Accessibility links

سیناتۆرێکی ئەمەریکی پاکێجی هاوکاری 40 ملیار دۆلارەکەی بۆ ئۆکرانیا دواخست


سیناتۆری ئەمەریکی ڕاند پاوڵ ڕۆژی پێنجشەممە ڕێگری لە دەنگدان لەسەر پاکێجی یارمەتی ٤٠ ملیار دۆلاری بۆ ئۆکرانیا کرد، ئەمەش هەوڵەکانی ئەمەریکای خاوکردەوە بۆئەوەی بە خێرایی یارمەتی زیاتر ڕەوانەی ئۆکرانیا بکەن لە کاتێکدا ئەو وڵاتە ڕووبەڕووی لەشکرکێشیەکانی ڕووسیا دەبێتەوە.

پۆڵ ڕایگەیاند "ئێمە ناتوانین ئۆکرانیا ڕزگار بکەین بە وێرانکردنی ئابووری ئەمەریکا."

دەنگدانەکەی ئەنجومەنی سینات کۆدەنگییەک بوو بۆ خێراکردنی گەیاندنی یارمەتییەکان بە ئۆکرانیا.

بەڵام ئەم هەنگاوەی پۆڵ دەنگدانەکەی بۆ هەفتەیەکی دیکە دواخست، لە کاتێکدا واچاوەڕوان دەکرا ئەنجومەنی سینات پڕۆژە یاساکە پەسەند بکات.

ئۆکرانیا رایگەیاند، دانوستانەکان بۆ ئازادکردنی 38 سەربازی گەمارۆدراو لە کارگەی پۆڵای ئازۆڤستاڵ لە ماریۆپۆڵ بەردەوامە لە بەرامبەر ئاڵوگۆڕکردنی بەندکراوانی ڕووسی.

ئیرینا ڤێرێشوک جێگری سەرۆک وەزیرانی ئۆکرانیا لە پۆستێکیدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک دانوستانەکانی بە "زۆر سەخت" ناودێر کردووە.

ئاماژەشی بەوە کردووە کە لێدوانەکانی "هەندێک لە سیاسەتمەداران و ڕۆژنامەنووسان و کەسایەتییەکان"، سەبارەت بە گفتوگۆکان زیانی لە پرۆسەی دانوستانەکانی داوە و داوای کردووە خەڵک خۆیان بەدوور بگرن "لە لێدوانی گشتی لەسەر ئەو شتانەی کە ئێوە نایزانن." سەرۆکی فینلاند ساولی نینیستۆ و سەرۆک وەزیران سانا مارین ڕۆژی پێنجشەممە ڕەزامەندی خۆیان دەربڕی بۆ پەیوەستبوون بە ناتۆوە، هەنگاوێک کە گۆڕانکارییەکی گەورەی سیاسەت بۆ ئەو وڵاتە دروستدەکات وەک وەڵامێک بۆ لەشکرکێشی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا.

XS
SM
MD
LG