەری بەرەکانی پێشەوەی هەرێمەکە لەژێر بۆردومانێکی بەردەوامدا بوون، هاوکات هێزەکانی ڕووسیا هەوڵیاندەدا دزە بکەنە بەرگرییەکانمانەوە، بەڵام بەرپەرچ دراونەتەوە.

دەزگای هەواڵی تاس بڵاویکردەوە ئەفسەرێکی سەر بە ڕووسیا ئاندرێ مارۆچکۆ دەڵێت هێزەکانی ئۆکرانیا لە ڕۆژهەڵاتی دۆنباس " هێرشێکی ئاسمانی زۆر گەورەیان " کردۆتەسەر یەکەیەکی بەرگری ئاسمانی لە لوهانسک.

لە 24 ی مانگی دوودا ڕووسیا هێزەکانی ڕەوانەی ناو ئۆکرانیا کرد و دەڵێت ئامانج لە " ئۆپەراسیۆنە سەربازییە تایبەتەکەی " لەناوبردنی توانا سەربازییەکانی ئۆکرانیا و نەتەوە پەرستە مەترسیدارەکانی ئەو وڵاتەیە. ئۆکرانیا و ڕۆژئاواش دەڵێن بانگەشەکانی ڕووسیا بێ بنەمان و تەنها پاساوێکن بۆ هێرشکردن.

بەپێی نەتەوە یەکگرتووەکان، جەنگەکە بووەتە هۆی کاولکردنی ئۆکرانیا و 5.2 ملیۆن هاوڵاتی ئۆکرانی ناچار کردووە لە وڵاتەکە هەڵبێن.

ئۆفیسی مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان وتی لە سەرەتای دەستپێکردنی داگیرکارییەکەی ڕووسیاوە لە ئۆکرانیا 5,024 هاوڵاتی مەدەنی کوژراون، ئاماژەشی بەوەدا ژمارە ڕاستەقینەکە لەوانەیە زۆر زیاتر بێت.

جەنگەکە بووەتە هۆی ئەوەی ئۆکرانیا نەتوانێت گەنمەکەی هەناردەی دەرەوە بکات، ئەوەش قەیرانی خۆراکی لە جیهاندا خراپتر کردووە. زیاتر لە 20 ملیۆن تەن گەنم لە سایلۆکانی بەندەری ئۆدێسای ئۆکرانیادا لە دەریای ڕەش گیری خواردووە.

وەزیری دەرەوەی تورکیا خولوسی ئاکار وتی شاندە سەربازییەکانی ئۆکرانیا و ڕووسیا و تورکیا ڕۆژی چوارشەممە لەگەڵ بەرپرسانی نەتەوە یەکگرتووەکاندا لە ئیستانبوڵ کۆدەبنەوە و تاوتوێی ڕێکەوتنێک دەکەن بۆ دووبارە هەناردەکردنەوەی گەنمی ئۆکرانیا بە پارێزراوی.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG