Accessibility links

سەربازێکی پێشووی ئەمەریکا لە ئۆکرانیا کوژرا


یەکەمین هاوڵاتی ئەمەریکی لە ئۆکرانیا کوژرا، لە کاتێکدا شان بەشانی هێزەکانی ئۆکرانیا دژی هێزەکانی ڕووسیا دەجەنگا. بەپێی لێدوانی کەسوکارەکەی بۆ ئاژانسەکانی ڕاگەیاندن، کوژراوەکە سەربازێکی مارێنزی پێشووی هێزی دەریاوانی ئەمەریکا بوو.

ڕێبێکا کەبرێرا بە کەناڵی CNN ی ڕاگەیاند کە ویلی جۆزێف کانسڵی کوڕی، کە تەمەنی 22 ساڵ بووە، لە ڕۆژی دووشەممە لە کاتی کارکردن بۆ بەڵێندەرێکی سەربازی کە ناردبوویان بۆ ئۆکرانیا کوژرا.

کەبرێرا گوتیشی کوڕەکەی وەک ئەفسەری کاروباری چاکسازی لە ویلایەتی تێنەسی کاری کردووە و ناوی خۆی تۆمارکردووە بۆ کارکردن لەگەڵ بەڵێندەرێکی سەربازی تایبەتدا پێش دەستپێکردنی شەڕ لە ئۆکرانیا لە کۆتایی مانگی دووی ئەمساڵ دا. گوتیشی کە کوڕەکەی بە ویستی خۆی بۆ ئۆکرانیا ڕۆیشتووە.

کەبرێرا گوتی، "ئەو دەیویست بڕوات چونکە باوەڕی بەوە هەبوو کە ئۆکرانیا لە پێناویدا دەجەنگێت و دەیویست بەشێک بێت لەوان و بیگرنە خۆیان. بۆیە نەهات بۆ ئێرە، ڕەنگە سەربازە ئەمەریکییەکانی ئێمە ناچارنەبن بەشداری لەو شەڕەدا بکەن."

کەبرێرا گوتیشی تەرمی کوڕەکەی نەدۆزراوەتەوە.

ئاماژەشی بەوە کرد کوڕەکەی لە 12 ی مانگی 3 دا گەشتی کردوە بۆ پۆڵەندا و پاش ماوەیەکی کەم چووەتە ناو ئۆکرانیاوە. بەشێک بوو لە تیمێکی شەڕکەر کە هاوڵاتی وڵاتانی دیکەشی تێدابوو.

ئەمەریکا ئەو ڕاپۆرتانەی پشتڕاست نەکردۆتەوە، وەزارەتی دەرەوە ڕۆژی هەینی ڕایگەیاند کە ئاگاداری ڕاپۆرتەکان بووە و "لە نزیکەوە چاودێری دۆخەکە دەکات لەبەر ڕەچاوکردنی تایبەتمەندیەکانی دۆخەکە، ئێمە هیچ سەرنجێکی ترمان نیە. دووپاتی دەکەینەوە کە نابێت هاوڵاتیانی ئەمەریکا گەشت بکەن بۆ ئۆکرانیا بەهۆی ئەو شەڕە چەکداریەوە و هاوکات دوورخستنەوەی هاوڵاتیانی ئەمەریکا لە ئۆکرانیا لەلایەن بەرپرسانی ئاسایشی حکومەتی ڕوسیاوە و هاوڵاتیانی ئەمەریکاش دەبێت دەستبەجێ ئۆکرانیا بەجێبهێڵن لە ڕێی بژاردەی گواستنەوەی گشتی و یان هەرشێوەیەکی دیکەی گواستنەوەی وشکانی بەردەست ئەگەر سەلامەت بێت."

بریتنی کانسڵ، ژنی سەربازە کوژراوەکە، بە کەناڵی فۆکس نیوزی ڕاگەیاند کە مێردەکەی کوڕێکی لەپاش خۆی بەجێهێشتووە و مێردەکەی بە پاڵەوان دەزانێت.

ئەو گوتیشی مێردەکەی خۆبەخشانە چوو بۆ ئۆکراینا، بەڵام هیواخوازیش بووە ببێت بە ئەفسەری پۆلیس یان ئاگرکوژێنەوە.

ئەو بە کەناڵە ئەمەریکییەکەی ڕاگەیند کە "خەون و ئاواتی هەبوو ببێت بە ئەفسەری پۆلیس یان پەیوەندی بە تیمەکانی ئاگرکوژینەوەوە بکات" "بە دڵنیاییەوە کاتێک زانی کە چی ڕوودەدات لە ئۆکرانیا زۆر بە پەرۆش بوو خۆبەخشانە بڕوات بۆ ئەوێ."

XS
SM
MD
LG