Accessibility links

خانمانی ئەفغانی دەڵێن فەرمانەکەی تاڵیبان بۆ دانانی پەچە مانای بەندکردنی ژنانە لە نێو ماڵەکانیاندا


ژنان لە ئەفغانستان نیگەرانی خۆیان لە مەڕ ئەو فەرمانەی تاڵیبان دەربڕی و بەرهەڵستی دەکەن، دوای ئەوەی تاڵیبان فەرمانی بە ژنان کرد لە شوێنە گشتییەکاندا پەچە دابنێن و لە نێو ماڵەکانیاندا بمێننەوە و بەبێ کەسی نزیکی نێرینە نەچنە دەرەوە.

سەبارەت بەم فرمانەی تاڵیبان ژنان دەڵێن ئەم فرمانەی تاڵیبان واتای بەندکردنی ژنانە لە نێو ماڵەکانیاندا.

خانمە چالاکوان تەهمینە تەهام کە فەرمانبەری پێشوو بووە و لە ئێستادا کارەکەی لەدەستداوە بە ئاژانسی هەواڵی فرانس پرێسی گوت "من لە ماڵەوە بەندکراوم و ناتوانم بە ئازادی بژیم، هەموو ژیانی کۆمەڵایەتیم لەلایەن تاڵیبانەوە کۆنترۆڵکراوە ." گوتیشی جگە لەوەی من خانمێکم هاوکات هەموو ئازادییەکانم وەک مرۆڤێکیش لێ زەوت کراون.

سەرۆکی باڵای تاڵیبان هیبەتوڵڵا ئاخونزادە فرمانەکەی پەسەندکرد، لە کاتێکدا هەنگاو بەرەو پاشەکشێکردن بە ئازادی و حکومی توندئامێز دەکات. زیادکردنی ئەم فەرمانە بۆ ڕووپۆشی تەواوی دەموچاوی خانمان کە ناسراوە بە بورقە لە ساڵی 1996 تا2001 وەک هێمایەکی جیهانی گروپی توندڕەوی پێشووی تاڵیبان بوو.

هاوکات ئەم فرمانە نوێیەی تاڵیبانی ئەفغانی بۆ ژنان دژی ئەو بەڵێنانەشە کە تاڵیبان بە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دابوونی، کە گوتبوویان حوکمڕانییەکی نەرمتر بۆ ئەفغانستان پەیڕەودەکەن دوای ئەوەی تاڵیبان لە مانگی 8 ی ساڵی 2021 دا دەسەڵاتیان لە ئەفغانستان گرتەوە دەست.

کاتێک تاڵیبان خوێندنگا ئامادەییەکانی کچانیان داخست کە بڕیار بوو بکرێنەوە، کۆمەڵگای نێودەوڵەتی نیگەران کرد و وای لە ئەمەریکا کرد کە کۆبوونەوە پلان بۆ داڕێژراوەکان هەڵبوەشێنێتەوە بۆ کەمکردنەوەی قەیرانی دارایی وڵات.

واشنتن و وڵاتانی دیکە یارمەتی پەرەپێدانیان بۆ ئەو وڵاتە وەستاندووە و سزای توندیان بەسەر سیستەمی بانکیدا سەپاندووە، کە لەو کاتەوەی تاڵیبان دەسەڵاتی لە ئەفغانستان گرتەوە دەست ئەو وڵاتەی بەرەو داڕمانی ئابووری بردووە.

سەرچاوە: فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG