Accessibility links

ئەمەریکا دەست بەسەر بارێک نەوتی ئێراندا دەگرێت


سێ سەرچاوەی ئاگادار رایانگەیاند ئەمەریکا دەستی بەسەر بارێکی نەوتی ئێرانیدا گرتووە کە لەناو کەشتییەکی نزیکی یۆناندا بووە، کە لەلایەن رووسیاوە بەڕێوەدەبرێت، و بڕیارە بارەکە بە کەشتییەکی دیکە ڕەوانەی ئەمەریکا بکات.

دەسەڵاتدارانی یۆنان مانگی رابردوو رایانگەیاند لە لە نزیک کەناراوەکانی دوورگەی ئێڤیای باشووری وڵاتەکەیان دەستیان بەسەر کەشتییەک بەناوی "پێگاس"دا گرت کە ئاڵای ئێرانی لەسەربووە و 19 کەسی رووسی تێدابووە. هۆکاری دەستبەسەرکردنەکەیان بۆ سزاکانی یەکێتی ئەوروپا گەڕاندووە.

دواتر بەهۆی ناڕوونییەوە سەبارەت بە سزاکان کەشتییەکە ئازادکرا.


ئەو تانکەرە لە یەکی مانگی سێوە ناوی بۆ "لانە" گۆڕدراوە و لە ١ی پێنجەوە ئاڵای ئێرانی پێوەیە. لەو کاتەوە تا ئێستا لە نزیک ئاوەکانی یۆنان ماوەتەوە. پێشتر ئاڵای ڕووسیای لەسەر بوو.

سەرچاوەیەک لە وەزارەتی کەشتیوانی یۆنان ڕۆژی پێنجشەممە ڕایگەیاند کە وەزارەتی دادی ئەمەریکا "یۆنانی ئاگادار کردووەتەوە کە باری سەر کەشتییەکە نەوتی ئێرانە".

سەرچاوەکە گوتیشی، "بارەکە گواستراوەتەوە بۆ کەشتییەکی دیکە کە لەلایەن ئەمەریکاوە بەکرێ گیراوە،" بەبێ ئەوەی وردەکاری زیاتر بخاتەڕوو.

ئەم پەرەسەندنە دوای ئەوە دێت کە ڕۆژی چوارشەممە ئەمەریکا رایگەیاند سزای بەسەر تۆڕێکدا سەپاندووە کە رووسیا پاڵپشتی کردووە و کاریان قاچاخچێتی نەوت و سپیکردنەوەی پارە بووە بۆ هێزی قودسی سەر بە پاسدارانی ئێران. ئەمە لەکاتێکدایە واشنتۆن هەوڵی زیندووکردنەوەی ڕێککەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران دەدات.

بەرپرسانی ئەمەریکا و ڕووسیا دەستبەجێ ئامادەنەبوون لەوبارەیەوە لێدوان بدەن.

دەستبەسەرداگرتنەکە لەلایەن سەرچاوەیەکی جیاوازی ڕۆژئاوایی ئاگادار لەم بابەتە پشتڕاستکراوەتەوە و ئاماژەی بەوەشکردووە، بارەکە گواستراوەتەوە بۆ سەر تانکەری ئایس ئینێرجی کە ئاڵای لایبیریای لەسەرە و لەلایەن کۆمپانیای کەشتیوانی یۆنانی دایناکۆمەوە بەڕێوەدەبرێت.

سەرچاوە: ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG