بەپێی وتەی بەڕێوەبەری گشتی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی، دکتۆر تێدرۆس ئەدهانۆم گێبرییسوس، زیاتر لە هەزار و 600 حاڵەتی تووشبوون بە ئاوڵەی مەیمون هەیە و نزیکەی هەزار و 500 حاڵەتی گومانلێکراویش لەمساڵدا لە حەوت وڵاتدا تۆمارکراون کە ساڵانێکە ئەو جۆرە ئاوڵەیەیان تێدا دۆزراوەتەوە، 32 وڵاتیش تازە ئەو نەخۆشیەیان تێدا دۆزراوەتەوە.
دکتۆر هانس هێنری پی کلوج بەڕێوەبەری هەرێمی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی لە ئەوروپا ڕایگەیاند " هێشتا ئەوروپا چەقی بڵاوبوونەوەی زیاتری نەخۆشیەکەیە بە ڕێژەی لە 85٪ لە کۆی ڕێژەی بڵاوبوونەوە لە ئاستی جیهاندا."
ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی هەفتەی داهاتوو کۆبوونەوەیەکی بەپەلە ڕادەگەیەنێت بۆ تاوتوێکردنی پەرەسەندنی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە و ئایا پێویستە ناوی نەخۆشییەکە بگۆڕدرێت یان نا.
گروپێک لە زاناکان لەم دواییانەدا لە بەیاننامەیەکدا لە ماڵپەڕی virological.com ڕایانگەیاند "لە چوارچێوەی بڵاوبوونەوەی ئێستای نەخۆشییەکە لە جیهاندا، بەردەوامی ئاماژەدان بە ڤایرۆسە و پۆلێن کردنی بەوەی کە نەخۆشییەکە ئافریکاییە، نەک هەر نادروستە بەڵکو جیاکاری و چەواشەکاریشە. دیارترین دەرکەوتنی ئەمە بەکارهێنانی وێنەی نەخۆشانی ئافریکایە بۆ وێناکردنی ئافاتی ئاوڵەی مەیموون لە میدیا سەرەکیەکانی باکوری گۆی زەوی."
لەم دواییانەدا، کۆمەڵەی ڕۆژنامەوانی بیانی و ئافریکایی بەیاننامەیەکیان بڵاوکردەوە و داوا لە میدیا جیهانییەکان دەکەن کە دەستبەرداری بەکارهێنانی وێنەی خەڵکی ئافریکا بببن بە مەبەستی تیشک خستنەسەر بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکە لە ئەوروپا."
ئاوڵەی مەیموونەکان، بەپێی وەسفێک لە ماڵپەڕی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی بڵاوکراوەتەوە "نەخۆشییەکی ئاژەڵییە؛ نەخۆشییەکە لە ئاژەڵەکانەوە دەگوازرێتەوە بۆ مرۆڤ."
بەپێی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی گواستنەوەی لە مرۆڤەوە بۆ مرۆڤ سنووردارە، بەڵام دەکرێت "لە ڕێگەی بەرکەوتن لەگەڵ شلەکانی جەستە، برین لەسەر پێست یان لەسەر ڕووی ناوەوەی لەش، وەک لە دەم یان قوڕگ، بەکارهێنانی پەمپی کۆئەندامی هەناسەدان و شتە پیسبووەکان بگوازرێتەوە."