Accessibility links

پسپۆڕانی نەخۆشییەکان داوا دەکەن نەخۆشی مێکوتەی مەیمون بە هەند وەربگیرێت


هەندێک لە پسپۆڕانی بە ناوبانگی نەخۆشییە درمەکان داوای گرتنەبەری هەنگاوی خێراتر دەکەن لەلایەن دەسەڵاتدارانی تەندروستی جیهانییەوە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی بڵاوبوونەوەی مێکوتەی مەیموون کە لە پەرەسەندندایە و لانیکەم لە 20 وڵاتی جیهاندا بڵاوبووەتەوە.

ئەوان باس لەوە دەکەن کە نابێت حکومەتەکان و ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی هەنگاوە هەڵەکانی پێشوەختەی پەتای کۆڤید-19 دووبارە بکەنەوە کە دۆزینەوەی حاڵەتەکانی دواخست، کە یارمەتی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکەی داوە.

لە کاتێکدا کە مێکوتەی مەیموون بە ڕادەی بڵاوبوونەوەی کۆڤید ناگوازرێتەوە یان مەترسیدار نییە، ئەم زانایانە دەڵێن، پێویستە ڕێنمایی ڕوونتر هەبێت لەسەر چۆنیەتی جیاکردنەوەی کەسێک کە تووشی مێکوتەی مەیموون بووە، پێویستە ئامۆژگاری ڕوونتر لەسەر چۆنیەتی پاراستنی ئەو کەسانەی کە مەترسییان لەسەرە بڵاوبکرێتەوە، هەروەها باشترکردنی پشکنین و شوێن پێ هەڵگرتنی بەرکەوتەی ڤایرۆسەکە.

ئیزابێل ئیکەرل، پرۆفیسۆر لە سەنتەری ژنێڤ بۆ نەخۆشییە ڤایرۆسییە سەرهەڵداوەکان لە سویسرا دەڵێت "ئەگەر ئەمە ببێتە پەتا لە وڵاتانی زیاتردا بڵاوببێتەوە ئەوا نەخۆشییەکی خراپتری دیکەمان دەبێت و دەبێت چەندین بڕیاری قورس بدەین لەو بارەیەوە."

بەرپرسێک بە ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاندووە کە ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی بیر لەوە دەکاتەوە کە ئایا پێویستە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە وەک حاڵەتێکی لە ناکاوی تەندروستی گشتی کە نیگەرانی نێودەوڵەتی بێت هەڵبسەنگێندرێت یان نا! بڕیارێکی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی کە بڵاوبوونەوەی حاڵەتێکی فریاگوزاری تەندروستی جیهانی دروست دەکات، وەک چۆن لەگەڵ کۆڤید یان ئیبۆلادا ڕوویدا، یارمەتیدەر دەبێت بۆ خێراکردنی توێژینەوە و دابیکردنی بودجە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی نەخۆشییەکە.

مایک ڕایان بەڕێوەبەری بەرنامەی فریاگوزاری تەندروستی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی لە پەراوێزی کۆبوونەوەی ساڵانەی ئاژانسەکە لە ژنێڤ ڕایگەیاند "هەمیشە لە ژێر لێکۆڵینەوەدایە، بەڵام تا ئێستا هیچ لیژنەیەکی فریاگوزاری نییە لە بارەی مێکوتەی مەیموونەوە."

بەڵام شارەزایان دەڵێن بە دوور نازانرێت ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی بەمزووانە بگاتە ئەنجامێکی لەو شێوەیە، چونکە مێکوتەی مەیموون مەترسییەکی ناسراوە کە جیهان ئامرازی هەیە بۆ بەرەنگاربوونەوەی. بەرپرسانی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی دەڵێن گفتوگۆکردن لەسەر پێکهێنانی لیژنەیەکی فریاگوزاری، ئەو دەزگایەی کە پێشنیاری ڕاگەیاندنی PHEIC دەکات، تەنها بەشێکە لە وەڵامی ڕۆتینی دەزگاکە.

ئێکرڵ داوای کرد ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی هانی وڵاتان بدات ڕێوشوێنی دابڕاندن بگرنەبەر بە شێوەیەکی هەماهەنگ تر و توندتر بیخەنە بواری جێبەجێکردنەوە تەنانەت بەبێ ڕاگەیاندنی باری نائاساییش. ئەو نیگەرانە لەوەی باس لە سووکبوونی ڤایرۆسەکە دەکرێت، هەروەها باس لە بەردەستبوونی ڤاکسین و چارەسەرەکان لە هەندێک وڵاتدا دەکرێت، ئەگەری زۆرە ئەمە ببێتە هۆی تەمبەڵی لەلایەن دەسەڵاتدارانی تەندروستی گشتییەوە."

بە هەمان شێوەی کۆڤید نییە

لەم مانگەدا زیاتر لە 300 حاڵەتی گومانلێکراو و پشتڕاستکراوی تووشبوون بە مێکوتەی مەیموون تۆمارکراون، کە بە زۆری نەخۆشییەکی سووکە و لە ڕێگەی بەرکەوتنی نزیکەوە بڵاودەبێتەوە، دەبێتە هۆی دەرکەوتنی نیشانەکانی هاوشێوەی ئەنفلۆنزا و پەڵەیەکی هەڵتۆقیوی جیاوازی سەر پێست.

زۆربەیان لە ئەوروپا بوون نەک لە وڵاتانی ناوەڕاست و ڕۆژئاوای ئەفریکا کە ڤایرۆسەکە تێیدا بڵاوبۆتەوە. لە ئێستادا هیچ حاڵەتێکی گیانلەدەستدان تۆمار نەکراوە.

بەڵام بەرپرسانی تەندروستی جیهانی نیگەرانی خۆیان دەربڕیوە لە پەرەسەندنی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لەو وڵاتانەی کە پەتاکە نەیگرتوونەتەوە. ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی ڕایگەیاندووە کە پێشبینی دەکەن لەگەڵ زیادبوونی چاودێریکردندا ژمارەکان بەرزببنەوە.

ئەنجێلا راسمۆسن پسپۆڕی ڤایرۆس لە زانکۆی ساسکاچوان لە کەنەدا، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر نووسیویەتی؛ مێکوتەی مەیموون جیاوازە لە نەخۆشی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ SARS-CoV-2، بەڵام "ئێمە هەندێک لە هەمان ئەو هەڵانە دووبارەدەکەینەوە سەبارەت بە وەڵامدانەوەی یەکلاکەرەوە بەهەمان ئەو شتانەی کە لەبەردەستدان."

سەرچاوە: ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG