Accessibility links

میدیاکان: ئێران هەڕەشە دەکات دوای دەستبەسەرداگیرانی کەشتییەکی نەوتی ئێران لە یۆنان


بە پێی ڕاپۆرتی ڕۆژی هەینی کەناڵی نور نیوز، ئێران بڕیاری داوە "ڕێوشوێنی سزایی" دژی یۆنان بگرێتەبەر سەبارەت بە دەستبەسەرداگرتنی کەشتییەکی نەوت هەڵگری ئێرانی لە کەناراوەکانی یۆنان.

نور نیوز، کە نزیکە لە دەزگایەکی باڵای ئاسایشی دەوڵەتی ئێران، باسی لەوە نەکردووە ئێران چ جۆرە کردەوەیەک دژی وڵاتە ئەروپییەکە ئەنجامدەات.

وەزارەتی دەرەوەی ئێران، لە بەیاننامەیەکدا کە لە میدیاکانی ئێرانەوە بڵاوکراوەتەوە دەڵێت، ڕۆژی هەینی ئێران نوێنەری سویسرای بانگهێشت کرد کە نوێنەرایەتی بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا لە تاران دەکات تا ناڕەزایەتی دەربڕێت بەرامبەر بە دەستبەسەرداگرتنی نەوتی ئێران لەلایەن ئەمەریکاوە لە کەشتییەکدا کە ستافەکەی ڕووسی بوون بەڵام ئاڵای ئێرانی پێوەبوو.

سەرچاوەیەک لە وەزارەتی کەشتیوانی یۆنان ڕۆژی پێنجشەممە ڕایگەیاند کە وەزارەتی دادی ئەمەریکا "یۆنانی ئاگادار کردووەتەوە کە باری سەر کەشتییەکە نەوتی ئێرانە."

سەرچاوەکە گوتیشی، "بارەکە گواستراوەتەوە بۆ کەشتییەکی دیکە کە لەلایەن ئەمەریکاوە بەکرێ گیراوە،" بەبێ ئەوەی وردەکاری زیاتر بخاتەڕوو.

ئەم پەرەسەندنە دوای ئەوە دێت کە ڕۆژی چوارشەممە ئەمەریکا ڕایگەیاند سزای بەسەر تۆڕێکدا سەپاندووە کە ڕووسیا پاڵپشتی کردووە و کاریان قاچاخچێتی نەوت و سپیکردنەوەی پارە بووە بۆ بۆ سوپای قودسی سەر بە پاسدارانی ئێران. ئەمە لە کاتێکدایە واشنتۆن هەوڵی زیندووکردنەوەی ڕێککەوتنی ناوکی لەگەڵ ئێران دەدات.

بەرپرسانی ئەمەریکا و ڕووسیا دەستبەجێ ئامادەنەبوون لەوبارەیەوە لێدوان بدەن.

دەستبەسەرداگرتنەکە لەلایەن سەرچاوەیەکی جیاوازی ڕۆژئاوایی ئاگادار لەم بابەتە پشتڕاستکراوەتەوە و ئاماژەی بەوەشکردووە، بارەکە گواستراوەتەوە بۆ سەر تانکەری ئایس ئینێرجی کە ئاڵای لایبیریای لەسەرە و لەلایەن کۆمپانیای کەشتیوانی یۆنانی دایناکۆمەوە بەڕێوەدەبرێت.

سەرچاوە: ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG