حکومەتی ئەمەریکا دەڵێت هەنگاو دەنێت بۆ زیادکردنی فشارەکان لەسەر حکومەتی تاڵیبانی ئەفغانستان بۆ هەڵوەشاندنەوەی هەندێک لە بڕیارەکانی ئەم دواییەی گروپەکە سەبارەت بە سنوردارکردنی مافەکانی ژنان.
نێد پرایس، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا، ڕۆژی دووشەممە گوتی، "ئێمە ڕاستەوخۆ لەگەڵ تاڵیبان قسەمان لەسەر ئەو پرسە کردووە. کۆمەڵێک ئامرازمان هەیە کە دەیانگرینەبەر ئەگەر هەست بکەین ئەو کۆت و بەندانە هەڵنەوەشێننەوە."
پرایس وردەکاری ئەو ئامرازانەی ئەمەریکای نەخستەڕوو و ئامادە نەبوو باسی ئەوە بکات کە چۆن تاڵیبان لە ئێستادا ئامادەیە گۆڕانکاری لە سیاسەتی خۆیدا بکات، لە کاتێکدا کە هەنگاوەکانی پێشوتری بە ئاراستەی سنوردارکردنی دەستکەوتی 20 ساڵەی مافەکانی ژنان بووە لە ئەفغانستان.
تاڵیبان ڕۆژی شەممە فەرمانی بە ژنان کرد کە ڕوخساریان لە شوێنە گشتییەکاندا داپۆشن. ئەم بڕیارە تووڕەیی خەڵکی لەسەر ئاستی ناوخۆ و دەرەوەی ئەفغانستان لێکەوتووەتەوە و بە گەڕانەوە دادەنرێت بۆ سیاسەتی توندی ڕابردووی گروپەکە بەرامبەر بە مافەکانی ژنان.
کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی خوێندنی کچانی وەک مەرجێکی سەرەکی داناوە بۆ هەر جۆرە دانپێدانانێک بە بەڕێوەبەرایەتی تاڵیبان لە داهاتوودا. بەڵام سەرەڕای ئەوەش تاڵیبان کچان و ژنانیان لە کارکردن و گەشتکردنیان بە تەنیا سنوردارکردووە، مەگەر کەسێکی نزیکی نێرینەی لەگەڵدا بێت. لەهەمان کاتدا، خوێندن بۆ کچان لە قوناغەکانی حەوت بە دواوە قەدەغە کراوە.
پرایس گوتی" ئێمە لە نزیکەوە ڕاوێژمان لەگەڵ هاوپەیمانان و هاوبەشەکانمان کردووە. هەندێک ڕێکار هەیە بۆ فشار خستنەسەر تاڵیبان بۆ پاشگەزکردنەوەیان لە هەندێک لەو بڕیارانە، ئێمە بەردەوام دەبین لەوەی وابکەین تاڵیبان هەندێک لە بەڵێنەکانی جێبەجێ بکات."
بەڕێوەبەرایەتی بایدن ڕایگەیاندوە کە یەکێک لە ئامرازە سەرەکیەکانی بۆ فشارخستنە سەر تاڵیبان بریتییە لە ئازادکردنی نیوەی ئەو 7بلیۆن دۆلارە لە سەرمایەی بانکی ناوەندی ئەفغانستان کە لە لایەن ئەمریکاوە سڕ کراوە.
تۆم وێست نوێنەری تایبەتی ئەمەریکا بۆ ئەفغانستان لە زنجیرە تویتێکدا نیگەرانییەکی قوڵی لە بڕیارەکەی ڕۆژی شەممەی تاڵیبان دەربڕی، هەروەها لیندا تۆماس گرینفیڵد باڵیۆزی ئەمەریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان گوتی ئەمە هەنگاوێکی نادادپەروەرانەیە.
سەرچاوە: ڕۆیتەرز