Accessibility links

تاڵیبان دەڵێت ژنان چیتر مۆڵەتی شۆفێری وەرناگرن


بەرپرسانی هاتووچۆی پارێزگای هیراتی ئەفغانستان دەڵێن تاڵیبان داوای لێکردوون کە چیتر مۆڵەتی شوفێری دەرنەکەن بۆ ژنان.

ئەو بەرپرسانە بە ئاژانسی هەواڵی فرانس پرێسیان ڕاگەیاندووە کە تاڵیبان بەم داوایە دەیەوێت سنورەکانی ئازادی ژنان لە ئەفغانستان بەرتەسکتر بکاتەوە.

جان ئاغا ئەچکزای، بەرپرسی پەیمانگای بەڕێوەبردنی هاتووچۆی هیرات، بە ئاژانسی هەواڵی فرانس پرێسی گوت "ئێمە بە دەم پێمان گوتراوە کە دەرکردنی مۆڵەتی شۆفێری بۆ ژنان بوەستێنین. بەڵام داوامان لێنەکراوە کە ڕێگر بین لەوەی ژنان لە شارەکە شۆفێری بکەن."

عەدیلە عەدیل، ڕاهێنەرێکی شۆفێری ژن لە هیرات، ئاماژەی بەوە کرد کە تاڵیبان مەبەستیەتی ئافرەتانی داهاتووی ئەفغانستان هەمان هەلی ژیانیان نەبێت کە دایکانیان لەم چەند ساڵەی ڕابردوو بەدەستیان هێناوە. ئەو ڕایگەیاند، "پێمان گوترا کە خولی فێربوونی شوفێری وەرنەگرین و مۆڵەتی شۆفێری دەرنەکەین."

هیرات بە پارێزگایەکی کراوە دادەنرێت بەراورد بە ناوچەکانی تری ئەفغانستان. سەرچاوەکان ئاماژە بەوە دەدەن لە زۆر ناوچەی ئەفغانستان ژنان ناتوانن شۆفێری بکەن و لە هەندێک شوێن تەنانەت ناتوانن لە ماڵ بچنە دەرەوە ئەگەر پیاوێکی خێزانەکەیان لەگەڵ نەبێت.

XS
SM
MD
LG