Accessibility links

فەرەنسا سەرکۆنەی دەستبەسەرداگرتنی دوو تانکەری نەوتی یۆنان لە لایەن ئێرانەوە دەکات


وەزاره تی دەرەوەی فەرەنسا ڕۆژی یەكشەممە دەستبەسەرداگرتنی دوو كەشتی نەوتی یۆنانی له ئاوەكانی كەنداو له لایەن ئێرانەوه بە"پێشێلكارییەكی جددی یاسا نێودەوڵەتییەكان" ناوبرد و و داوای ئازادكردنی دەستبەجێی كەشتییەكان و ستافەکانی کرد.

سوپای پاسدارانی ئێران ڕۆژی هەینی دەستی بەسەر تانکەرە نەوتییەکانی یۆنان لە کەنداوی فارسدا گرت، ئەمەش چەند ڕۆژێک دوای ئەوەی ئەسینا پشتڕاستی کردەوە کە تانکەرێکی نەوتی ئێران ڕادەستی واشنتن کردووە.

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند "داوا لە ئێران دەکەین دەستبەجێ کەشتیەکان و ستافەکانی ئازاد بکات."

لە کۆتایی بەیاننامەکەدا هاتووە فەرەنسا پابەندبوونی خۆی بە یاسا و ڕیسا نێودەوڵەتییەکان سەبارەت بە پاراستنی ئازادی کەشتی و سەلامەتی دەریایی دووپاتدەکاتەوە، هەروەها داوا لە ئێران دەکات دەستبەجێ ئەو کارانەی کە پێچەوانەی یاسای نێودەوڵەتین ڕابگرێت.

ئێران ڕۆژی شەممە ڕایگەیاند دۆخی دوو کەشتییەکە و سەرنشینەکانی باشە و دەستبەسەر نین.

بەڵام یۆنان دەستبەسەرکردنی ئەو دوو کەشتییە لەلایەن تارانەوە وەک کردەوەیەکی دزی دەریایی ناو دەبات و شەرمەزاری کردووە، هۆشداریشی داوەتە هاووڵاتیانی وڵاتەکەی کە گەشت بۆ ئێران نەکەن.

سوپای پاسداران ڕایگەیاند بوو کە "بەهۆی پێشێلکارییەکانەوە" دەستیان بەسەر تانکەرەکاندا گرتووە، بێ ئەوەی وردەکاری زۆرتر لەو بارەیەوە بخاتە ڕوو.

یۆنان ئاماژەی بەوەشکردووە، یەکێک لە تانکەرەکان لە ئاوە نێودەوڵەتییەکاندا بووە و دووهەم کەشتیش لە نزیک کەناراوەکانی ئێران بووە کاتێک دەستیان بەسەردا گیراوە.

وەزارەتی دەرەوەی یۆنان بێ ئەوەی ئاماژە بە ژمارەی سەرنشینەکانی ئەو دوو کەشتیە بکات، ڕایگەیاند کە 9 کەس لە ستافی کەشتییەکان یۆنانین.

XS
SM
MD
LG